ئابووری

چارەنووسی 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە نادیارە

مەودا میدیا - سلێمانی |


چارەنووسی 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە نادیارە
مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد لە 2025/9/27وە هەموو رۆژێک 50 هەزار بەرمیل نەوت لە کۆمپانیای سۆمۆ وەردەگرنەوە بەناوی پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ لە بەنزین و نەوتی ماڵان و گاز، تاوەکو ئەمڕۆ کۆی ئەو نەوتەی وەریانگرتووەتەوە سێ ملیۆن و 900 هەزار بەرمیلە کە چارەنووسی نادیارە.

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "پاساوی دەسەڵات بۆ گلدانەوەی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی رۆژانە بریتی بوو لە پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ لە بەنزین و نەوت و گاز بە نرخی حکومی گونجاو، کەچی خەڵک بەنزین و گاز بە نرخی بازرگانی دەکڕێت و نەوتەکەش کە بە (104 هەزار) دینار بە خەڵک دەفرۆشن بۆ ئەوەی خەڵک بە نرخی حکومی بزانێت لە بازاڕ بە قۆرخکاریی نەوتیان گرانتر کرد".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ئەو (50 هەزار) بەرمیل نەوتەی رۆژانە دەدرێتە پاڵاوگەکانی خۆیان (کارو لاناز)، یەک دیناری داهاتەکەی ( نە مایە نە قازانج) ناچێتە خەزێنەی گشتیی و وەزارەتی دارایی و بۆ ژیان و بەرژەوەندی خەڵک بەکار نایەت".

ئەوەشی خستەڕوو "داوا دەکەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە خەڵکی کوردستان بڵێت داهاتی ئەو نەوتە چی لێدەکەن و بۆ کوێ دەچێت، کە ئەمە ستەمێکی روونە دەسەڵات بەناوی حکومەتەوە لە خەڵکی فەقیرو هەژاری کوردستان دەکرێت".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan