کوردستانی

مەرجەكانی توركیا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەرجەكانی توركیا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكرێت
مەودا میدیا-

چەندین مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا راگیراوە، گفتوگۆكانی نێوان عیراق و ئەنقەرەش نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێك سەبارەت بەو پرسە، شارەزایەكی ئابووری لەوبارەیەوە مەرجەكانی توركیای بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم ئاشكراكردووە.

نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابووریی و مامۆستای زانكۆ لە عیراق ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئاب-2023 رایگەیاند، ئەنقەرە شەش مەرجی هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا.

بەپێی بڵاوكراوەكەی مەرسومی، یەکێک لە مەرجەکانی تورکیا راگرتنی رێککەوتنی نێوان عیراق ئێران و ئێرانە بۆ ئاڵوگۆڕی نەوتی عیراق و گازی ئێران، چونكە تورکیا گرێبەستی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە بۆ ماوەی 50 ساڵ.

دووەمین مەرج، قەرەبووکردنەوەی ماوەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانە، هاوكات ئەنقەرە دەڵێت دەبێت بەغدا سکاڵای دووەمی بکشێنێتەوە لە دادگای نێودەوڵەتی بۆ قەرەبووکردنەوەی عیراق لەلایەن تورکیاوە لەبری هەناردەی نەوتی هەرێم لەنێوان ساڵانی 2018 بۆ 2022.

مەرجی چوارەمی توركیا بەپێی وتەی مەرسومی، داشکاندنی نرخی نەوت بۆ تورکیا بە بڕی 13 دۆلارە لەسەر نرخی هەر بەرمیلێک کە لە هەرێمەوە هەناردەدەکرێت.

لەلایەكی دیكەوە توركیا دەیەوێت پارەی گواستنەوە بە کۆمپانیای بۆتاشی تورکی بدرێت، بە بڕی حەوت دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی خاو کە لە رێگەی بەندەری جیهانی تورکیاوە هەناردەدەکرێت.

ئەو پسپۆڕەی بواری ئابووری ئاماژە بەوەشدەكان، مەرجی شەشەم و كۆتایی ئەنقەرە ئەوەیە "دەبێت عیراق تێچووی نۆژەنکردنەوەی بۆری عیراق-تورکیا لەئەستۆبگرێت.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan