کوردستانی

حاڵەتەکانی کوشتن لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەمی کردووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


حاڵەتەکانی کوشتن لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەمی کردووە
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیدارەی سۆران رایدەگەیەنێت دوای بڕیاری تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت، رێژەی کوشتن بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، بەوهۆیەی توندترین سزا بۆ ئەو کەسانە دانراوە کە چەکی بێ مۆڵەت هەڵدەگرن.
 
شەماڵ دێواری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیدارەی سۆران بە مەودا میدیای راگەیاند "دوای بڕیاری تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت زیاتر لە 17 هەزار چەک لە هەرێم تۆمارکرا و بەهۆیەوە بەتایبەت لە ئیدارەی سۆران رێژەی کوشتن و بەکارهێنانی چەک زۆر کەمبووەتەوە".
 
باسی لەوەشکردووە "بەهۆی ئەو سزا قورسانەی بۆ هەڵگرانی چەکی بێ مۆڵەت دانراون، هاوڵاتییان چەکەکانیان تۆمار کردووە، بەوهۆیەی سزاکە بریتییە لە ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەندکردن و پێبژاردن بە بڕی دوو ملیۆن تاوەکو پێنج ملیۆن دینار".
 
ئەوەشی خستووەتەڕوو "ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستاش چەکەکانیان تۆمار نەکردووە و بەرواری چەک تۆمارکردن کۆتایی هاتووە، حکومەتی رێگەی بەو هاوڵاتییانە داوە کە کاتیان نەبووە یاخود نەیانزانیوە بێن و لە دوای تەواو بوونی ئەم وادەیەش کە رۆژی 22ی تەموزی ئەمساڵ بوو، ماوەی دوو مانگ وەک مۆڵەتە و دەتوانن لەو ماوەیەدا بڕۆن و تۆماری بکەن".
 
وتەبێژی پۆلیسی سۆران وتوشیەتی "ئەتوانن چەکەکان لە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆ لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان تۆماربکەن لەماوەی ئەم 60 رۆژەدا".
 
شەماڵ دێواری جەختیشی کردەوە "هاوڵاتی دەتوانێت یەک جۆر مۆڵەت دەربکات، ئەوانیش (دەستداریی چەک یان مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکە)، بۆ مۆڵەتی دەستداریی چەک کە ماوەکەی دوو ساڵە هاوڵاتییەکە نابێت چەکەکە هەڵبگرێت لەگەڵ خۆیدا، دەشتوانێت بۆ چەکی جۆری کڵاشینکۆف یاخود دەمانچە یاخود هەردووکیان ئەم مۆڵەتە دەربکات".
 
ئاشکرایشی کردووە "دەتوانیت مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکیش دەربکەیت بۆ چەکی جۆری کڵاشینکۆف و دەمانچە کە ماوەی ئەمیان یەک ساڵە و دوای ساڵەکە دەکرێت نوێی بکەیتەوە دووبارە".
Qaiwan
Qaiwan