کوردستانی
زانیاریی دەربارەی دابەشکردنی مووچە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت هیوادارین دوای ئەوەی هەموو پابەندییەکانمان لەبارەی یاسای بودجە جێبەجێ کردووە بەغداش لەم مانگەوە پشکی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بنێرێت.
ئەمڕۆ شەممە 19ی ئابی 2023 هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم بە مەودا میدیای راگەیاند "داهاتی ناوخۆ بۆ خەرجیی سەرجەم وەزارەت و قەرزەکان دابین دەکرێت و ئەم مانگەش 321 ملیار کورتهێنان لە داهات هەبووە".
باسی لەوەشکردووە "سەرجەم داتاکانمان داوەتە حکومەتی عیراق و لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و هیواداریشین حکومەتی عیراق پابەندبێت بە یاسای بودجەوە و لەکاتی خۆیدا پشکی خۆمانمان بۆ بنێرێت".
روونیشی کردووەتەوە "دەمانەوەێت لەگەڵ حکومەتی عیراقدا یەک شێوازی گومرگی جێبەجێ بکرێت، بەڵام هەندێک لە دەروازە سنورییەکان عیراق پابەند نابن و ئەمەش زیانە بۆ هەرێمی کوردستان، بەم هۆیەشەوە هەندێک لە بازرگانەکانمان بۆئەوەی باجی کەمتر بدەن، لەو دەروازانەوە کاڵاکانیان هاوردە دەکەن".
هونەر جەمال جەختیشی کردووەتەوە "داتا و ژمارەکانی کە ناردوومانە، هەمووی روونە لای حکومەتی عیراق و پێویستە لەم مانگەوە لەکاتی خۆیدا پشکی هەرێم لە بودجە رەوانە بکات".