نیگار عومەر

نیگار عومەر

میراتی و کێشە بۆ دروستکراوەکانی

میرات واتە ئەو ماڵ و موڵكەی كە لەدوای كەسی كۆچكردوو جێدەمێنێت و میراتگران بەپێی شەرع یان یاسا دەبنە خاوەنی و بەپێی دوور و نزیكی لە كەسی كۆچكردووەوە میرات دابەش دەكرێ، هەروەها بەپێی كچ و كوڕ جیادەكرێتەوە. 

لێرەدا دەمەوێ باس لەو كێشە رۆژانە بكەم كە خێزانەكان رووبەڕووی دەبنەوە بەهۆی شێوازی دابەشكردن و هەروەها بەهۆی بە ماف زانینی هەندێ لە میراتگران زیاتر لەوانی تر، ئەمە دەبێتە هۆی لێكترازانی خێزان و دروستبوونی ئاژاوە لەنێوانیاندا .

یەكێك لە كێشە سەرەكییەكان ئەوەیە ئەم میراتە تا دوای كۆچكردنی خاوەن موڵك دابەش ناكرێت، جا ئەمە بەهۆی كولتووری بە نەشیاو زانینی  دابەشكردنی بەهۆی ئەوەی كەسی خاوەن موڵك لە ژیاندایە  یاخود بەهۆی متمانە نەكردنی باوك كە خاوەن موڵكە بە نەوەكانی، ئەوەش وادەكات ئەو ماڵ و موڵكە بمێنێتەوە و دوای كۆچكردنی هەر یەكێكیان بە پێی ئەوەی جێیدەهێڵن دەبێتە جێماوە و دابەشدەكرێت بەسەر میراتگران.

لێرەدا باس لە باوك دەكەین، چونكە زیاتر باوك خاوەنی موڵك و ماڵە، بەڵام  دەكرێ میراتی لە دایكیشەوە بێت یاخود  باپیران کە بەپێی خێزانەكان   جیاوازە. 

هەمیشە قسەیەكی باو هەیە؛ باوك دەڵێت كە من مردم با منداڵەكانم خۆیان موڵكەكەم دابەشبكەن، بەوە خۆی لەو كێشەیە دووردەخاتەوە كە دواجار دوای كۆچی دوایی دروست دەبێت لەنێوان كوڕ و كچەكاندا، واتە وەك دەرزی سڕكردن سڕی دەكات.

كە  باس لە دابەشكردنی موڵك دەكەین بۆ ئەو خێزانانە نییە كە تەنها خاوەنی  یەك خانووی نیشتەجێن، بەڵكو ئەم كردەیە لە ناو ئەو خێزانانەش وایە كە خاوەنی  ماڵ و موڵكی زۆرن، من لە ئێستادا وەك خۆم كێشەی وام لایە ئەو دۆسیەی لای منە و بەئێستاشەوە كاری تێدا دەكەم، كێشەكە لە بێ بەریكردنی كچانە لە میراتی، هەندێ جار باوك بەتایبەت لە كۆندا بێگومان ئێستاش هەیە بەو جۆرە بیردەكاتەوە، باوكەكە كچەكەی بێ بەری  كردووە لە هەر ماڵ و موڵكی كە هەیەتی بەهۆی ئەوەی ناڕازی بوون بەو هاوسەرگیرییەی كردوویەتی. 

 ئەوەی جێی سەرنجە ئێستا كچەكە كۆچی دوایی  كردووە و باوكیشی بەهەمان شێوە، بەڵام ئەوەی دەیەوێت میراتیی كچی كۆچكردوو وەربگرێ كچ و كوڕەكانیەتی لە خاڵەكانی، بێگومان خاڵەكان نایانەوێ ئەو مافە بدەن، هەر بۆیە لە دادگا كاری لەسەر دەكەین و  و توانیم ئەو مافە بگێڕمەوە  بەوەی بەشی خۆیانە ببەن، ئەمە مشتی خەروارێكە. 

لێرەدا قسە لەسەر كەڵەكەبوونی كێشەكانە چۆن نەوە دوای نەوە دەمێنێتەوە و زۆر جار رق و كینە دروستدەكات لە ناو خێزاندا، پچڕانی پەیوەندییەكانیش نەوە دوای نەوە دەمێنێتەوە و  قوڵ دەبێتەوە.

زۆر جار چارەسەرەكان بەدەست تاكەكانی ناو خێزانە بەتایبەت باوك كە سەرۆكی خێزانە، ئەگەر لە بنچینەوە شتەكان كەڵەكە نەبن دوژمنایەتی و دووبەرەكیش نابێتە میراتی بۆ نەوەكانیش، ئەوكات یاساش پێویستی بەوە نییە بچێتە كارێكەوە كە تاكەكان بە هوشیاری خۆیان چارەسەریان كردووە.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan