کوردستانی

بریکاری وەزیری پەروەردە، گۆڕان دەگەیەنێتە قۆناغێکی دیکە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بریکاری وەزیری پەروەردە، گۆڕان دەگەیەنێتە قۆناغێکی دیکە
مەودا میدیا- سەباح خدر

بزووتنەوەی گۆڕان دوای بەشداریکردنی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند پۆستیک وەردەگرێت یەکێک لەو پۆستانەی بەرکەوتەی بزووتنەوەی گۆڕان بوو بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، داوای بەشداریکردنی بریکارەکەی وەزارەتی پەروەردە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رووبەڕووی رەخنەبووەوە، هەندێک هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان باس لەوە دەکەن ئەو پۆستە بەهۆی نزیکی لە رێکخەری گشتییەوە ئەو پۆستەی پێدراوە.

د. سەیوان کاکەیی، بریکاری وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە بۆ یەکەمجار بەشداری بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی دەکات و قسەکانی نیگەرانی مامۆستایانی دامەزراو و گرێبەستی لێدەکەوێتەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە.

هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕان دوای ئەوەی گوێبیستی بەرنامە تەلەفزیۆنییەکەی بریکاری وەزارەتی پەروەردە دەبێت پەیوەندی پێوە دەکات و هەندێک قسەی پیدەڵێت "لەبەر ناشرینی وتەکانی نەمانتوانی دایبنێن"، وتەکانی هەڵسوڕاوەکەی بزووتنەوەی گۆران وەکیلی وەزیری پەروەردە نیگەران دەکات دەیگەیەنێتەوە جڤاتی گشتی.

لەسەر قسەکانی د. سەیوان کاکەیی بانگهێشتی ژووری پەرلەمان و حکومەتی بزووتنەوەی گۆڕان دەکرێت و نیگەرانی مامۆستایانی پێڕادەگەیەنن و ناچاری دەکەن لە میدیای ئەو حزبەوە لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا دوای لێبوردن لە مامۆستایان بکات.

هەڵسوڕاویکی بزووتنەوەی گۆڕان نەویست ناوی بهێنرێت بە مەودا میدیای وت" لەئێستا بە شێوەیەکی ئاشکرا دووبەرەیی و خزم خزمینە لە ناو بزووتنەوەی گۆڕاندا دەرکەوتووە"،  وتیشی"د. سەیوان کاکەیی بەهۆی نزیکی لە رێکخەری گشتی بزووتنەوەکەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە".

لەسەرەتادا بڕیار بوو پۆستی بریکاری وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدرێتە خالید حەمەئەمین قادر، مامۆستا و هەڵسوڕاوی بزووتنەوەکە، بەڵام لە کاتژمێرەکانی کۆتاییدا لەلایەن رێکخەری ئەو حزبەوە گۆڕانکاری تێدا کرا.

 د. سەیوان کاکەیی، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕانە، بەڵام بەشداری هێچ چالاکییە و کاری رێکخراوەیی ئەو حزبەی نەکردووە و لە دەرەوەی وڵات ژیاوە و لەسەرو بەندی بەشداریکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دێتەوە کوردستان  دەکرێتە بریکاری وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ک، ر
Qaiwan
Qaiwan