عیراقی

زیندانییه‌كان به‌ كڕین ده‌توانن ماوه‌ى سزاكه‌یان كه‌م بكه‌نه‌وه‌

مەودا میدیا - سلێمانی |


زیندانییه‌كان به‌ كڕین ده‌توانن ماوه‌ى سزاكه‌یان كه‌م بكه‌نه‌وه‌

مه‌ودا میدیا-

له‌ ئێستادا باس و خواستێك هه‌یه‌ له‌ سه‌ر پێشنیازى پرۆژه‌یاسایه‌كى تایبه‌ت به‌ كڕینى ماوه‌ى سزا له‌ لایه‌ن زیندانیانه‌وه‌ كه‌ بخرێته‌ په‌رله‌مانى عیراقه‌وه‌، ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراقیش زانیاریی زیاتر له‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بۆ مه‌ودا میدیا ئاشكرا ده‌كات.

دارا سێكانیانى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق بۆ مه‌ودا میدیا رایگه‌یاند "بابه‌تێكى وا هه‌بووه‌ له‌ ساڵى 2019 له‌ په‌رله‌ماندا گفتوگۆى له‌سه‌ر كراوه‌  بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدارانه‌ى په‌یوه‌ستبوونه‌ به‌و بابه‌ته‌ و قسه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌، به‌ڵام دواجار نه‌بووه‌ به‌ یاسا و به‌ بڕیاڕ و جۆرێك له‌ جۆره‌كان جێبه‌جێبكرێت".

وتیشى "له‌ كاتى خۆیدا بیانووه‌كه‌یان بۆ پێشنیازى پرۆژه‌یاساكه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ به‌ندیخانه‌كان زۆر قه‌ره‌باڵه‌غن و فشاریان له‌سه‌ر دروستبووه‌، هه‌روه‌ها تایبه‌ت بێت به‌وانه‌ى مادده‌كانیان سووكه‌ و ماوه‌ى سزاكانیشیان تاوه‌كو سێ ساڵه‌، وه‌ كێشه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ى به‌ندیخانه‌ نییه‌ و جۆرێك له‌ جۆره‌كان رێكه‌وتنى بۆ كراوه‌".

روونیشیكرده‌وه‌ "له‌و رووه‌شه‌وه‌ دوو جۆر بۆچوون هه‌یه‌، هه‌ندێك پێانوایه‌ مادام یاسا بڕیارى داوه‌ ده‌بێت جێبه‌جێبكرێت، له‌رانبه‌ریشدا هه‌ندێك پێانوایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى مادده‌ قورسه‌كان ناگرێته‌وه‌ وه‌ك مادده‌ بێهۆشكه‌ره‌كان و كوشتن و كێشه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ نییه‌، گونجاوه‌ و ده‌كرێت ببێت".

ناوبراو، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌ ئێستادا باسێكى هه‌یه‌، به‌ڵام له‌و ئایسته‌دا نییه‌ په‌رله‌مان بیخاته‌ گفتوگۆى دانیشتنه‌وه‌ و به‌ بۆچوونى ئه‌و دووره‌ له‌وه‌ى كاری له‌سه‌ر بكرێت".

پێشنیازى پرۆژه‌یاساكه‌ به‌ جۆرێكه‌ ئه‌و زیندانیانه‌ى مادده‌كانیان سووكه‌ و ماوه‌ى سزاكه‌یان زۆر نییه‌، ده‌توانن رۆژانه‌ ماوه‌ى سزاكه‌یان بكڕن و پێشنیاز كراوه‌ بۆ هه‌ر رۆژێك بڕى 10 هه‌زار دینار بێت.

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan