کوردستانی
وەزارەتی دارایی هەرێم: حکومەتی عیراق پێیان وتووین دەروازە سنوورییەکانتان لەوانەی ئێمە شەفافترە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت حکومەتی عیراق پێویستە بەشە بودجەی هەرێم وەک خۆی بنێرێت بۆمان، بەوهۆیەی یاسای بودجە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی ئابی 2023 هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم بە مەودا میدیای راگەیاند "هەموو پابەندییەکانی خۆمان وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی یاسای بودجەوە جێبەجێکردووە و هیوادارین بەغدا پابەند بێت بە یاساکەوە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بنێرێت بۆمان".
باسی لەوەشکردووە "دەنگۆی وەرنەگرتنی گومرگ لە دەروازەی سنووری پەروێزخان دوورە لە راستییەوە و لیژنەی داراییش سەردانی ئەو دەروازەیەیان کردووە و رازیبوونی خۆیانیان لە کارەکان دەربڕیوە".
جەختیشی کردووەتەوە "بەڕاشکاوی بەرپرسانی حکومەتی عیراق پێیان وتووین کە دەروازە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان زۆر لەوانەی عیراق شەفافترن".
هونەر جەمال روونیشی کردووەتەوە "هەموو دەروازە سنوورییەکانی هەرێم بە یەک شێواز و سیستم کاردەکەن و سەرجەم کۆمپانیاکانی کە لە دەروازە سنوورییەکاندا کار دەکەن خاوەنی گرێبەستی فەرمین".
وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم وتوشیەتی "ناکرێت و نابێت مووچە و قووتی هاوڵاتییان بکەوێتە مەترسییەوە و پێویستیشە بە بابەتی سیاسییەوە نەبەسترێتەوە".
بیروڕا


