دۆزی ژن

دڵپاک تاهیر: تائێستاش چارەنووسى هاوسەرەکەم نادیارە

مەودا میدیا - سلێمانی |


دڵپاک تاهیر: تائێستاش چارەنووسى هاوسەرەکەم  نادیارە
مەودا میدیا-

کۆرۆنا بەردەوامە، ئێمەش هەروەها، ئەو کۆڵ نادا و ئێمەش وەک چۆن لە بەرامبەر دوژمنى دیار و سەرسەخت کۆڵمان نەدا و بە ئومێدەوە خەباتمان کرد بۆ بەدەستهێنانى ئازادى و سەربەستى، هەرواش دوژمنى نادیار و بێ ئامانج کۆڵمان پێ نادا و بە لەبەرچاوگرتنى رێنماییە تەندروستییەکان، بەردەوامین لە کارکردن بۆ پڕکردنەوەى ئەو کەلێنە گەورەیەى کە لە مێژووى تۆمارکراوى گەلەکەماندا هەیە بە پشتگوێ خستنى خەبات و قوربانیدانى ژنان لە سەرجەم بوارەکاندا؛ هەر لە پێشمەرگایەتى و بەشداریی چالاکانە لە ریزەکانى رێکخستن و ئەشکەنجەى زیندان تا هاوکاریکردن و پشتگیریکردنى هاوسەر و کەسوکار لە بۆتەى خەباتدا. 

خاتوو دڵپاک تاهیر، بەهۆى کارى میدیاییەوە ئەستێرەیەکى دیارە و هەر بە ناوهێنانی زۆربەمان دەزانین کێیە، بەڵام ئەم خاتوونە جگە لە بوارى راگەیاندن، لە تەمەنێکى زۆر لاوییەوە تێکەڵاوى بوارەکانى سیاسەت و ئەدەبیش بووە و ماندوونەناسانە کارى کردووە و لەو پێناوەدا قوربانیی گەورەى داوە.

+ئەوە راستە کە تۆ بەهۆى کارى تەلەفزیۆن و راگەیاندنکارییەوە ناسراویت، بەڵام پێم باشە بتگەڕێنمەوە بۆ رابردوو و هەندێک بە وردیی بۆمان باس بکە کە دڵپاک تاهیر کێیە؟
-دڵپاک تاهیر دەروێش، ئێمە لە عەشیرەتى (کاوانی)ن، لە سەردەمانێکەوە کە باوکیشم بیری نییە، بەهۆى بارودۆخی سیاسییەوە لە باکورەوە هاتووینەتە سنوورى هەمەوەند و وەک خێزان، یەکێ لە گوندەکانى هەمەوەندمان لەگەڵ چەند خزمێکی تردا کڕیوەتەوە .

باوکم لە ساڵی 1945 بەهۆی ئیشەکەیەوە (سەربازی) چۆتە کەرکوک، لەوێ خێزانى پێکهێناوە و من و سێ براو چوار خوشك هەمومان لە کەرکوك لەدایکبووین.

خوێندنى سەرەتایی و ناوەندى و ئامادەیی پیشەسازی بەشى کارەبام هەر لە کەرکوک تەواو کردووە.

کاتێ من لەدایك بوم بەهۆی هەڵویستی سیاسیەوە باوکم لە حکومەت یاخی بوە چونکە سەر بە حزبی شیعی بوە، بۆیە تا ماوەیەکی زۆر نەیزانیوە من کچم بەڵکو دڵیان خۆش کردوە کە کوڕی بوە. ساڵی ١٩٧٠ هاوکات لەگەڵ بەیانی ١١ی ئازاردا من خرامە قوتابخانە سەرەتا وانەکانم عەرەبی بون بەڵام لە دوای مانگی ئازار خوێندن لەکەرکوک وەك دەرئەنجامی رێكەوتنەکە بوو بە کوردی تا پۆلی سێی ناوەندى بە کوردى خوێندومە.

لە قۆناغی ناوەندى، مامۆستایەکم بە ناوى (پەرژین تاڵەبانى) کاریگەریی بەسەرمەوە زۆر بوو، ئەو هەموو جارێک چارەکێکى وانەکانى تەرخان دەکرد بۆ سروود و شیعرى خۆشەویستیی نیشتمان. ئەمە و کاریگەریی خێزانەکەشم بوونە هۆى ئەوەى گیانی کوردایەتیم تیا ببزوێ، بەتایبەتى کاریگەریی مامۆستا پەرژین وایکرد بگەڕێم بەدواى شیعرى نیشتمانپەروەریدا و لەو رێگایەوە چوومە ناو دونیاى ئەدەب و شیعرەوە و دەستمکرد بە بڵاوکردنەوەى شیعر لە گۆڤارى (بەیان) و چەند رۆژنامەیەکى ئەو کاتە. کە ناوەندیم تەواو کرد، بەهۆی پەشیمان بونەوەی بەعس لە بەڵێنەکانی جارێکی تر لە کەرکوك خوێندن بووەوە بە عەرەبی، ئەمە بۆ من شۆکێکى گەورە بوو، من خوێندکارێکى زۆر زیرەك بوم هەموو قۆناغەکانم بە یەکەمی دەبڕی، بۆیە کە خوێندن بوو بە عەرەبی، زۆر لام قورس بوو. لای خۆمەوە ماوەیەك بڕیارم دا بایکۆتی خوێندن بکەم، بەڵام سودی نەبوو بۆیە بیرم کردەوە کە بچمە پەیمانگاى مامۆستایان، لەوێش داواى پشتگیریی حیزبی بەعسیان دەکرد، وازم لەوەش هێنا وبێ ئومێد بوم هەر لە ماڵەوە دانیشتم. دواى دوو سێ مانگ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم بڕیارمان دا بچینە ئامادەیی پیشەسازی، کە هەم زمانى عەرەبی و هەمیش بەعسیبوون مەرج نەبوو چونکە وانەی پراکتیکی تیا بوو، ئەوەم بەلاوە باشتر بوو لە دورکەوتنەوە لە خوێندن. لەوێش ئەو سێ ساڵەم زۆربە سەرکەوتوویی تەواو کرد بەرادەیەك نمرەیەکی هێند بەرزم هێنا کە لە کۆلیژی فرۆکەوانی وەربگیرێم کاتێ کە داوام کرد لەبەر بەعسی نەبون رەتکرامەوە. 

+چۆن تێکەڵاوى کارى سیاسیی بوویت؟ 
ساڵی 1979، لە قۆناغی یەکى ئامادەیی پیشەسازی کەرکوک چەند هاوڕێیەکى کوردی کوڕم ناسى کە بایەخیان بە ئەدەب و شیعر دەدا، منیش وەك ژنێك کە ئەزمونێکی تازەی ئەدەبیم هەبوو بوبومە جێ سەرنجی ئەو گروپە لە رێگاى شیعرەکانمەوە ئاستى نیشتمانپەروەریی منیان هەڵسەنگاندبوو دواى مانگێک لە پرۆسەى خوێندن پەیوەندییان پێوەکردم کە بچمە ریزەکانى کۆمەڵەى رەنجدەرانەوە دوای متمانە پێکردنم لە رێگاى خوێندکار (ئازاد ئەحمەد ئەسوەد) و مامۆستا عادل شەریفەوە بووم بە ئەندامى کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان. لەگەڵ ئەو کۆمەڵە گەنجە کاریگەری گەورەمان لەسەر رەوتی ئەدەب و سیاسی کەرکوک دروست کردبوو، هێندە پەیوەندیمان پتەو بوو بوبوە هۆی دروست بونی متمانەی تەواو لە نێوانمان، زۆرجار بە هاوڕێیانی شەقامی جمهوری ناودەبراین بەڕادەیەك کتێبیكمان بەناوی هاورێیانی شەقامی جمهوری بڵاو کردەوە کە تیایدا هەر یەکێکمان باسمان لە بیرەوەری رۆژە سەختەکانی شاری کەرکوک کردوە.

+بۆ ئەو ناوەتان لە خۆتان نابوو؟ 
-لە شەقامی جمهوری کەرکوک، کتێبخانەیەک هەبوو بەناوى کتێبخانەى ئاسۆ، ئەو کەسانەى ئارەزوویان لە ئەدەب و سیاسەت و شیعر بوایە، لەو کتێبخانەیە کۆدەبوونەوە. ئێمەش بۆ دوختنەوەی گومان بەناوی ئەدەبەوە ئەچوینە ئەو کتێبخانەیەو یەکترمان ئەبینی،  هەرچەندە زەمەن زۆربەمانی لێک دورخستەوە بەڵام لەگەڵ ئەو هاوڕێیانە تا ئێستاش پەیوەندیمان هەرماوە، ساڵانە یەک دەبینینەوەو پێکەوە وێنەیەك بۆ یادگاری رۆژە سەختەکانی کەرکوک دەگرین.گروپەکەمان بریتی بوو لە هاوڕێیان (د.مارف عومەر گوڵ، ئازاد شەیدا، کەریم پەرەنگ، د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، حەمەى حەمەباقى) وچەند کەسێکى تر. کاک ئازاد و مامۆستا عادل و چەند هاورێیەکی ترمان ئەوان چەند قۆناغێك لە پێش منەوە بوون دوای تەواوکردنی خوێندنەکەیان بون بە پێشمەرگە، بەڵام من مامەوە لە کەرکوک تا ئامادەیی پیشەسازیم تەواو کرد.پاشان منیش لە دوای ١٩٨٣ کەرکوکم بەجێهێشت وکەوتمە نێو ژیانێکی جەنجاڵی سیاسیەوە.

+کەی چوویتە تەلەفزیۆنى کەرکوک؟
-هەر ئەو ساڵەى کە چوومە ئامادەیی پیشەسازى کەرکوک، چوومە تەلەفزیۆنى کەرکوک و هەر ئەو ساڵەش بووم بە ئەندامى کۆمەڵە. بە پلان نەبوو کە چوومە تەلەفزیۆن، بەڵکوو بە رێکەوت بوو. بەهۆی عەشقی زۆرم بۆ شیعرو ئەدەب خۆم زۆر گوێگرى رادیۆى بەغدا بووم، کە بە زمانى کوردى بوو، زۆر شیعر و ئەدەبی تیا بوو، زۆر ئارەزووم دەکرد ببمە بێژەر لەو بەرنامە ئەدەبیانەی کە پێشکەش دەکران.

رۆژێکیان پەروین مەحمود، کە ئەو کات بێژەر بوو لە تەلەفزیۆنى کەرکوک، دەچێتە ناوەندیی کچانی ١١ی ئازار کە من پێشتر لەوێ بوم داوا دەکات ئەگەر کچێك ئارەزووى بێژەریی هەبێ بۆ تەلەفزیۆن، خوشکەکەشم دەڵێ: "خوشکم زۆر حەز بەو کارە دەکات." پەروینیش بە پەلە ناوى من دەنووسێ. ئیتر بۆ ئێوارە پەروین هاتە ماڵەوە و کارەکەى پێ راگەیاندم. بۆ بەیانى بەیەکەوە چووین بۆ تەلەفزیۆنى کەرکوک، یەکسەر پەروین منى خستە سەر خوێندنەوەى بڕگەیەکى تەلەفزیۆنەکە بە ناوی یادنامەی شەوکە تیایدا چەند هەواڵێکی هەمەرەنگی تیا بوو بێ ئەوەى لە روی ئەمنی و هونەریەوە تاقی بکرێمەوە. چونکە پەروین دەستگیراندار بوو مۆڵەتیان پێ نەئەدا هەتا کەسیك بۆ جێگاکەی مسۆگەر نەکات. بۆیە یەکسەر بووم بە بێژەرهەر چەندە بەرپرسە بەعسیەکانی تەلەفزیۆن ئەوەیان کرد بەکێشەی گەورە بەڵام بە هۆی زەرورەتی ژن لە تەلفزیۆنەکە و بەردەوامیم لە خوێندن گومانی سیاسی لەسەر من کەم کردەوە و کێشەکە بێدەنگی لێکرا.

بەڵام من لەو کاتەى کە لە تەلەفزیۆن بووم،  لەهەمان کاتدا ئەندامى کۆمەڵەى رەنجدەرانیش بووم، بەراستی تەلەفزیۆن کاری سیاسی منی قورستر کرد چونکە بوم بە کەسێکی ناسراو لەبەر چاوی خەڵکا ئاسان نەبوو کاری حزبی بێ کێشە ئەنجام بدەم، بەڵام کاری حزبی وای دەخواست زوو زوو سەردانی هاوڕێکانم بکەم لە بارەگای تیپى 21ى کەرکوک لە گۆپتەپە، چونکە کاک عادل کە بەرپرسى راستەوخۆم بوو، لەوێ پێشمەرگە بوو. تا دەگەیشتمە چەمچەماڵ بە جلى ئاسایی خۆمەوە دەڕۆیشتم، بەڵام لەدواى ئەوەوە جلوبەرگەکەم دەگۆڕی بۆ ئەوەى نەناسرێمەوە. تا چەمچەماڵ بە ئۆتۆمبێلى کرێ دەڕۆیشتم و لە چەمچەماڵ هاوڕێیەکى رێکخستن دەهات و دەیبردم. ئەو هاوڕێیە گەڵابەیەکى هەبوو کە هاتووچۆى ئاسایی بوو بەهۆى کارى شووشتنەوەى چەو و لم، زۆر جێگاى گومان نەبوو کە بچێتە لاى گۆپتەپەوە، لەوێشەوە جارێکى تر دەیهێنامەوە بۆ چەمچەماڵ. ئەم هاتووچۆیە بوو بەهۆى ئەوەى کە هەندێ کەس لە دەزگا ئەمنیەکانی بەعس راپۆرتم لەسەر بنووسن و بیدەن بە دامودەزگا ئەمنیەکانى ئەو کاتە. بەو هۆیەوە دەزگا ئەمنییەکان چەند جارێک بانگیان کردم بۆ پرسیار و لێپێچینەوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى هیچ بەڵگەیەکم نەدا بەدەستەوە، هیچم لەسەر نەدۆزرایەوە.

+داواى ئەنجامدانى چالاکییان لێ دەکردیت؟
- یەکێک لەو چالاکییانەى کە راسپێردرام ئەنجامى بدەم؛ کوشتنى بەڕێوەبەرى تەلەفزیۆنى کەرکوک بوو، کە ناوى ئیبراهیم ئەلدورى بوو، کاتى خۆى سکرتێری میشێل عەفلەق بوو. بانگیان کردم بۆ تیپی 21ى کەرکوک، لەوێ مام رۆستەم و چەند برادەرێک پێیان راگەیاندم کە هەوڵی کوشتنى ئەو بەڕێوەبەرە بدەم بەهۆى بۆمبێکى بچووکى تەوقیتى. بۆمبەکەیان پێم دا و هەرچۆنێک بوو لە رێگاى کتێبی خوێندنمەوە کە خۆم خوێندکار بووم بردمە ناو تەلەفزیۆن و هەموو ئامادەکارییەکم کرد کە بیخەمە جێگاى دانیشتنى ئەو بەڕێوەبەرە. ئەوەندەى پێنەچوو هەواڵێکیان نارد کە واز لەو کردەیە بهێنم، چونکە مام جەلال وتبووى داخستنى ئەو تەلەفزیۆنە  دەبێتە هۆی کێشەی گەورە بۆ کلتورو ئەدەبی کوردی وا دەکات مناڵی کورد چیتر گوێێ لە وشەی کوردی نەبێ ئەمە کاریگەری خراپ دروست دەکات، هەروەها پێی وا بوو کە کردنەوەی تەلەفزیۆنی کوردی بەرهەمی رێکەوتنامەی ١١ی ئازارە ناکرێ بەدەستی خۆمان دایخەین، بۆیە کارەکە ئەنجام نەدرا. 

+هەر سەر بە تیپى 21ی کەرکوک بوویت، یاخود لە رێکخستنەکانى ناوشاریشدا کارت دەکرد؟
-لەناو کەرکوک خۆم لە کۆمیتەى هێرش بووم، چالاکییە حیزبییەکانم لەناو شار لەو کۆمیتەیە بوو، کۆمیتەى هێرش یەکێک بوو لە کۆمیتە چالاکەکانی سنوری کەرکوك، هاوشێوەی کۆمیتەى ئاگر. 

هەروەها لەئەرکێکی تردا راسپێردرام بۆ کوشتنى قالە فەرەجی موستەشار، کە پیاوێکى خائین وداوێنپیس بوو، دەستى بە خوێنى دەیان کەسی تێکۆشەر سوور بوو. لە یەکێك لە سەردانەکانم بۆ گۆپتەپە مام رۆستەم و مامۆستا عادل و کوڕێکى خاڵم (شەهید ئیحسان)،  وتیان قالە فەرەج پیاوێکی لاوازە لەڕوی کەسایەتیەوە رەنگە تۆ بتوانی تۆڵەی ئەو کەسە تێکۆشەرانەی لێ بکەیتەوە بە بیانوی چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیەوە هەوڵ بدە لە دەرەوەی شار بیبینیت تا ئێمەش هاوکارت بین لە کوشتنی ئەو تاوانبارە. راستییەکەى، هەستی  کوردایەتى وایلێکردم کە بێ دوو دڵی رازی بم ، بەڵام کوڕە خاڵەکەم (شەهید ئیحسان) وتى: "ئەو پیاوە داوێن پیسە، ئەگەر ئێمە لە کارەکە سەرکەوتوو نەبووین، ئەوا دڵپاک دەکەوێتە داوى ئەو پیاوە زاڵمەوە  پاشان کێشەیەکی تریشمان بۆ زیاد ئەبێت، بۆیە من رازی نیم." بەڵام سیناریۆى کارەکە بەجۆرێکى تر گۆڕڕا. ئەوەبوو شەوێک من لە تەلەفزیۆن بووم، هەمان گەڵابە ئەو پیاوەى کە تەتەر بوو (غازی) هات بۆ تەلەفزیۆن و وتى: "زۆر پێویستە کە بچینە دەرەوە، ئیشم پێتە." هاتنەکەى غازى بۆ تەلەفزیۆن لە سەعات هەشتى شەو و رۆیشتنم بەو گەڵابەیە، گومانێکى لاى بەرپرسانى ئەمنیی تەلەفزیۆن لەسەر من دروستکرد، چۆن دەبێت کچێکى ناسکى جوانى گەنج لەگەڵ پیاوێکى بەتەمەنی شۆفێرى گەڵابە کە جلوبەرگێکى ناڕێکى پۆشیوە بڕوا، کە ئەمە جگە لە کارى سیاسى هیچ پەیوەندییەکى تر نییە ئاوا پەیوەندیەکەی من و غازیان بەیەکیانەوە بەستەوە. ئەوە بووە هۆى ئەوەى زیاتر چاوى ئەمنم لەسەر بێ. منى هەڵگرت و بردمى بۆ رەحیماوا، لە رێگا وتى: "میوانێک هەیە حەز دەکات بتبینێت." چووینە ماڵێک، نەمدەزانى ماڵی کێیە، هەر کە چوومە ژوورەوە پێنج کەس نووستبوون و سەرى خۆیان داپۆشیبوو، کە ئەو سڵاوى کرد هەموویان بەتانییەکەى سەرى خۆیان لابرد و خۆیان ئاشکرا کرد، سەیرمکرد (مامۆستا عادل، شەهید ئیحسان، فەرهاد) دوو کەسى تر بوون، کە هەموویان پێشمەرگەى تیپى 21ى کەرکوک بوون! بە راستی هاتنی پێشمەرگە بە چەك و تفاقی شەڕەوە بۆ ناو کەرکوک لە سەرەتای هەشتاکان کە بەعس لەوپەڕی دەسەڵاتدا بوو کارێکی ئاسان نەبوو ئەوە جگە لە تێکۆشەرەکانی یەکێتی بە تایبەتی قارەمانەکانی تیپی ٢١ی کەرکوک هیچ کەسێکی تر نەیدەتوانی ئەو کارە بکات. کە دانیشتین و پرسیاری هۆکاری هاتنەکەیانم کردم ؟ وتیان: "تۆ قالە فەرەجت بۆ نەکوشتین (وەک پلارێک)، ئێمە هاتووین بیکوژین." هەروەها وتیان: "ئارەزووى پیاسەیەکى ناوشارمان هەبوو، بیرى شار دەکەین، حەز دەکەین پیاسەیەکمان لەگەڵ بکەیت." بە ئۆتۆمبێلێکى جۆرى میسیۆبۆشى، کە رەنگى سەربازیی بوو رۆیشتین، هی (ئازادی حاجی) بوو کە خۆى ئەفسەری سوپای عیراق بوو، بەڵام هاوڕێى خۆمان بوو و پەیوەندیی بە کۆمەڵەوە هەبوو. سوارى ئۆتۆمبێلەکە بووین و چووین بۆ شۆڕیجە، نەمدەزانى ئامانجى شاراوە لە بردنى من چییە بۆ ئەوێ، لە پێشى ئۆتۆمبێلەکەدا دانیشتبووم، کە گەیشتینە کۆڵانێک ئۆتۆمبێلێک بەرەو روومان هات، پێشمەرگەکان شڵەژان و یەکێکیان وتی: "تەقە بکەن." ئەوى تریان وتی: "تەقە نەکەن، کۆڵانەکە داخراوە." ئەو ئۆتۆمبێلەى کە بەرەو روومان هات قالە فەرەج بوو. لەوە دەچوو قالە فەرەجیش کەسەکانى بۆ ئاشکرا بووبێ، منى وەک دەموچاوێکى تەلەفزیۆن ناسراو ناسییەوە، دیاربوو ئەویش شڵەژابوو و تەقەى نەکرد، هەرچۆنێک بوو هەردوولا لە دەست یەکتر دەرباز بووین و منیان بەپەلە ناردەوە بۆ ماڵەوە و خۆشیان هەر ئەو شەوە گەڕانەوە و شاریان بەجێهێشت.

دواى ئەو رووداوە، قالە فەرەج کەوتە سۆراغکردنی من، لە رێگاى هاتووچۆی دەوامم بۆ خوێندن ئۆتۆمبێلى قالە فەرەجم زۆر رۆژ بەدواى خۆمەوە دەبینی. لەدواى ئەوە هەر ئەو هاوڕێیانەم بانگیان کردم، وتیان: "ئەمن بەدواتەوەن، هەر کاتێ بیانەوێت دەتگرن، باشترین چارەسەر ئەوەیە خۆت رزگار بکەیت." 

+بڕیارى چیت دا، خۆشاردنەوە یان چوونە دەرەوە؟
-ئەگەر بڕۆیشتمایە ئەوا ماڵی باوکم دەکەوتنە بەر هێرشی دامودەزگاکانى بەعس، بۆیە بڕیار بوو بە شێوازێکى تر بڕۆم، کوڕی خاڵەکەم بێت و لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەى تەلەفزیۆن کە شەوان لە تەلەفزیۆنەوە دەیبرمەوە بۆ ماڵەوە، من و ئۆتۆمبێل و شۆفێرەکە بفڕێنن، بەڵام بەهۆى ئەوەى ئەو پێشمەرگانە لە نزیك لەیلان کەوتبوونە کەمینى جاشەوە، سەرینەگرت، بۆیە منیش بڕیارم دا کەرکوک بەجێبهێڵم و هاتم بەرەو سلێمانى  بەڵام دوای هەفتەیەك سلێمانیم بەجێهێشت چونکە بارودۆخی سلێمانی بۆ من لەبار نەبوو تیا بژیم، لە دواییدا چووم بۆ هەولێر. هەرواش دەرچوو لەسەر من باوک و دایکم گیران، زۆر باوکمیان ئازار دابوو و بەو هۆیەوە چاوێکی لەدەستدابوو.

کە چوومە هەولێر، ماوەیەک خۆم شاردەوە تا مفاوەزاتى 1984 بە خۆشاردنەوە لە هەولێر مامەوە. لە دواى مفاوەزات، خۆم ئاشکرا کرد و لە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی هونەری هەولێر بە گرێبەست دامەزرام. بۆ ئەوەى لەو فەرمانگەیە بەرچاو نەبم، ئەو کارەى کە کردم لەناو فەرمانگەکە بەرگدروویی بوو. 

دواى تێکچوونى مفاوەزات، جارێکى تر کەوتمەوە بەر چاوى ئەمن. ئەم جارەیان پێیان وتم: "تۆ شووت کردووە و مێردەکەت پێشمەرگەیە دەبێت بچیت بیهێنیتەوە." کە ئەمە هیچ راستییەکى تیا نەبوو.

+باشە کەى هاوسەرگیریت کرد؟
-کاتێ لە هەولێر بووم، بەهۆى نەبوونى ئەکتەرى کچەوە بەشداربووم لە هەندێ شانۆگەرى. یەکەم شانۆگەری، شانۆگەری قەڵای دمدم بوو، کە رۆڵی دولبەرم دەبینی. ئەمە بووە هۆى دەرکەوتنم وەک ئەکتەرێک. وامدەزانى عەرەب شەمۆ ئەم کاراکتەرەى بۆ من نووسیوە، خۆمم زۆر تیا دەبینییەوە.

لەو سەروبەندە و بەهۆى تێکەڵ بوونم بە جیهانى ئەکتەرەکان، من کەریم عوسمانم ناسی کە جارجارە دەهات بۆ بینینى ئەو نمایشە شانۆییانە. لە کۆتایی ساڵی 1986 لە بەڕێوەبەرایەتى رۆشنبیری بووم، رۆژێکیان کەریم و فازل قەساب هاتن بۆ فەرمانگە بۆ لام. ئەو کاتە ئەوان بە بڕیاری ٧٣٦و ٧٣٧ بوبون بە سەرباز کە ماوەیەکی کەم دەبونە سەربازو پاشان لە سوپا نەئەمان ئەم بریارە تایبەت بوو بە خزمەتی کورد لە سوپای عیراقدا، کەریم وتى: "من بەتەمام شیعرى بەردەقارەمانى شێرکۆ بێکەس تۆمار بکەم بە دەنگى خۆم و پێویستم بە تێکەڵکێشی دەنگى تۆشە لەگەڵ دەنگی مندا" منیش بێ دوو دڵی رازی بووم بە داواکارییەکە.  ئەوە وایکرد پەیوەندیمان زیاترلە یەک نزیک ببێتەوە. 

پاش ماوەیەک چووم بۆ بینینى شانۆگەرى (مانگی ئاوا بوو) کە تیپى شانۆی سلێمانى لە هەولێر نمایشیان دەکرد، لەوێدا جارێکى تر کەریمم بینییەوە و پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانمان دروست بوو. 

+پێش ئەوەى هاوسەرگیری بکەیت لە هەولێر لە کوێ دەژیایت؟
-ئەو ماوەیەلەگەڵ خوشکێکم  لە شوقەیەک  لەگەڵ ژنێکی بێوەژن بەناوى نەزیمە، کە خۆى و سێ منداڵ بوون پێکەوە دەژیان، نەزیمە ژنێکی بێ مێرد بوو خەڵکی زاخۆ بوو، زۆر میهرەبان و ژنانە بوو، بەراستی ئەو دوری دایکی راستە قینەی لە بیربردبوینەوە، لەهەمان کاتدا توشی سەرئێشەی زۆر بوو بەهۆی باری خراپی سیاسی منەوە، رۆژ نەبوو ئەمن لە دەرگا نەدات ونەزیمەو دەرگایان لێ نەکاتەوە، ماندوو بوو بەڵام هەرگیز ئەو ماندووبونەی بە زارەکی دەرنەئەبڕی.

لە دوای تەواو بونی شانۆگەری مانگی ئاوابوو ئیتر کەریم عوسمان هێزی ئەژنۆی نەمابوو بەجێم بهێڵێ بۆیە کەسوکاری چونە کەرکوک و پرۆسەی داخوازی تەواو بوو. بەڵام دوای ئەوە ئیتر کەوتینە ناو کێشەی گەورەی مارە بڕین وپرۆسەی هاوسەرگیری کە زۆر سەخت بوو لەبەر دوو هۆکار: یەکەم، خاوەنی هیچ سەرچاوەیەکی دارایی نەبوین. دوهەم، باری ئەمنی هەردوکمان زۆر خراپ بوو. بەڵام یادی بەخێر حاجی مەکی و هاوڕێی دڵسۆزمان کاک هاشم جەباری توانیان هەرچۆنێك بێت پرۆسەی مارەبڕین لە دادگای کەرکوک تێپەڕێنن. بەڵام نە جێگامان هەبوو نە پارە لەوەشدا نەزیمە وەك دایکێكی دڵسۆز وتی: شوقەکەی خۆمتان پێ دەدەم و خۆم ومناڵەکانم ئەچین بۆ زاخۆ هەتا ئێوە جێگایەك ئەدۆزنەوە، بەو شێوەیە ماینەوە تا چەند مانگێك و ئیتر شوێنێکمان پەیدا کردوو بە سوپاسەوە شوقەکەمان تەسلیم بە نەزیمە کردەوە. ئیتر ژیانمان لەهەولێر دەست پێکرد کەریم بەهۆى ئەوەى لە کارى سیاسیی بەشدار بوو، هەروەها بەهۆى بارى ئەمنییەوە هاتە هەولێر و لە هەولێر ماڵێکى هەژارانە و کەمدەرامەتمان پێکهێنا و ژیانێکى تا بڵێی لە رووى داراییەوە زۆر خراپ بوو. بەو جۆرە ژیاین تا ساڵی ١٩٩١ی کە ڕاپەرینە مەزنەکە بوو پاشان یەکێتی کەوتە رێکخستنی  ئۆرگانەکانی لە یەکەم کۆبوونەوەى رێکخستن بەسەرپەرشتی مام جەلال بوو لە شەقڵاوە. لەو کۆبوونەوەیە، شەهید دیدەوان نامەیەکى بۆ مام جەلال نووسیبوو، کە لەم هۆڵە کادیرێکى زۆر باشی راگەیاندن هەیە داواى لێ بکەن بەشدار بێ لە کەناڵی تەلەفزیۆنی هەولێر. لەو کۆبوونەوەیە، مام جەلال فەرمانى پێ کردم لە کەناڵی هەولێر دەستبەرکاربم. بۆ بەیانییەکەى کاک ئەرسەلان خۆی هات و بردمی بۆ سەر قەڵا بۆ تەلەفزیۆن. لەناو تەلەفزیۆن کاک ئەرسەلان وتى: "ئەمە دڵپاکە، بە بڕیارى مام جەلال و مەکتەبی سیاسی و مەڵبەندی هەولێر و خۆشم لێرە دەستبەکار دەبێت."  جگە لە کاک ئەرسەلان د.فوئاد مەعسوم پشتیوانێکى زۆر بەهێزم بوو، هەر ئەویش پێشنیارى کەریمى کرد بۆ ئەوەى ببێ بە بێژەر. ئیتر تا ساڵی 1994 بەیەکەوە لەگەڵ کەریم لە تەلەفزیۆنمان کارمان دەکرد.

بەهۆی تواناو بونی جەماوەرێکی زۆرەوە لە 3ی ئەیلولی 1994، لەلایەن پارتییەوە بە مەبەستى کوشتن هەردووکمان تەقەمان لێکرا. لەدوای ئەو رووداوە کە هەردووکمانی تیا برینداربووین، ژیانمان وەرچەرخا. ژیانمان گۆڕا و ترسى لەناوبردنمان زیادی کرد، بەڵام ملمان نەداو بەردەوام بوین لە کاری راگەیاندن، دەبوایە بە ئۆتۆمبێل و پاسەوانەوە بسووڕێینەوە، بۆیە کارى سیاسی بوە کاری سەرەکیمان. 

+دواى ئەوەى لە 31ی ئاب شەڕی ناوخۆ گەیشتە ترۆپک، چارەنووسى ئێوە چی بوو، چیتان کرد لەو کاتەدا؟
-31ى ئاب، هەرگیز لە بیرەوەریمدا کاڵ نابێتەوە، سەرلەبەیانى رۆژى 31ی ئابى 1996، رۆژێک بوو هەموو شتەکانى لە رۆژانى تر نەدەچوون. لە کاژێر 5ی بەیانیی بە دەنگی تۆپ لە خەو هەڵسام، گوێم رادێرا دەنگەکان تا دەهات نزیکتر دەبوونەوە، سەرەتا لام ئاسایی بوو، چونکە پێشتریش چەند جارێک سوپاى عیراق گەڕی بە هێزى پێشمەرگە دەکرد و تۆپبارانى سەنگەرەکانیان دەکرد، بۆیە تا رادەیەک خەڵکى هەولێر ئاشنابوون بە دەنگى تۆپ، بەڵام ئەوەى کە ناسروشتیی بوو نزیککەوتنەوەى دەنگەکان بوو، کە ئاماژە بوو بۆ پێشڕەویی سوپاى عیراق. دواى کاژێر 9ی بەیانى لە هەموو دەروازەکانى هەولێرەوە تانکى عیراق بە ئاڵاى عیراقەوە هاتنە ناو هەولێر، هێزەکانى پارتیش لەناو تانکەکان خۆیان حەشار دابوو. 

ماڵی ئێمە لە خانووەکانی گوندى سەربازی بوو لەسەر رێگاى عەینکاوە بەرامبەر بیناى پەرلەمان، دیمەنێک کە هەمیشە دەمهەژێنێ، وێنەى ئەو تانکە بوو کە پڕ لە چەکدارى پارتی بوو و رووی کردە پەرلەمانى کوردستان و دواى گەیشتنیان یەکسەر ئاڵاى کوردستانیان لەسەر بیناکە لادا و ئاڵاى عیراقیان لەبرى ئەو هەڵکرد. 

هەتا گەیشتنى تانکەکان، هەر لە خەیاڵی ئەوەدا بووم بۆچی پێشمەرگە نەیتوانیوە بەرگریی بکات!؟ هەتا دەرکەوتنى چەکدارەکانى پارتى لەو باوەڕەدا نەبووم کە هەماهەنگیی لەنێوان پارتى و حکومەتدا بگاتە رادەى تێکشکانى براکان، بۆیە ئەم تراژیدیایە هەتاهەتایە لە بیرەوەریی مندا کاڵ نابێتەوە و برینێکە ساڕێژبوونى بۆ نییە.

دواى گەیشتنى پارتى بە هاوکاریی سوپاى عیراقیی ئەوکات، من و شەهید کەریم عوسمانى هاوسەرم بڕیارمان دا ماڵەکە بەجێبهێڵین و بڕۆین بۆ ماڵی چەند هاوڕێیەکمان. ماوەى دوو شەو و ڕۆژ لەگەڵ مامۆستا حسێن عارف و مامۆستا کەمال رەئوفى راگەیاندنکار لە ماڵی د.مارف خەزنەدار ماینەوە، پاشان هەریەکەمان بەرەو شوێنێکى تر ئەو ماڵەمان بەجێهێشت. من و شەهید کەریم چەند رۆژێک لاى هاوڕێیەکى دڵسۆز ماینەوە تا 5ی ئەیلول، بەڵام هەر لەو رۆژە شەهید کەریم لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکى یەکێتی بەرەو سلێمانى و سەنگەرەکانى یەکێتی بەڕێکەوتن، منیش 24 کاژێر لەدواى ئەو هەردوو کچەکەم لاى خوشکەکەم لە هەولێر بەجێهێشت و لە رێگایەکى ترەوە بەرەو سنوورى قەڵادزێ بەڕێکەوتم. 

بەداخەوە شەهید کەریم و هاوڕێکانى لە رێگا کەوتبوونە ناو کەمینى پارتییەوە، دواى چەند رۆژێک سەرجەم هاوڕێکانى ئازاد کران، بەڵام چارەنووسى شەهید کەریم هەتا ئێستاش نادیارە، لەدواى چەندین ساڵ سۆراغکردن لە رێگاى شاندى دانوستانى یەکێتی و پارتى، پارتی ئامادە نەبوو چارەنووسى رابگەیەنن. 

تا دەهات پارتى بە پشتیوانیی سوپاى عیراق بەرەو ئەو ناوچانە دەکشا کە لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا بوو. رۆژێک پاش دەرچوونى کەریم، بەرەو سنوورەکانى ئێران رۆیشتم تا گەیشتمە کێلێ. لەو سەفەرە دڵتەنگ و چارەنووس نادیارەدا، لەگەڵ ناهیدە خانى خێزانى ئازاد جوندیانى و خاتوو کنێر عەبدوڵڵا هاوسەفەر بووین. دواى ئەوەى حکومەتى ئێران دەروازە سنوورییەکانى بەڕووماندا کردەوە، گەیشتینە کێلێ و لەوێ لەگەڵ خاتوو فریاڵ عەبدوڵڵا و هاوسەرەکەى پێکەوە چادرێکمان وەرگرت و بڕیارمان دا بەیەکەوە بژین.

ژیان لە کێلێ بۆ من زۆر سەخت بوو؛ لەبەرئەوەى بارودۆخەکە نامۆ بوو بۆم، ئاوهەواش زۆر سەخت بوو، بە رۆژ لە گەرما هەڵدەپروکاین و بە شەویش لە سەرما هەڵدەلەرزین، ئەمە جگە لە بوونى دوپشکێکی زۆر، بۆیە بەیانیان دەچوومە سەر شاڕێگەکە و لە خەڵکەکەم دەڕوانى. رۆژێکیان کاژێر 9ی بەیانى، ئۆتۆمبێلێک لەبەردەمما راوەستا، کاتێ سەرم هەڵبڕی، کاک جەبار فەرمان بوو، وتی: "ئەوە تۆ چی دەکەیت لێرە! بۆ لاى هاوڕێکانت نیت؟" تا ئەو ساتە من هیچ هەواڵێکى کەریم و منداڵەکانم نەدەزانى، نەشمدەزانی هاوڕێکانی راگەیاندنم لەکوێ گیرساونەتەوە، هەمیشە لە ئومێدی ئەوەدا بووم کەریم لە هەنگاوەکانى داهاتوومدا ببینم، بەڵام بەداخەوە ئەو خەونەم هەر نەهاتەدى. وەڵامی کاک جەبارم دایەوە و وتم: "نازانم، کاک جەبار خەریکە شێت دەبم، رزگارم بکە." کاک جەبار هاتبوو بۆ سەردانى ئەو پێشمەرگانەى کە لەگەڵ ئیسلامیەکاندا کەوتبونە سەنگەر لێکگرتن، بەداخەوە ئیسلامیەکان فرسەتى ئەوەیان بۆ هاتبووە پێش کە یەکێتی لە پشتەوە بە پارتی و حکومەتی عیراقی تەوقدراوە ویستیان تا لە دارشمانە گورزێک لە یەکێتی بوەشێنن.  ئەو وتى: "لێرە بمێنەرەوە، دەچمە سەردانى پێشمەرگەکان و دەگەڕێمەوە، دەتوانم بتگەیەنم بە هاوڕێکانى راگەیاندنت لە قاسمە رەش." بە درێژایی ئەو رۆژە ئومێدم بە کاک جەبار بوو کە لەو کابوسە رزگارم بکات، هەندێ جار بێئومێدیی دایدەگرتم  و هەندێ جار ورەى خۆمم بەرز دەکردەوە. ئیتر ئەوەبوو کاژێر 4ی پاش نیوەڕۆ پەیدا بوو، کاتێ سەرکەوتم، لەهەمان ئۆتۆمبێل خێزانەکەى کاک مستەفاى سەید قادر و خوشکێکی و منداڵەکانی دانیشتبوون، پێکەوە بەرەو سەردەشت بەڕێکەوتین. 

لەو سەفەرەدا من پێڵاوم لە پێدا نەمابوو، کاک جەبار لە رێگا شۆفێرەکەى راگرت و دوورکەوتەوە، کە هاتەوە جووتێک پێڵاوى پیاوانەى بۆى کڕیبووم. دەمەو ئێوارە گەیشتینە قاسمە رەش، بینیم هەموو ستافى راگەیاندن: (فریاد رەواندوزی، دڵشاد عەبدوڵڵا، شەپۆل فاخیر مێرگەسوورى، ستران عەبدوڵڵا، نەوزاد عەلی ئەحمەد، عەباس بەدری و خێزانەکەی، کەژاڵ ئەحمەد)ی  لێیە و لە یەک ژووردان، زۆر دڵخۆش بووم بە بینینیان بەڵام سیمای کەریم بۆ ساتێکیش لەبەر چاوم ون نەدەبوو هەتا ئازاد کردنی سلێمانی پێکەوە وەک یەک خێزان ماینەوە. 

+ بەو بارە دەرونیە خراپەوە چۆن لە زەڵێ ژیای؟
-رۆژانە لە کاژێر 9ی بەیانییەوە دەچوومە زەڵێ بۆ بارەگاکانى مام و لەوێ چاوەڕوانى هەواڵم دەکرد، بەڵکوو کەسێک هەواڵی کەریمم بۆ بهێنێ، کەس نەمابوو هەواڵی کەریمی لێ نەپرسم. تا رۆژێک مام جەلال وتى: "وەرە چیرۆکەکەم بۆ باس بکە، بزانم چیتان بەسەرهاتووە؟" مام جەلال دڵی دەدامەوە و دەیوت: "ورەت بەرز بێت" و ئومێدى گەڕانەوەى کەریمى بەسەلامەتى پێ دەبەخشیم بەڵام تەواوی زانیارییەکانی لە دڵی خۆیدا هەڵگرتبوو. 

هەتا بەیانییەک یەکێک لە پێشمەرگەکانى کاک قادر عەزیز کە ئەوکات زەحمەتکێشان بوو، وتى: "ئەرێ نەتزانیوە کاک کەریم لە 5ی ئەیلولی 1996 لەلایەن هێزەکانى ئەکرەم مەنتکەوە گیراوە." ئەمە یەکەم هەواڵی کەریم بوو کە بیستم و تووشى شۆک بوم. ئیتر لەو کاتەوە پرسیارەکانم گۆڕان لەوەى لە کوێیە، بۆ ئەوەى ئایا ماوە؟ دەیبینمەوە؟ کە ئەم پرسیارە تائێستاش لە ناخمدا گوزەر دەکات و بێ وەڵامە. 

ئیتر بەپەلە چوومەوە زەڵێ، لەوێ د.فوئاد مەعسوم میوانى مام جەلال بوو، تازە لەزیندانی پاراستن ئازاد کرابوو. کاتێ پرسیارم لە د.فوئاد کرد، وتى: "بەڵێ من دڵنیام کاک کەریم گیراوە، لە پاراستنى پارتییە لە مەسیف، چونکە کاتێ منیان لە ژوورێکەوە بۆ ژوورێکى تر دەگواستەوە، ئەو پاسەوانەى کە منى دەبرد پێی وتم؛ سەگە هارەکەتان لەو ژوورەیە، دوایی تێگەیشتم مەبەستى کاک کەریم عوسمانە."  بەو جۆرە ژیانێکى سەربەرزانە، بەڵام تاڵ، بۆ ماوەى 40 رۆژ لەنێوان قاسمە رەش و زەڵێ، بێ کەریم و سۆنیا و ڤانیا دەمگوزەراند.

+ئەی چارەنوسی  منداڵەکانت ؟
-ئەو رۆژانەی دەچومە زەڵێ بەردەوام چاوم بە هێرۆخان دەکەوت ئەو زۆر هاوکارم بوو، چی لە ڕوی مادیی یان مەعنەوی تا دەمرم قەرزاری ئەوم، هەمیشە سۆزی دایکێکی میهرەبانی پێداوم زۆر چاکەى بەسەرمەوە هەیە بەهیوام هێندەی بەخشندەیی خۆی خوا بیپارێزێت. ئەو دەیزانى کە زۆر ماندووى ئەو بارە دەروونییەم، ئەوە حاڵی کەریمە و منداڵەکانیشم لانییە. رۆژێکیان وتی هەواڵی مناڵەکان ئەزانیت؟ وتم بەڵێ لە سلێمانین وتی کەس نیە بیانهێنێت وتم تەنها قاچاخچی چونکە کەس ناتوانێ هاتوچۆ بکات لە ترسی پارتی، وتی کەسێك بدۆزەرەوە وپێم بڵێ، پاش ماوەیەك ناوی ژنێکیان برد کە ئەتوانێ هاتوچۆ بکات بە حوکمی هێنانی کەلوپەل  بۆ سەر سنور، هێرۆخان تێچوی هێنانی کچەکانی پێدام  لەگەڵ دوو دەست جل کە مام رەحمان قەشقەی نارد لە سەردەشت بۆیان کڕیم، وتی هەرچیت پێویست بوو پێم بڵێ.ئەوە بوو مناڵەکان لە 12ی تشرینى یەکەم گەیشتنە لام، لە 13ى تشرینى یەکەم سلێمانى ئازاد کرا. دیسانەوە چوومەوە بۆ لاى هێرۆ خان داوام لێکرد کە کار ئاسانیم بۆ بکات تا بچمەوە بۆ سلێمانى بۆ سۆراغى کەریم. 

+لەو کاتەدا کۆمەڵێک لە ژنانى دیار و تێکۆشەر لەو ناوچەیە بوون، بەچییەوە سەرقاڵبوون؟
-لەگەڵ رێکخستنەوەى پێشمەرگەکاندا بۆ گرتنەوەى شارەکان لە ژێر دەسەڵاتى پارتی و حکومەتى عیراق، لەگەڵ چەند ژنێکى تێکۆشەر: (کافیە سڵێمان، پەخشان حەفید، گەلاوێژ جەبارى، گوڵاڵەى مامە عەزە) بیرۆکەى ئەوەمان بۆ هات  کە ئێمەش شانبەشانى برا پێشمەرگەکان بەشداربین لە گرتنەوەى شارەکان. بیرۆکەکەمان بە مام جەلال وت. مام داواکارییەکەى رەتکردینەوە نەک لەبەر بێتوانایی ئێمە، بەڵکو ئەو ڕای وابوو کە هێشتا زەمینە لەبار نیە بۆ ئەو کارە، چونکە ئەو شەرەی کە پێشمەرگەکانی یەکێتی بۆی دەچون شەڕی مان ونەمان بوو بۆ ئێمەی ژنانی بێ ئەزمون لە کاری سەربازی ئاسان نەبوو، بەڵام مام بێ ئومێدی نەکردین، وتى: "لە دەرفەتێکى گونجاوتردا پلانەکەتان جێبەجێ دەکەم." 

دواى گەڕانەوەمان بۆ سلێمانى، یەکەم هەنگاو؛ کارکردنم بوو لە پەیوەندییەکانى دەرەوە بە فەرمانى مام جەلال و یەکەم ژن بووم کە فەرمانی ئەندامی مەکتەبم پێدرا، کە تەنها سێ ئەندام مەکتەب بوین و مام خۆی سەرپەرشتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەکرد. 

+ئەى بەڵێنەکەى مام سەبارەت بە بیرۆکەکەتان بۆ بەشداریی ژنان لە هێزى چەکداردا بەکوێ گەیشت؟
-خەونى بەشداریی ژنان لە هێزى چەکداریدا کۆتایی نەهاتبوو، مام لە یەکەم کۆبوونەوەى مەڵبەندى یەکى سلێمانى، فەرمووى: "ژنان لە شاخ ئەو داواکارییەیان هەبوو، ئێستا من پشتیوانیانم بۆ دروستکردنى هێزێکى تایبەت بۆ خۆیان." هەر لەو رۆژەدا هێزى پێشمەرگەى ژنان دروست بوو، منیش بووم بە یەکێ لە ئەندامانی دەستەى دامەزرێنەری ئەو هێزە. لە زۆربەى کار و چالاکییەکانیاندا بەشداربووم، بەڵام لە دوای کەوتنە سەرکاری هێزەکە من گەڕامەوە سەر کارەکەی خۆم لە پەیوەندییەکانی دەرەوە چونکە توانیم کەسێك بە جوانی بۆ جێگاکەی خۆم پەروەردە بکە. 

+بەهۆى ئەوەى ئەزموونێکى زۆرت هەبوو لە کارى راگەیاندندا، هەوڵت نەدا کە لەو بوارەشدا خزمەت بکەیت؟
-شانبەشانى کارى پەیوەندییەکان، لە دانانى بناغەى تەلەفزیۆنى (خاک)یشدا رۆڵی بەرچاوم هەبوو، یەکەم بەرنامەى هەفتانەى ئەو کەناڵە، بەرنامەى من بوو، ماوەى پێنج ساڵ بەردەوام بەرنامەى (رێپۆرتاژ)م پێشکەش دەکرد. بە هەمان شێوە لەگەڵ دامەزراندنى کەناڵی ئاسمانیی کوردساتیشدا، یەکەم بەرنامەى هەفتانەى پێشکەشکراو، بەرنامەى رێپۆرتاژ بوو.

لەدواى مەکتەبی پەیوەندییەکان، ماوەى چەند ساڵێک وەک ئەندامى مەکتەبی پەیوەندییە کوردستانییەکان دەست بەکار بوم. ئەرکى سەرپەرشتیکردنى نۆ حیزبی چەپى کوردستانیم لەسەر شان بوو. پاشان لەسەر بڕیارى مام، چوومە مەکتەبی رێکخستن، وەک یەکەم ئەندام مەکتەبی ژن لە مەکتەبی رێکخستن، چەند ساڵێک لە بەشى کارگێڕی و چاودێریی کارم کرد. هاوکات لەگەڵ ئەو ئەرکانەمدا، خوێندکارى یەکەم خولی کۆلێژى یاسای ئێواران بووم. 

ساڵی 2002 لە رێگاى رێکخراوى نێودەوڵەتیی بۆ پەناهەندە (UNHCR)، روومکردە وڵاتى ئوسترالیا و ماوەى حەوت ساڵیش لەوێ مامەوە. پاش بەدەست هێنانی بروانامەی چەندین خولی زمان و راگەیاندن لە دواى ساڵی 2008 جارێکى تر گەڕامەوە بۆ کوردستان و چوومەوە سەر کارەکەى پێشووم لە مەکتەبی پەیوەندییەکانى دەرەوە دەستمکردەوە بە کار. لەهەمان کاتدا بووم بە خوێندکارى ماستەر لە زانکۆى سلێمانى لە یاسای نێودەوڵەتی و لە ساڵی 2018 گواسترامەوە بۆ مەکتەبی راگەیاندنى یەکێتی هاوکات وەك مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کارم دەکرد، وەک ئەندامى مەکتەب و دواجار بووم بە خاوەنى بڕوانامەى دکتۆرا لە یاسای نێودەوڵەتى.

لە کۆنگرەی چواری یەکێتیشدا وەك ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەڵبژێردرام و ئەرکی لێپرسراوی کۆمسیۆنی مەکتەبەکانی یەکێتیم پێ سپێردرا.

ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) بەتایبەت بۆ مەودا میدیا سازی كردووە
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن