نەرمین عوسمان
سیاسەتی ئابووریی فێمینیستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا
لە سایەی قەیرانە درێژخایەن و یەک بەدوای یەکەکاندا، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا روو دەدەن، بزووتنەوە و رێکخراوە فێمینیستییەکانی ناوچەکە هەوڵیان داوە تێگەیشتنێکی فێمینیستی لە نێو ئەم هەموو کارەساتە فرەئاست و جۆراوجۆرانە کە ئێمە رووبەڕوویان دەبینەوە، بنیات بنێن. دەڵێن کاتی ئەوە هاتووە باس لە رێبازی "سیاسەتی ئابووریی فێمینیستی" بکرێت، هەرچەندە ئەم رێبازە بۆ هەموو کۆمەڵگەیەک گونجاوە، بەڵام لە ناوچەکانی ئێمە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، ئەویش لەبەر دوو هۆکار:
یەکەمیان: ئەم ناوچەیە زۆرترین رێژەی نایەکسانی و بێکاریی گەنجانی لە جیهاندا هەیە. زۆربەی وڵاتەکانیش بەدەست "نەخۆشیی هۆڵندی"یەوە دەناڵێنن.
دووەمیان: زۆربەی وڵاتانی ئەم ناوچانە یان تووشی شەڕ هاتوون، یاخود لە سەرەدان، یان کاریگەریی شەڕیان لەسەرە.
ئەم دوو هۆکارە گرێدراوی یەکترن و کاریگەرییەکی گەورەی جیاوازیی جێندەریی لەم بەشەی جیهاندا دروست کردووە و لە هەردوو حاڵەتیشدا ژنان و پێکهاتە کەمینەکان زۆرترین پشکی زیانیان بەر دەکەوێت.
گەیشتن بە یەکسانیی جێندەری و بەهێزکردنی تواناکانی ژنان و کچان، ئەرکی دەوڵەتە، چونکە دەوڵەت بەرپرسیارە لە ئاسایش و خۆشگوزەرانیی هاوڵاتیان. هەموو ئەو پێداویستی و ئامرازانەشی لەبەردەستدایە ئەو سیاسەتانە بسەپێنێت و جێبەجێیان بکات. زیادکردنی رۆڵی ژنان و بەهێزکردنیان و زیادکردنی بەشداریپێکردنیان، دەبەسترێتەوە بە رۆڵی یەکلاکەرەوەی ئەو سیاسەتانەوە. هەروەها دەبێت هاوشانی گۆڕانکاریی هۆشیاری و فەرهەنگی و بەرژەوەندی و پێکهاتە و دامەزراوەکان بڕۆن. ئەگەر هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بەیەکەوە نەبن، ئەوا لە قسەی بریقوباق زیاتر هیچی تر نابن و بێسوود دەبن.
عیراقیش وەک زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵات و باکووری ئەفریقا، سیستمی ئابووری لە هەموو قۆناغەکاندا، رۆڵێکی نەرێنیی بەرانبەر بە ژنان گێڕاوە، سەرەڕای باشتربوونی خزمەتگوزارییەکانی سیستمی پەروەردە و تەندروستی بەرانبەر بە ژن، بەڵام بوونیان لە کایەی ئابووری و سیاسیدا پەراوێز خراوە، ژنان هێشتا زۆرترین رێژەی هەژارییان هەیە، بۆیە گۆڕینی پێگەی ژن و ئازادکردنی وزەکانی لە کار و بەرهەمهێنان و داهێنان و مەعریفە و زانستدا؛ بەبێ گۆڕینی ئەم سیستمە بە سیستمێکی ئەلتەرناتیڤ، کە لەسەر بنەمای یەکسانیی دامەزرابێت، مومکین نییە، ئەوەش پێویستی بە گۆڕینی سیاسەتە گشتییەکان هەیە.
خ.غ