کوردستانی

رێكخراوێكی ئەمەریكی: توركیا لە هەرێم هاوڵاتییانی مەدەنی دەكاتە قوربانی

مەودا میدیا - سلێمانی |


رێكخراوێكی ئەمەریكی: توركیا لە هەرێم هاوڵاتییانی مەدەنی دەكاتە قوربانی
مەودا میدیا-

رێكخراوێكی سەر بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رایدەگەیەنێت، بۆردوومانەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاوڵاتییانی مەدەنی، هاوكات ژمارەی بنكە و بارەگاكانی ئەنقەرە لە هەرێم ئاشكرادەكات.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی لە رێکخراوی بنیادنەرانی ئاشتی (سی پی تی)ی ئەمەریکی رایگەیاند، لەمساڵدا 82 ناوچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی تورکیاوە بۆردوومانکراون، لە ئەنجامدا هەشت هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و سێی دیکەش برینداربوون.

ئەو ئەندامەی رێكخراوە ئەمەریكییەكە باسی لەوەشكردووە، لەو هەشت کەسەی کوژراون، چواریان لە پارێزگای دهۆک و چواریان لە سلێمانی بوون، دوو لە بریندارەكان لە پارێزگای دهۆک و ئەوەی دیكەش لە پارێزگای سلێمانی بووە.

بەپێى ئامارەکانی رێكخراوی سی پی تی، لە ساڵی 2015ـەوە هەتا ئێستا 147 هاوڵاتی مەدەنى لە هەرێمی كوردستان بە هێرش و پەلامارەكانی توركیا کوژراون و 219 هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.

هاوکات 158 گوندی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بەتەواوی چۆڵکراون و زیاتر لە 600 گوند لەژێر مەترسیی چۆڵکردندان چونكە ژمارەی دانیشتوانیان زۆر کەمبووەتەوە.


ئەوەش ئاشكرا كراوە، تورکیا لەئێستادا 64  بنکە و ناوەندی سەربازیی لە هەرێم هەیە و بە دیاریكراوی لە سنووری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆكن، کە 55یان بارەگا و نۆیان بنکەی سەربازین.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan