کوردستانی

کاروان یاروەیس: بایکۆتکردنی پەرلەمان هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


کاروان یاروەیس: بایکۆتکردنی پەرلەمان هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت
مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە دەرەوەی پەرلەمان چارەسەر دەکرێت و بایکۆتکردنی دانیشتنەکانیش هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت و پێشتر وەزیرەکانی پارتی لە حکومەت ئەم هەنگاوەیان گرتەبەر و هیچ کاریگەرییەکی نەبوو، ئێستاش لە پەرلەمان لایەنە عیراقییەکان نیساب تەواو دەکەن.

کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "پێشتر پەرلەمان لە دەرکردن و گۆڕینی بەندەکانی یاسای بودجە رۆڵی خۆی جێبەجێکردووە، ئێستاش تۆپەکە لە گۆڕەپانی هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدایە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "هیچ جۆرە لێدوان و هەڵوێستێک لەناو پەرلەمان هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت چونکە ئەگەر کورد بە چەند پەرلەمانتارێک پشتگیری لە حکومەتی هەرێم بکەن ئەوان بە چەند سەد پەرلەمانتارێک پشتیوانی لە سیاسەتی حکومەتی فیدراڵی دەکەن".

ئەوەشی خستەڕوو "پەرتەوازەیی کورد لە پەرلەمانی عیراق رەنگدانەوەی پەرتەوازەیی کوردە لە حکومەتی هەرێم، چونکە لە بنەڕەتدا هەموو حزبەکان یەکهەڵوێست و یەکدەنگ نەبوون لە ئیدارەدانی دۆسێی دارایی لەنێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا، دادگای فیدراڵیش هیچ بڕیارێک نادات تاوەکو هەردوو حکومەت رێکدەکەون".

باسی لەوەشکرد "لێدوانەکانی وەزیری نەوتی عیراق بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بوو، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەبارەی نەوت لەنێوان هەرێم و بەغدا نەکراوەو دوو رۆژی تر لەسەر رەشنووسەکەی نێوانیان گفتوگۆ دەکەن و دوتر وێنەیەکی ئاڕاستەی هەریەک لە حکومەتی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن ، دواتر ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پەسەندی دەکات، بەپێچەوانەوە چوارچێوەی هەماهەنگی رەشنووسەکە پەسەند نەکات کێشەکان دەگاتە بنبەست".

وتیشی "داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن لەپێناو ژیانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان سازش لەسەر هەندێک داواکارییەکانی بکات، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن چونکە 10 هەزار بەرمیل نەوت یان کەمتر ناگاتە ئەوەی فەرمانبەرێکی کوردستان برسییە، ماوەی 10 ساڵ بۆ 20 ساڵە رۆژانە دەیان هەزار تانکەر نەوت لە هەرێمی کوردستان دەبرێتەدەرەوەو کەس نازانێت داهاتەکەی چی لێدەکرێت".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan