عیراقی

ژمارەیەك لە ئاوارەكانی شنگال گەڕانەوە زێدی خۆیان

مەودا میدیا - سلێمانی |


ژمارەیەك لە ئاوارەكانی شنگال گەڕانەوە زێدی خۆیان
مەودا میدیا-‌ 
بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، ئەمڕۆ 569 ئاوارەی دانیشتووی كۆمەڵگەی شاریا و گوندەكانی دەورووبەری دهۆك گەڕێنرانەوە زێدی خۆیان لە شنگال. 

لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق راییگەیاند، بەهەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ، بەردەوامن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان و ئەمڕۆش 569 كەس لە ئاوارەكانی شنگال گەڕێنراونەتەوە زێدی خۆیان..

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، بڕی چوار ملیۆن دینار هاوكاری داراییان بۆ هەر خێزانێك پێشكەش كردووە وەك هاندانێك بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانی خۆیان و داخستنی كەمپەكان.

جێی باسە پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا تا رۆژی 30ی حوزەیرانی ئەمساڵ سەرجەم كەمپەكان دابخرێن و ئاوارەكان بگەڕێنرێنەوە ناوچەكانی خۆیان بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەبوون و داخستنی كەمپەكان. 
ئ.پ

Qaiwan
Qaiwan