راپۆرت
كۆمپانیایەكی ریكلام لە كوردستان سوكایەتی بە ژنان دەكات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئەگەرچی لە ماوەی رابردوودا كۆمپانیاكانی ریكلام بەبێ گوێدانە یاسا و پێشێلكارییەكان ژنیان وەك كاڵایەك بەكارهێناوە بۆ بەرهەمە ریكلامییەكان و لەو نێوەندەشدا بە جۆرێك بازرگانیان پێوەكراوە، بەڵام دواجار گەشتنە ئەوەش هەر لە ناو ریكلامەكاندا بەوەش نەوەستن و سوكایەتی بە ژنانیش بكەن و رۆڵی ئاژەڵیان پێ بگێڕن.
كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی ریكلام لە رێگەی ریكلامێكەوە كە بۆ جۆرە شیرێكی دەكات، مانگایەكی بەكارهێنانەوە، ئەو مانگانە رۆڵی ژنی پێداوە و ئەوەش لە سۆشیال میدیا ناڕەزایەتی و نیگەرانی لە لایەن ژنان دروستكردووە و داوای سزادانی ئەو كۆمپانیایە و بەرهەمهێنەری ریكلامەكە دەكەین.
نەزاكەت حەمە سەعید، مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەو بۆشایە یاساییە كە لە هەرێمی كوردستان هەیە بۆ یاسای ریكلام و دەزگایەكی چاودێری، تائێستا نەچوەتە بوارجێبەجێكردنەوە، هەرچەندە پەرلەمان بەنیازبوو كاری لەسەر بكات و یاسایەك دەربكات بەڵام بەهۆی دۆخەكە نەتوانراوە كار لەسەر ئەوە بكرێت".
ئەوەشی خستەڕوو "لە هەرێمی كوردستان كێشەی گەورە لە ریكلامكردن هەیە، یەكەم نە بە یاسا رێكخراوە، نە بەشێوەی زانستی چوینەتە ناو ریلامەوە، ئەوەی لە كوردستان دەكرێت هیچی ریكلام نییە، تەنیا هەوڵدانە بۆ ئەوەی سەرنجراكێشی دروستبكرێت بۆ ئەو كاڵاو بابەتانە".
باسی لەوەشكرد "نەبوونی ئەو دوو بنەمایە لە هەرێمی كوردستان چەندین فەوزای تری دروستكردووە، هەر لە بەركەوتە كلتور و ئایدۆلۆژی و كۆمەڵایەتی، دواتر ساغكردنەوەی كاڵای خراپ و زیادەڕۆیی و شتی تر، ئەمانە وایكردووە ریكلام لە كوردستان بەو جۆرە بڕوات، كۆمپانیاكانی ریكلام لە كوردستان شارەزاییان نییە و ناتوانن بە شێوەی زانستی ریكلام بكەن".
لە بارەی پێدانی رۆڵی ژن بۆ مانگایەك لە یەكێك لە ریكلامەكان ئەو مامۆستایەی زانكۆ هەروەها وتی "ئاژەڵێًك بخرێتە مستەوای ژن، یان مرۆڤێك بكرێتە ژن، تەنیا لە بەرئەوەی ریكلامەكە سەرنج راكێشبێت، ئەمە شكاندنی شكۆی ژنە، ئەمە بە كەم سەیركردنی ژنە لە هەرێمی كوردستان".
لای خۆیەوە، شادیە محەمەد، پارێزەر لە دادگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "لە رووی یاساییەوە دەتوانرێت سكاڵا لەسەر خاوەن ریكلام تۆماربكرێت، بەڵام بە دڵنیایەوە ئەنجامێكی لەو شێوەیەی نابێت كە بە دڵی كەسی سكاڵاكەر بێت".
ئەوەشی خستەڕوو "ئەم جۆرە ریكلام و كارانە دەچنە باری سوكایەت بە ژنان، پێویستە كۆمپانیایەكانی ریكلام بۆ سەرنجراكێشانی هاوڵاتیان سوكایەتی بە ژنان نەكەن".
هاوكات ئاوێزە ئەحمەد، وەك ژنێك بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەو جۆرە كارانە تەواو سوكایەتییە بەژنان وپێویستەە رێی لێ بگیرێت و بەو جۆرە سوكایەتی بە ژن نەكرێت، سەرەڕای ئەوەش كراوەتە كاڵاییەك بۆ ریكلامەكان".
ئەو دەڵێت "رێكخراوەكانی ژنان پێویستە هەوڵێستیان هەبێت و لە رووی یاساوە كار لەسەر ئەوە بكەن كە چیتر ئەو كارانە نەكرێن بەو شێوەیە سەیری ژن نەكرێت".