کوردستانی
ئۆتۆمبێلێک بە چەند سەرنشینێکەوە سووتا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی ملەکەوە – پێنجوێن ئۆتۆمبێلێک لە جۆری قەمەرە بە چەند سەرنشینێکەوە سووتا و بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز رایدەگەیەنێت کە بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەو رووداوە روویدابێت.
ئەمڕۆ هەینی 11ی ئابی 2023 هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز بە مەودا میدیای راگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی ملەکەوە پێنجوێن، سنووری ناحیەی ناڵپارێز ئۆتۆمبێلێک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێکراوە و سەرجەم سەرنشینەکانی ناو ئۆتۆمبێلەکە سووتاون و گیانیان لەدەستداوە".
باسی لەوەشکردووە "لە بۆردوومانەکەدا سێ کەسی ناو ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستداوە دەستبەجێ و ئۆتۆمبێلەکەش بە تەواوەتی سووتاوە، تیمەکانی ئاگر کوژێنەرەوەش لەئێستادا ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە".
وتوشیەتی "ئۆتۆمبێلەکە جۆری قەمەرەیە و ناسنامەی هیچ کام لەو سێ کەسەی کە سووتاون دیار نییە کە کێن، بەهۆی سووتانیانەوە نەشتوانراوە رەگەزی کەسەکان دیاریبکرێت ".
مەودا میدیا ئەوەشی زانیەوە کە لە سنووری ناحیەی ناڵپارێز رووداوەکە روویداوە و بە دیاریکراویش ئەو شوێنە ناوی بنەی نەڵمەیە لەسەر رێگەی ناڵپارێز پێنجوێن.
بیروڕا


