نەرمین عوسمان
بە تەنیا جێی ناهێڵین
رۆژئاوای کوردستان لە ئێستادا لە هەموو کات زیاتر پێویستیی بە کۆبوونەوە لە دەوری و پشتیوانیکردنی هەیە، لۆبی بۆ کردنی لەسەر ئاستی جیهان و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆی، ئەویش لەپێناو مانەوەی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەرییەکەیان و رێگرتن لە کوردقڕان.
ماوەی چەند رۆژە سوپای تورکیا لە زەوی و ئاسمانەوە هێرش دەکاتە سەر گوند و شارۆچکە و کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان، جیاواز لە هێرشەکانی پێشووتری، ئەمجارەیان تورکیا بەشێوەیەک هێرش دەکات کە بەتایبەت ژێرخانی بنیاتنراوی چەند ساڵەیان وێران بکات و ریسەکەیان بکاتەوە بە خوری، لەکاتێکدا دەزانین کە ئەو ئەزموونە نە ئاسان دروستکراوە و نە ئاسانیش بەدەست هاتووە.
دیمەنی کوژرانی 29 کارمەندی ئاسایش، ئەوانەی ئەهلی بنبڕکردنی مادەی هۆشبەر و پاکڕاگرتنی ئەزموونەکە بوون، لەگەڵ منداڵێکی سووتاو بەهۆی بۆمبارانەکەوە، لەو دیمەنانەی شەڕن کەوا هەرگیز بیرناچنەوە، ویژدانهەژێن و تاقەتپڕووکێنن، دەبنە تابلۆی شەرمەزاریی مێژووی داگیرکاریی رۆژئاوای کوردستان.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە تا ئێستاش بۆ شەڕی داعش لە سووریا ئامادەیی هەیە، هەڵوێستی بەرانبەر هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان لەو ئاستەدا نییە کە بیوەستێنێت، ئەمە بووەتە گومان لەوەی ئەمەریکا هەندێک رەزامەندی پیشان دابێت بەرانبەر هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی پەکەکە خاوەندارێتیی لەو هێرشە کرد کە لەلایەن دوو چەکدارەوە کرایە سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ئەنقەرە.
ئێستا کە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، بەجۆرێک لە رووی هەڵوێست وەرگرتنەوە خەریکە چاوەکان لەسەر داگیرکاری و هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان لادەچن یان بە ئاسایی وەردەگیرێن، تورکیاش دەیەوێت هاوشێوەی ئیسرائیل شەرعیەت بۆ هێرشەکانی بدۆزێتەوە و رۆژئاوای کوردستان بکاتە وێرانە.
رۆژئاوای کوردستان و خۆبەڕێوەبەرییەکەی، کەموکوڕییان هەیە و قسە لەسەر ئەمە نییە، بەڵام ئەزموونێکی کوردییە و بەهۆی ئەوەشی کورد خاوەن دەوڵەت نییە، بۆیە لە جۆرێک تەنیایی سیاسیدا دەژی و لە ماوەی چەند ساڵی هێرشەکانی سەریدا هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی لەسەر وەرنەگیراوە، بەڵکوو زۆر جار هانی تورکیاش دراوە بۆ داگیرکاریی زیاتر.
ئەمە جگە لە پرۆسەی تەتریک و تەعریب لە رۆژئاوای کوردستان، کە بە هەمان شێوە لەلایەن تورکیاوە بەڕێوە دەبرێت، ئاوارەی فەلەستینیی تێدا نیشتەجێ دەکرێت و لەلایەن قەتەرەوە ئۆردووگای نیشتەجێبوونیان بۆ دروستکراوە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.
مەترسییەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاترە، هێرشی داگیرکاری، وێرانکردنی سەرخان و بنخانی، بریندار و شەهیدکردنی، تەعریب و تەتریکی خاکەکەی، قوتکردنەوەی هەندێک هۆزی عەرەب بۆ شەڕکردن دژی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، دەرفەت رەخساندن بۆ زیندووبوونەوەی داعش، جینۆسایدکردنی سروشت و ژینگە و بڕینەوەی دارزەیتوونەکانی بە بەردەوامی، هەروەها چەندین مەترسیی دیکەش هەڕەشەن بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و خەریکە هەموو ئەوانەش بە بێدەنگی تێپەڕ دەبن.
تەنیاکردنی رۆژئاوای کوردستان، هەر مەترسیی نییە لەسەر ئەو بەشەی کوردستان، بەڵکوو وەکوو نەریتی سیاسیی لێ دێت و وای لێ دێت یەکتر تەنیا دەکەین، لەکاتێکدا نەتەوەیەکین و نابێت دوور لە یەک بگرین، بۆیە بڕیارە و رۆژئاوای کوردستان بەتەنیا جێناهێڵین.