کوردستانی

لێکۆڵینەوە دەکرێت لەبارەی بۆردوومانکردنی بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


لێکۆڵینەوە دەکرێت لەبارەی بۆردوومانکردنی بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

لەدوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوومانگ پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، بەڵام هیچ کام لەو پرسانە نەخرانە بەرنامەی کارەوە کە پێویستبوو باسبکرێن، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت "پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنە جیاوازەکان رەخنە بارانی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان کرد، لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەو دووبڕگەی کە لە بەرنامەی کار دانرابوو دەبوو چەند بڕگەیەکی دیکەش دابنێن".

ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی بە مەودا میدیای راگەیاند "لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2020 پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنە جیاوازەکان رەخنە بارانی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان کرد، لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەو دووبڕگەی کە لە بەرنامەی کار دانرابوو دەبوو چەند بڕگەیەکی دیکەش دابنێن، چونکە نزیکەی چوار مانگە پەرلەمان تەنها دووجار کۆبووەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "سەرۆکی پەرلەمان وتی چاوەڕێی دیوانی چاودێری دارایی و شاندی دانوستانکاری هەرێم و راپۆرتی لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکات، بۆ ئەوەی پرسی مووچە و ناوچە کوردستانییەکان و بۆردوومانکردنی ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە بخرێتە بەرنامەی کارەوە لەماوەی ئەم مانگەدا".

لەبارەی بۆردوومانکردنی هەندێک ناوچەی کوردستانییەکان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە وتی "بۆ ئەو مەبەستە دوێنێ سێ لیژنەی پەیوەندیدار کۆبووینەوە کە لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و پەیوەندییەکانە، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارماندا لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی سەرجەم ئەو ناوچانە بکەین کە بۆردوومانکراون".

سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەیان بۆ ئەو ناوچانە هەڵەدنی ئاماژەی بەوەشکرد "سەردانەکە بۆ ئەوەیە راپۆرتێک ئامادە بکەین بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان".
Qaiwan
Qaiwan