جیهانی

ئێران هۆكاری تەقینەوەكەی بنكەی ئەتۆمی نەتەنز ئاشكرادەكات

مەودا میدیا - سلێمانی |


 ئێران هۆكاری تەقینەوەكەی بنكەی ئەتۆمی نەتەنز ئاشكرادەكات
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، لەكاتی گونجاودا هۆكاری تەقینەوەكەی بنكەی ئەتۆمی نەتەنز ئاشكرا دەكەن.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی تەسنیم، كە ئاژانسێكی فەرمیی سەر بە دەوڵەتە، كەیوان خوسرەوی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاندووە" ئەو لێكۆڵینەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجامیانداوە بە وردی هۆكاری پشت تەقینەوەكەی بنكەی ئەتۆمیی نەتەنزیان ئاشكراكردووە".

كەیوان خوسرەوی، ئەوەشی خستووەتەڕوو" لەبەر هۆكاری ئەمنیی چۆنیەتی و هۆكاری تەقینەوەكەی نەتەنز لەكاتێكی گونجاودا ئاشكرا دەكەین".

جێی ئاماژەیە پێشتر ئێران، بەدووری نەزانیبوو كە "هۆكارێكی تێكدەرانە" لە پشت تەقینەوەكەوە هەبووبێت، لای خۆشیەوە رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئاشكرایكردبوو،"تەقینەوەكە لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراوەوە بووە كە لەناو بنكە ئەتۆمییەكەدا دانراوە و زیانێكی زۆری بە بنكە ئەتۆمییەكە گەیاندووە".

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، تەقینەوەیەك لەناو بنكەی ئەتۆمی نەتەنز لە ئێران روویدا، دواتر گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی باشوری ئێران بەرپرسیاریەتی خۆی لە تەقینەوەكە راگەیاند.

بنكەی ئەتۆمیی نەتەنز، دەكەوێتە ناوچەی "ئەراك" لە ناوەڕاستی ئێران، جگە لەو بنكەیە ئێران خاوەنی چەندین بنكەی دیكەی گەورەی ئەتۆمییە، لەوانەش   "بووشەهر" و "ئەسفەهان" و "ئەردەكان" و "قووم".

Qaiwan
Qaiwan