کوردستانی

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان و سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە سەردانی وەبەرهێنەر و سەرمایەداری نیشتمانیی مەریوانی حاجی جەمالیان کرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان و سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە سەردانی وەبەرهێنەر و سەرمایەداری نیشتمانیی مەریوانی حاجی جەمالیان کرد
ئەمڕۆ شەممە بەرواری 2023/9/8 ئەندازیار زانیار حەمەنوری بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەڵەبجە بە یاوەری ئەندازیار سەلام بیلال سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە سەردانی وەبەرهێنەر و سەرمایەداری نیشتیمانیی مەریوانی حاجی جەمالیان کرد و بە گەرمی پێشوازیان لێکرا.

 دواتر کۆبوونەوەیەکی گرنگیان ئەنجامدا لەسەر میکانیزمەکانی بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای هەڵەبجە بەگشتی و بەتایبەت پڕۆژەکانی وەبەرهێنان کە لەئێستادا داینەمۆی بووژانەوە و بەرەو پێشچونی شارەکانن، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە لەداهاتودا بەهەماهەنگی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی هەڵەبجە و سەرۆکایەتیی شارەوانی هەڵەبجە پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان لەلایەن مەریوانی حاجی جەمال بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەئێستادا لەقۆناغی تەرخانکردن و دابینکردنی زەویداین بۆ پڕۆژەکە.

 لە کۆتاییدا لەلایەن بەڕێز زانیار حەمەنوری خەڵاتی رێزلێنانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنان پێشکەش بە مەریوانی حاجی جەمال کرا لەپای ئەو هاوکاری و یارمەتییانەی کە لە رابردوو و لە ئێستادا بەردەوام هەیبووە بۆ هاوڵاتییان و چینی کەم دەرامەتان لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە.

ئامانج لەسەردانەکە بۆلای مەریوانی حاجی جەمال بەمەبەستی بانگهێشتکردنیانە بۆ پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی جۆراوجۆر و بەتایبەتیش پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە سێکتەرە جیاوازەکاندا.
Qaiwan
Qaiwan