نیگار عومەر

نیگار عومەر

مەترسییەکانی هەموارنەکردنەوەی یاساکان

خێزان گرنگترین یەكەیە لە پێكهاتەی كۆمەڵ كە دواجار بنچینەی   بنیاتنانی ژیانێكی تەندروستە لە ژیانی سەرجەم مرۆڤەكاندا، چونكە  دواجار خێزانێكی نەخۆش واتە تاكەكانی ناو خێزان و بەدوایدا کۆمەڵ و ژیانێكی نەخۆش دەهێنێتە بەرهەم و دواتریش وڵاتێك وێران دەكات. 

لێرەوە دەمەوێ قسە لەسەر یاسای باری كەسێتی بكەم؛ یاسای  ١٨٨ ی ساڵی ١٩٥٩، ئەگەرچی نەچینە قووڵایی لێكدانەوەی یاساكەش و هەر رووكەش سەیری بەرواری دەرچوونی یاساكە بكەین كە ساڵی ١٩٥٩یە، تێدەگەین ئەستەمە بتوانین چارەسەری كێشە خێزانییەكان بە یاسایەك بكەین كەوا نزیكە سەدەیەك لە دەرچوونی تەواوبكات، یاسایەك كاتێك دەرچووە نە تەكنەلۆژیا بوونی هەبووە نە ژیان بەو شێوازە پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە نە تاكەكانیش بیركردنەوەیان بەشێوازی ئێستا بووە.

كاتێك یاسایەك بەو شێوازە چەقبەستووە دادگاكان ناچاربن كاری پێ بكەن، بێگومان رۆژانە كێشەكان لە زیادبوون و گەورەبوون دەبێت، بێگومان  دادپەروەری جێگەی نابێتەوە لەو شێوازە  كاركردنەدا، بگرە هەندێجار یاسای وا دەبینیت كە هیچ ئاكارێكی مرۆڤانەی تیادا نابینرێت، هەر بۆیە دادگاكان بوونەتە رۆبۆت بەدەست ئەو یاسا چەقبەستووانە و رۆژانە ئەوە دووبارە دەكەنەوە كە لەو بەروارەدا وەك یاسا نووسراوە.

ئێمە كاتێك باس لە تاك دەكەین دەڵێین ئەگەر تاكێك وەك خوودی خۆی گەشە بە تواناكانی خۆی نەدات و رۆژانە لەگەڵ رەوتی پێشكەوتنە جیهانییەكاندا نەڕوات، ئەوا شەمەندەفەری ژیان جێی دەهێڵێت، ئەی دەبێ چی بڵێین لە ئاست كۆمەڵێ یاسا كە  سەرجەم كۆمەڵ بەڕێوەدەبات و لە ئاست خۆیدا چەقی بەستووە.

بیهێنە بەرچاوی خۆت دەبێت تاكێك لەو سەردەمەدا چۆن بیری كردبێتەوە و ئێستاش ئێمە دەبێ هەروا بیربكەینەوە، كەواتە ئێمە تووشی نەخۆشیی چەقبەستن بووین و ئەگەر چارەسەر نەكرێت و یاساو رێساكان تازە نەكرێنەوە، ئەوا نەوەكانیشمان یەك لەدوای یەك لەدەستدەدەین.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan