عیراقی

عیراق : چەكی ئابووری دژ بە توركیا بەكاردەهێنین

مەودا میدیا - سلێمانی |


 عیراق : چەكی ئابووری دژ بە توركیا بەكاردەهێنین
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند، بۆ ناچاركردنی توركیا بە وەستاندنی هێرشەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان، رەنگە پەنا بۆ چەكی ئابووری و بازرگانی ببەن.

لەوبارەیەوە ئەحمەد ئەلسەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە "سەدان كۆمپانیای بازرگانی و ئابووری توركیا لەناو عیراق هەن، هەرچەندە تا ئێستا وەزارەتی دەرەوەی عیراق دەیەوێت بە رێگەچارەی سیاسی لەشكركێشی توركیا بۆ خاكی عیراق رابگرێت، بەڵام لەئەگەری بەردەوامبوونی ئەو هێرشانە رەنگە پەنا بۆ چەكی ئابوری و بازرگانی ببەین".

سەحاف تەئكیدی كردەوە، عیراق داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی كردووە سەرەرای ئەوەی چەند رێوشوێنێكی ئابووری دژ بە توركیا دەگرێتەبەر.

وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی عیراق دەشڵێت "پێویستە توركیا رێز لە سەروەری خاكی عیراق و یاسا نێودەوڵەتییەكان بگرێت، هەروەها پێویستە خاكی عیراقیش بۆ زیانگەیاندن بە هیچ وڵاتێكی دراوسێ بەكارنەهێندرێت".

لێدوانەكەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق لەكاتێكدایە، ئەمرۆش فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردوومانی چەند ناوچەیەكی سنوری خاكی هەرێمی كوردستانیان كرد، وەفدێكی عیراقیش بۆ رێككەوتنی ئابووری لە لوبنانە، ئەوەش وەك یەكەم هەنگاوی فشاری عیراق بۆ سەر توركیا تا هێرشەكانی رابگرێت.

Qaiwan
Qaiwan