عارف قوربانی

عارف قوربانی

كێشەكە نەبوونی پارە نییە

 مەودا میدیا-

هەر كام لەو وڵاتانەی لە جیهاندا وەك نموونە باسدەكرێن كە خاوەن سیستەمێكی ئابووری تۆكمە و چەسپاون و بەڕێوەبردنی سیاسەتی ئابوورییان بەشێوەیەكی دامەزراوەیی پێشكەوتوی سەردەمیانە بەڕێوە دەبرێت، ئەگەر بڕیار بدەن لە ماوەی مانگێكدا كۆمپانیا و سەرمایەدار و هاووڵاتییەكانیان، هەموو سەرمایەو ئەو پارەو سامانەی هەیانە لە بانكەكان دەریبێن و بیبەنەوە ماڵەكانیان، بەدڵنیاییەوە، سیستەمی ئابووری ئەو وڵاتە دادەڕووخێ و رووبەڕووی قەیرانی دارایی گەورە دەبێتەوە.
 
كێشەی دارایی كوردستان لێرەوە سەرچاوە دەگرێت كە هەر لە بنەڕەتەوە سیستەمی بانكیمان نییە و بەڕێوەبردنی دارایی بە دامەزراوەیی دانەمەزراوە. 
ئەمەش وایكردووە پارەی كوردستان یان لە ماڵەكان قایم بكرێت یاخود لە بەرانبەر بەرهەم و كاڵایەكدا بڕواتە دەرەوە، واتە لەناوخۆی وڵاتدا نەخولێتەوەو دەستاودەستی پێنەكرێت. تاوەكو چارەسەری ئەمەش نەكرێت كوردستان ناتوانێ قەیرانی دارایی تێپەڕێنێت، تەنانەت ئەگەر خۆی بتوانێت پارەش چاپ بكات.
 
سەرچاوەی قەیرانەكە ئەمەیە، نەك لەبەرئەوەی ملیۆنێك و دووسەت هەزار مووچەخۆرمان هەیە و هەندێك پێیانوایە بۆ میللەتێكی شەش ملیۆنی لە هەرێمێكی بچووكدا ئەو ژمارەیە زۆرەو دەبێتە بارێكی قورس بەسەر داهاتی گشتی هەرێمەكەوە. بە تێگەیشتنی بەشێك لە دەسەڵاتداران ئەگەر رێژەی ئەوانەی مووچە وەردەگرن كەمبكرێتەوە واتە مووچەخۆر كەمبكرێتەوە، یان ئەو بڕە مووچەیەی وەریدەگرن كەمبكرێتەوە، واتە مووچەكەیان كەمبكرێتەوە، كێشەی دارایی نامێنێ و بەسەر قەیرانی داراییدا زاڵ دەبن. كە لە بنەڕەتدا ئەمە تێگەیشتنێكی هەڵەیە و زۆر لە وڵاتە گەشەكردووەكان و پێشكەوتووەكان كە خاوەن سیستەم و سیاسەتێكی ئابووری سەركوتوون، هەموو هاووڵاتیانیان رێژەیەكی دیاریكراو پارەی مانگانە لە حكومەت وەردەگرن، لەكاتێكدا خاوەن نەوت و سەرچاوەكانی دیكەی وزەش نین، بگرە ساڵانە بایی دەیان ملیار دۆلار نەوت و غازیش دەكڕن.
 
كوردستان بۆ ئەوەی بەسەر قەیرانی داراییدا زاڵبێت و ترسی لە داڕووخان و مایەپووچبوونی نەبێ، دەبێ دوو شت بكات، یەكەمیان رێ لەوە بگرێت ساڵانە چەندین ملیار دۆلار لە كوردستانەوە بچێتە دەرەوە بۆ هێنانی كاڵاو شمەكێك كە دەتوانێ لەناوخۆی كوردستان ئەو كاڵاو شمەكانە بەرهەمبێنێ. دووەم شت دەبێ سیستەمی بانكی دامەزرێنێ و متمانەو بەها بۆ ژمارە پەیدا بكات، نەك بەها و متمانەی دارایی تەنیا بریتیبێ لەو دراوە كاخەزییەی رۆژانە مامەڵەی پێوەدەكرێت.
 
ئێستا تەنیا ئەو پارەیەی ساڵانە لە كوردستانەوە دەچێتە دەرەوە بۆ كڕینی تایت و سابوون و شامپۆ و دەبێتە كەفی ئاو و هیچ لە شوێنی نایاتەوە، یان ئەوەی ساڵانە دەچێتە توركیا و ئێران بۆ تەماتەو خەیار و سیرو پیاز، بۆ گوڵەبەڕۆژەو چەرەزات، بۆ شەكرو رۆن و ئارد. بۆ شیش و چیمەنتۆ و كاشی. ئەوەی دەچێتە هیندستان بۆ برنج و بەهارات، ئەو بڕەی دەبرێتە چین بۆ تایەو پاتری ئۆتۆمبێل، بۆ كلێنس و پەڕۆوپاتاڵی بووكەڵەی یاری منداڵان.. هتد. ئەگەر تەنیا ئەو پارانە لە سیستەمێكی بانكیدا رێكبخرێت و ئیدارەیەكی پێشكەوتووانە بدرێت بەشی ئەوە دەكات هەرێمی كوردستانی پێ بەڕێوەببرێت و كەسیش برسی نەبێت. لەكاتێكدا هەموو ئەو كاڵاو شمەكانە دەتوانرێ لە كوردستان بەرهەم بهێندرێن.
 
سەبارەت بە متمانەدان بە ژمارەی حسابی بانكی، ئەمە نە كارێكی سەخت و نە تێچووی ئەوەندە زۆرە نەتوانرێ دەستت بەسەریدا بشكێ، هەرێمی كوردستان دەتوانێ بۆ هەر هاووڵاتییەك یاخود بۆ هەر خێزانێك كارتێكی بانكی دروستبكات و قۆناخی یەكەم لەو مووچەخۆرانەوە دەستپێبكات كە لە سیستەمی بایۆمەتری تۆماركراون و پارەی پاشەكەوتیان لای حكومەتە. دواتر بڕیار بدات هەموو وێستگەكانی سووتەمەنی مامەڵە بە پارەی كاش نەكەن و تەنیا بە كارتی بانكی سووتەمەنی بدەنە ئۆتۆمبێل، پارەی باج و رسومات و ئاو و كارەبا و مامەڵەی فەرمانگەكان هەموو بكرێتە ئەم كارتە و مووچەخۆران بتوانن بەو ژمارە حسابییە و لەو رەسیدەی كە پارەی پاشەكەوتی مووچەكانیانە، ئەو پێداویستیانەی پێدەستەبەربكەن. ئیتر ئەوەی مووچەخۆریش نییە یان پارە لەسەر حیسابەكەشی نییە ناچار دەبێ پارە بخاتە بانكەكانەوە تاوەكو كارتە بانكییەكەی پارەی تێدابێ و بتوانێ كارەكانی رۆژانەی راییبكات، وردە وردە ئەمە بگوێزرێتەوە بۆ مۆڵ و سوپەرماركێتەكان، تاوەكو خەڵك تەواو رادێن بەم جۆرە كڕین و فرۆشتن بكەن و بەهای شمەك و كاڵاكان دەبێتە بەهای ژمارە لە بانكەكان و لە مامەڵەی كاخەزیی دراو رزگارمان دەبێت. بەمە چوونە دەرەوەی پارەش بەجۆرێك دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵەوەو پارە لە بانكەكان دەمێنێتەوە.
 
ئەگەر ئەوەش دەكرێتە پاساو كە عێراق كار بەو سیستەمە ناكات و چۆن دەتوانرێ هەرێمی كوردستان بە تەنیا سیستەمێكی بانكی بۆ خۆی دامەزرێنێ. ئەوە ئەزموونی ساڵانی 1992 تاوەكو كەوتنی سەدام و چاپكردنی پارەی نوێی عێراق، هەرێمی كوردستان كاری بە پارەی عێراقی چاپی سویسری دەكرد لەكاتێكدا لەلایەن عێراقەوە ئەو پارەیە هەڵوەشێندرابووەوەو هیچ بەهایەكی نەمابوو، هەرێمی كوردستان خۆی بەهای پارەكەی بۆ ناوخۆ و لەبەرانبەر دراوە بیانییەكان راگرت و نەك تەنیا لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بەڵكو هەموو مامەڵەیەكی لەگەڵ دەرەوەش بەردەوامبوو، كاڵاو شمەك و پێداویستی رۆژانەشی پێ هاوردە دەكرد.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan