د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

کەرەنتێن هەتا کەى؟

کەرەنتێن بەو شێوەیەى کە لە کوردستان پەیڕەوکراوە لە راستیدا ئەمە کەرەنتێنى تەواو نیە، بەڵکۆ دوورکەوتنەوەیە لەیەکترى زیاترە، چونکە تاکو ئێستا هاتووچۆ و تێکەڵبوون هەیە، بەڵام سنووردارکراوە. ئەم جۆرە کەرەنتێنە بۆ کوردستان باشترین چەکە بۆ رێگرتن لەبڵاوبونەوەى نەخۆشیەکە بەشێوەیەکى زۆر و لە پڕوبە لێشاو، هەرچەندە ئەم جۆرە کەرەنتێنە رێگرێکى تەواو نیە لە تووشبوون، بۆ نمونە یەکێکى ساغ تووشى نەخۆشیەکە دەبێت  لەماوەى 15 خولەک لە کاتى تێکەڵ بوونى دوورلەیەک لەگەڵ چەند کەسێکى تووشبوو بە کۆروناى تازە، بەڵام هەمان ماوە بەسە بۆ تووشبوونى بە کۆرۆناى تازە گەر لە نزیکەوە تێکەڵى تەنیا یەک نەخۆش ببێ. کەواتە ئەو جۆرە تێکەڵیە  دوور لە یەک رێگرە لە بڵاوبوونەوە ى خێرا و ژمارەى زۆر لە یەک کاتدا و تا دوورکەویتەوە مەترسى بڵاوبوونەوە کەمتر دەبێت.

خۆشبەختانە هەموو تووشبوونێک بەو ڤایرۆسە نەخۆش ناکەوێت یاخود زۆر بەسوکى دەیگرێت، بەڵام دەتوانێت ئەو ڤایرۆسە نەقڵ بکا بۆ خەڵکى تر جا گەرئەوکەسە هاتووچۆى دەرەوەى کرد ئەو بەرکەوتنە زیاد دەکا هەتا گەر ئەو کەسە ئاگادارى خۆى و دەوروبەریشى ببێت، هەڵەیەکى بچوک بەسە، ئەو هەموو کادیرى نەخۆشخانەکان دەبینین کە چۆن تووشى ئەو نەخۆشیە دێن هەرچەندە رێنمایەکانى خۆپاراستن باش دەزانن، بەڵام مرۆڤ ناتوانێت بیر لە هەموشتێک و هەموو کاتێک وردبین و ئاگادار بێت، جا چ جاى بۆ یەکێک کە بەباشى لەخۆپاراستن نەزانێت.

بۆچى ئەو ڕریگایە گرنگە پەیڕەو بکرێت؟
ئەو نەخۆشیە بەشێوەى ئەلگۆریزمى بڵاودەبێتەوە. تا ژمارەى پێککەوتن زیاتر بێت نەخۆشیەکە زیاتر بڵاودەبێتەوە، بەپێى لێکۆڵینەوەکان هەر تووشبوویەک لە کاتى نەخۆشى و بە بێ کەرەنتین 3 کەس تووش دەکا، بەڵام لەکاتى جولەى سنوردار تەنیا یەک کەس تووش دەکا. رەنگبێ ئەو جیاوازیە بەکەم بزانێت، بەڵام گەر لەسەرئاستى گەورەترسەیرى بکەى جیاوازیەکە زۆر فراوان دەبێت، گەر ژمێریاریەکى بۆ بکەین هەمان کەس گەر هاتوچوى دەرەوە بکا لە مانگێکا دەبێتە هۆکارى تووشبوونى 600 کەس، بەڵام گەر لە جولەى سنوردار بوو ئەوکەسە لەهەمان ماوە 45 کەس تووش دەکا. 

خاڵیکى گرینگى تر لەکاتى جولەى سنوردار ژمارەى ئەوکەسانە زیاد دەبێت کە دەبن بە خاوەن بەرگرى لەو نەخۆشیە وە بوونى ئەوکەسانە وادەکا زنجیرەى گواستنەوەى ئەو نەخۆشیە بپچڕیندرێ، کاتێک کە ڤایرۆسەکە دەچێتە لەشى ئەوکەسەى خاوەن بەرگریە نایەڵێت ڤایرۆسەکە لە لەشى ئەودا گەشە بکا و بگوازرێتەوە، کەواتە لەلاى ئەو گواستنەوەى نەخۆشیەکە دەوەستێت.

لە کوردستان نە هێندە نەخۆشخانە و نەهێندە کادیرى تەندرویستی و نەهێندە ئامێرى هەناسەدانى دەستکردنمان نیە کە بەرگەى تووشبوون بەلێشاو بکا، نەهێندە دەمامکى باش و جلى خۆپاراستنى باشمان هەن، راستە بازارەکان پڕن لە دەمامک، بەڵام ئایا ئەودەمامکانە لەژێر چاوەدێرى کوالیتى کۆنترۆڵ هاتونەتە ناو بازاڕ؟ وەک لاى هەموتان روونە ڤایرۆس هێندە بچوکە کە بەئاسانى دەتوانێت بەکونى دەمامک تێپەڕبکا ئەگەر دەمامکەکە تایبەت نەبێت بە ڤایرۆس، جا ئەم جۆرە دەمامکە زۆر جار مەترسى دار ترە چونکە وادەزانى پارێزراوى و کەمتر گوێ بە خۆپاراستن دەدەى، بەڵام لە راستیدا پارێزراونى و زیاتر خۆت بەر ئەو ڤایرۆسە دەدەى، خۆ ئەگەر لەو جۆرە دەمامکانە لەلایەن سلکى تەندروستیەوە بەکار هات ئەوە زۆر زیاتر زەرەرمەند دەبێت نەک هەر لەسەر خۆى، بەڵکو بۆ دەوروبەریشى.
ئەو کەرەنتێنەى لە کوردستان هەیە وایکردوە ژمارەى تووشبووان بە شێوەیەکى گونجاو کەم کەم بێت کە لە تواناى پزیشک و نەخۆشخانەکانمان دایە بۆچارەسەریان.

لەئێستادا مەترسى تووشبوونى بەلێشاو زۆرە گەر کەرەنتێن بوستێت لەبەر ئەوەى زۆربەى خەڵکەکە بەرگرى پەیدا نەکردوە بەرانبەر بەو ڤایرۆسە، بۆیە بەردەوام بوون لەسەرى تاکە رێگا چارەیە، راستە ئەمە زەرەرى زۆر لەو کەسانە داوە و دەدەن کە بژێوى ژیانیان بە رۆژانەیە وە لەسەر ئەو جەمە دەژین کە رۆژنە پەیدایدەکەن، بەڵام لەهەمانکاتدا بەراوردکردنى مان و مردن دەبێت بکرێت و رەنگبى هەندێ کەس بڵێن بە کۆرۆنا بمرى باشترە وەک لەبرسان، بەڵام ئەمە حەیف و خەفەتى برسیەتیە ونا ئارامیە و دورە لە واقیع و راستى ئەو دوو جۆرە مردنە، جگە لەوەى تاکو ئیستا لە کوردستان پەیوەندى کۆمەڵایەتى زۆر کەم رێگاى داوە کە یەکێک لەبرسا بمرێ راستە زۆرمان هەن کەبە کولە مەرگى دەژین، بەڵام کەسمان لەبرسان نەمردوە. 

بەپێى زانیستى ئیپیدمیۆلۆجى پەتا ئەبێت لە %60 ى خەلک تووشى نەخۆشیەکە ببن تا پەتاکە راوەستێت و زۆربەى خەڵک بەرگرى پەیدا دەکا، ژمارەى تووشبووانى فەرمى لە کوردستان زۆر دوورە لەو ڕێژەیە (هەرچەندە رەنگبێ ژمارەى تووشبووان زۆر لە ژمارە فەرمیەکان زیاتر بێت) بۆیە بوون و بەردەوامى ئەو کەرەنتێنە پێویستیەکى حەتمیە بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەى تا جۆرە چارەسەرەکى تر دەدۆزرێتەوە لە دەرمان یاخود کوتان هەتا ئەگەر مانگێکى ترى یان دوو مانگى ترى خایاند. 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan