کوردستانی
ئاگرە گەورەکەی سورداش کۆنترۆڵکرا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
دوای ئەوەی دوێنێ ئاگرێکی گەورە ناحیەی سورداشی سەر بە قەزای دوکانی سلێمانی گرتەوە و رووبەرێکی فراوان پوش و پاوانی ناوچەکەی سووتاند، توانرا لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵبکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 19ی ئابی 2023 ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "دوای ئەوەی پاش نیوەڕۆی دوێنێ هەینی رووداوێکی گەورەی ئاگرکەوتنەوە لە ناحیەی سورداشی سەر بە قەزای دوکان کەوتەوە و بەهۆیەوە رووبەرێکی فراوانی پوش و پاوان و باخی هاوڵاتییانی سووتاند، دوای 12 کاتژمێر تواندرا کۆنترۆڵ بکرێت".
باسی لەوەشکردووە "سەبارەت بەو رووبەرەی بەهۆی ئاگرەکەوە سووتاوە بە دیاریکراوی دیار نییە و بۆ ئەو مەبەستە تیمێکمان لە شوێنی رووداوەکەن تاوەکو بە دیاریکراوی رێژەی زیانەکان دیاریبکەن".
مەودا میدیا ئەوەشی زانیوە کە ئاگرەکە لە هەریەکە لە گوندەکانی خوردەلوک کانی خان و ژێر سیناوە بەرەو شاخەکان رۆشتووە و بەهۆی بوونی مین و تەقەمەنییەوە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی نەیانتوانیوە بگەنە ئەو ناوچانە.
هەر بەپێی زانیارییەکان "سێ کەس بەهۆی ئاگرەکەوە بەشێکی جەستەیان سووتاوە هەروەها دوو مانگا و ئەسپێکیش هەر لەو ئاگرەدا سووتاون".