راپۆرت

ورده‌كارى دۆخى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت و هاوتاكردنى مووچه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ عیراق له‌م راپۆرته‌دا خراوه‌ته‌ڕوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


ورده‌كارى دۆخى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت و هاوتاكردنى مووچه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ عیراق له‌م راپۆرته‌دا خراوه‌ته‌ڕوو

مه‌ودا میدیا-

له‌وه‌ته‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ستى ناوه‌ته‌بینه‌قاقاى میلله‌ته‌كه‌ى و یارى به‌ قووتى مووچه‌خۆره‌كانى ده‌كات به‌ داهێنانى سیستمى پاشه‌كه‌وت و لێبڕین، خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان هاوار و ناڵه‌یان گه‌شتووه‌ته‌ كه‌شكه‌لانى فه‌له‌ك و داوا ده‌كه‌ن بارى ژیان و گوزه‌رانیان باش بكه‌ن و ‌ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى وه‌ك هاوكاریی پێیان ده‌درێت بۆ زیاد بكه‌ن یان هیچ نه‌بێت له‌ واده‌ى خۆیدا و سی رۆژ جارێك پێیانبدرێت.

خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان به‌هۆى ئه‌وه‌ى وه‌ك هه‌ر كه‌سانێكى ئاسایی ناتوانن رۆژانه‌ كار بكه‌ن و بژێوى ژیان په‌یدا بكه‌ن، مانگانه‌ شایسته‌ داراییه‌كیان له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ دابینكراوه‌ و مافى ره‌واى خۆیانه‌ به‌ رێز و شكۆوه‌ له‌ واده‌ى خۆیدا پێیان بدرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ دۆخى ژیانیان له‌ هه‌مووان زیاتر قورس ده‌بێت و ئاهى به‌ ده‌ستهێنانى پاروویه‌كى رۆژانه‌یان، خه‌رمانى ئازاره‌كان و دابینكردنى پێداویستییه‌تایبه‌ته‌كانیانى پێ به‌ره‌كه‌ت ده‌بێت.

چه‌ندین جار به‌ خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌ى ناڕه‌زایه‌تى، حاڵ و گوزه‌رانى خۆیانیان بۆ ده‌سه‌ڵاتداران به‌یانكرد و چه‌ندجارێكیش به‌ كه‌مپه‌ینى كۆمه‌ككردن سفره‌ى ساردى ژه‌مه‌كانیان بۆ گه‌رم كرایه‌وه‌، به‌ڵام چاره‌سه‌رى ده‌ردی بیماریانى نه‌كردووه‌، و كاتێك لێیان ده‌ڕوانیت مردن به‌ نێوچاوانیانه‌وه‌ دیاره‌، وا بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ 10 ساڵیشه‌ به‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ى داراییه‌وه‌ له‌ پاڵ دۆخه‌ سه‌خته‌كه‌ى جه‌سته‌ییان ژیان به‌ ڕێ ده‌كه‌ن و هه‌ر وه‌ڵامنه‌درانه‌وه‌.

حكومه‌تى هه‌رێم به‌درێژایی‌ كابینه‌كانی، ئه‌م توێژه‌ى پشتگوێ خستووه‌ و ئاماده‌ نه‌بووه‌ گوێ له‌ داوا و مافه‌كانیان بگرێت، ئه‌گه‌رچى له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م كابینه‌یه‌دا مه‌سرور بارزانی، له‌ كارنامه‌ی كابینه‌ وه‌زارییه‌كه‌ی له‌ بڕگه‌ی نۆدا، رایگه‌یاند "به‌مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی شایسته‌، گرنگیی تایبه‌ت به‌ كاروباری خاوه‌ن پێداویستییه‌تایبه‌ته‌كان ده‌ده‌ن"، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا كه‌ ماوه‌ى كابینه‌كه‌شى به‌سه‌رچووه‌، هیچ پلان و به‌رنامه‌یه‌ك نه‌بووه‌ بۆ باشتركردنی ژیانی سه‌ختی ئه‌م كه‌سانه‌. 

نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش، له‌گه‌ڵ ته‌نگژه‌ی دارایی هه‌رێمی كوردستاندا، كابینه‌كه‌ى مه‌سرور له‌ پاڵ ئه‌و هه‌موو مووچه‌ باڵایانه‌، ماوه‌ی زیاتر له‌ شه‌ش مانگ ئه‌و هاوكارییه‌ی وه‌ریانده‌گرت، بڕى و له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌شى بۆ هه‌ر خاوه‌ن پێداویستییه‌كى تایبه‌ت له‌ نێوان 60 هه‌زار بۆ  40 هه‌زار دینار له‌ هاوكارییه‌كه‌یانى پاشه‌كه‌وت كرد، ئه‌وه‌ش گه‌ره‌ترین سته‌م بوو كه‌ لێیان كرا.

له‌ ئێستادا ئاڕاسته‌ى داواكه‌یان به‌ره‌و هاوتاكردنى مووچه‌كانیانه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌ن پێداویستییه‌كانى عیراق و وه‌ك سامان حسێن، سكرتێرى یه‌كێتى كه‌ئه‌ندامانى كوردستان بۆ مه‌ودا میدیا رایگه‌یاند "له‌ ئه‌گه‌رى جێبه‌جێنه‌كردنى داواكه‌یان هه‌ڵویستى جددى تر ده‌گرنه‌به‌ر".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "ئه‌وان وه‌ك خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت كه‌مترین مووچه‌یان هه‌یه‌ له‌ سه‌ر تا سه‌رى كوردستان كه‌ له‌ نێوان 100 بۆ 150 هه‌زار دیناردایه‌، ده‌یانه‌وێت بچێته‌ ئاستى هاوتاكانیان له‌ عیراق و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش په‌یامه‌كه‌یان گه‌یاندووه‌، و چاوه‌ڕوانى حكومه‌تى هه‌رێمن وه‌ڵامیان بده‌نه‌وه‌".

وتیشى "وه‌زیرى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تیش پێیانی راگه‌یاندووه‌، وه‌فدیان ده‌ڕواته‌ به‌غدا.

له‌و باره‌یه‌وه‌، کوێستان محەمەد، وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى هه‌رێمیش رایگه‌یاندووه‌ "راپۆرتیان سه‌باره‌ت به‌ هاوكارى ئه‌و توێژه‌ ئامادە کردووە بۆ بەغداد، بۆ ئه‌وه‌ى هاوكارییه‌كانیان هاوتاى عیراق بکرێت".

به‌پێى وته‌ى ئه‌و وه‌زیره‌، له‌منزیكانه‌ سەردانى بەغداد ده‌کەن و تایبه‌ت به‌و پرسه‌ لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیرى دارایى و وەزیرى کار کۆبوونەوە ئەنجام ده‌دەن.

له‌ باره‌ى ره‌زامه‌ندبوونى حكومه‌تى عیراقیش، سامان حسێن، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد "پێشتر وه‌ك ئه‌نجومه‌نى باڵاى رێكخراوى خاوه‌ن پێداویستییه‌تایبه‌ته‌كان سه‌ردانى به‌غدایان كردووه‌، ئه‌وان هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه‌ به‌ مه‌رجێك حكومه‌تى هه‌رێم ڕازى بێت".

روونیشیكرده‌وه‌ "حكومه‌تى هه‌رێمیش هیچ بیانوویه‌كى گونجاوى نییه‌ له‌ به‌رده‌م ڕازینه‌بوونیدا، ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ رێزى كه‌مئه‌ندامان ناگرێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى دیده‌ن وه‌ك سواڵێكه‌ نه‌ك وه‌ك هاوكارییه‌كى شایسته‌".

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، گرنگیدان به‌ ماف و پێداویستییه‌كانی كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا بابه‌تێكه‌ گرنگی زۆری پێده‌درێت، به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌شێكی زۆری وڵاتانی ئاسیا كه‌ پشتگوێخراوترین توێژن.

به‌پێى ئاماره‌كان لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە 100 هەزار خاوەن پێداویستى تایبەت هەیە، كه‌ نزیکەى 76 هەزاریان، هاوكارییه‌كه‌یان 150 هەزار دینارییه‌ و نزیکەى هەشت هەزاریان  مانگانە 100 هەزار دینار وەردەگرن، به‌هۆكارى ئەوەی فەرمانبەرن، بەڵام لە عیراق کەمترین هاوكارى خاوەن پێداویستى تایبەت 250 هەزار دینارە و ئەو کەسەش هاوسەر و منداڵى هەبێت هاوكارییه‌کەى زیاتر دەبێت.

پ ح ع 
Qaiwan
Qaiwan