نیگار عومەر

نیگار عومەر

ماددەی هۆشبەر؛ دێوەزمەكەی سەردەم

ماددەکانی هۆشبەر سەرجەم ئەو ماددانە دەگرێتەوە كە لەدوای بەكارهێنانی لەلایەن هەر كەسێكەوە توانای بیركردنەوە و هەڵسوكەوتی سروشتیی نامێنێت و قۆناغ بە قۆناغ خراپتر دەبێت و هۆشی نامێنێت و دواجار جەستەشی لەدەستدەدات؛ واتە ژیانی كۆتایی دێت.

 ئالودەبوون بەو كەسانە دەوترێت كە رادێن لەسەر بەكارهێنانی  ئەو ماددانە، بەداخەوە ئالودەبوون و زیادبوونی بەكارهێنانەران و بازرگانیكردن بەو ماددانەوە وایانكردووە رۆژانە كەیسی لەو جۆرانە لە دادگاكان ببینین.

یەكێك لەو كەیسانەی كە من ئامادەی دادبینییەكەی بووم كچێكی ئالودە بوو بوو بەو ماددانە، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو:

یەکەم: پێش هەموو شتێك كەمی تەمەنی بوو كە چۆن لەو تەمەنەدا دەتوانێ ئەو ماددانەی دەستبكەوێت و بەكاریبهێنێت.
دووەم: ئەو پارەیەی دەستی دەكەوێت بۆ بەدەستخستنی ئەو ماددانە  لەكوێی دەهێنێت؟
سێیەم: بەردەوام بوونی ئەو كچە لە بەكارهێنانی، چونكە هەر لەوێ دادوەر پێی وت كچم بۆ وا لەخۆت دەكەیت؟ ئەمە سێیەم  جارە لەسەر بەكارهێنانی ئەو ماددانە دەستگیر دەکرێی. وەڵامی كچەكەش وەك هەر كەسێكی تر كە لەو شوێنەدا دەوەستێ ئەوە بوو كە ئەو شتی وای نەكردووە، دواجار سەری كز كرد و خەم دایگرت.

بێگومان ئەگەر خوێندنەوە بۆ ئەو گەنجە و هەزاران گەنجی تر بكەین تێدەگەین كە :

یەک: رۆژانە ژمارەی بەكارهێنەرانی ماددەکانی هۆشبەر لە زیادبوونە بەتایبەت لەناو ئەو کەسانەی تەمەنیان کەمە و هەرزەكارەكان، كە دواجار درێژە دەكیشێت و ناتوانێت لێی رزگاربێت، چونكە بیرمان نەچێت ئەو دێوەزمەیە كە قاچی هەر كەسێكی  گرت رزگاربوون لێی ئەستەمە  .

دوو:  كێشەیەكی تر كەسی ئالودە بوو ئەوەیە کەوا ئامادەیە  هەموو شتێك بكات لەپێناو بەدەستخستنی ئەو ماددەیەی بەكاریدەهێنێت، تەنانەت لەپێناو دەستخستنیدا ئامادەیە دزیش بكات، بەداخەوە كچان دەچنە بەرباری لەشفرۆشی لەپێناو ئەوەدا .

سێ: كەسی ئالودە بوو قۆناغ بە قۆناغ  كەسایەتیی خۆی لەدەست  دەدات، ئەگەر خێزانی هەبێت بێگومان دەبێتە هۆی لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی خێزان .

چوار: بیرشمان نەچێت  كاریگەریی ئەو جۆرە كەسانە وادەكات  كەسانی دەوروبەریشی تێوەبگلێنێ بەتایبەت هاوڕێ نزیكەكانی خۆی تووش دەكات و رایاندەكێشێتە ناو ئەو زەلكاوە بۆگەنە .

پێنج: نەبوونی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بۆ چارەسەر وایكردووە  كەسی ئالودە بوو ئەگەرچی  چەند جارێك دەچێتە زیندان، بەڵام ناتوانێت وازبهێنێت، چونكە  چارەسەر ناكرێت لەڕووی دەرونی و جەستەییەوە و دواجار كە ئازادبوو وەك ئەو كچە گەنجەی لە دادگا بینیم دەستدەكاتەوە بە بەكارهێنانی .

هیوادارم هەر كەس لە ئێمە ئەو نەخۆشییە كوشندەیەی ناو كۆمەڵ بە كەم وەرنەگرێت و ئاگاداری منداڵ و خێزانی بێت تا  دێوەزمەكە راینەكێشێتە ناو ئەو زەلكاوەو، هەروەها گرنگە بزانین هاوڕێی منداڵەكانمان كێن و چۆن هەڵسوكەوت دەكەن و کەسێتییان چۆنە و خاوەن چی جۆرە ژیان و بیرکردنەوەیەکن.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan