عیراقی

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی سەرۆكی فەرەنسا و سەرۆك كۆماری عیراق

مەودا میدیا - سلێمانی |


ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی سەرۆكی فەرەنسا و سەرۆك كۆماری عیراق
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/9/2لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، لەمیانی كۆبوونەوەیەكیشدا جەختكرایەوە لەسەر پشتیوانیكردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان و هێوركردنەوەی گرژیەكان و راگرتنی پەرەسەندنەكان لە ناوچەكەدا.

لە كۆبوونەوكەدا سەرۆك كۆماری عیراق  جەختیكردەوە   "لەسەر مكور بوونی عیراق بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ فەرەنسا لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن و هەماهەنگی زیاتر لە روانگەی ئەو پەیوەندییە مێژینەیەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، هەروەها دووپاتیشیكردەوە لەسەر پابەندبوونی عیراق بە بەرنامەی كاری نەگۆڕی خۆی لە دروستكردنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ و دۆست و هاوپەیمان و پشت بەستن بە هاریكاری و هەماهەنگی لە بوارەكانی ئابووری و وەبەرهێنان، وەك رێگەچارەیەك بۆ بونیادنانی پردی پەیوەندی نێوان گەلانی ناوچەكە دوور لە سیاسەتی جەمسەرگیری و سەپاندنی ئیرادە".

لە بەشێكی دیكەی وتەكانی، سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند "عیراق بە گرنگییەوە لە پشتیوانی كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەڕوانێت بۆ هەوڵەكانی لە پتەوكردنی سەروەری تەواو و پارێزگاركردن لە ئاسایش و رێگریكردن لە پێشێلكاری سەربازی بۆ سەر خاكەكەی، جەختیشیكردەوە لەگرنگی خستنەگەڕی هەوڵەكانی هەمووان بە ئاراستەی رێزگرتن  لە سەروەری وڵاتان و رێگەش بگیرێت لە دەست خستنە ناو كاروباری ناوخۆی یەكتر وەك بەرژەوەندییەكی هاوبەش بۆ هەمووان كە ببێتە مایەی چەسپاندنی ئاسایشی هەرێمایەتی".

د.بەرهەم ساڵح  "ئاماژەیكرد بۆ گرنگی كاری هاوبەش لە پێناو بەردەوامیدان بە جەنگی دژ بە رێكخراوە تیرۆریستیەكان و وشككردنی سەرچاوەی داراییان و رێگریكردن لە بیری توندڕەوی، تاوەكو ببێتە مایەیی چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەكە، هەروەها رۆڵی كارای فەرەنسای بەرزنرخاند لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر بەو پێیەی كە هاوبەشێكی سەرەكی عیراقە لە جەنگی دژ بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش".

لەلای خۆیەوە  ئیمانوێل ماكرۆن "جەختیكردەوە لەسەر پشتیوانی وڵاتەكەی شان بەشانی عیراق بۆ پارێزگاریكردن لە سەروەریی و ئاسایش و سەربەخۆیی بڕیارەكانی، هەروەها ئاماژەشیكرد بەگرنگی بەردەوامیدان بە هەماهەنگی و هاریكاری لە جەنگی دژ بە تیرۆر و رێگری لە گەڕانەوەی هەڕەشەی تیرۆر بۆ سەر گەلانی جیهان و پێویستی خستنەگەڕی هەوڵی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و رێگری لە گرژییەكانی ناوچەكە و كۆتایی هێنان بە قەیرانەكان".

دواتر  سەرۆك كۆماری  عیراق و سەرۆكی فەرەنسا كۆبوونەوەیەكی فراوانیان ئەنجامدا، بە ئامادەبوونی ئەندامانی هەردوو شاندی عیراقی و فەرەنسا، "جەختكرایەوە لە پێویستی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و فراوانكردنی هاریكاری و هاوبەشی ئابووری نێوان هەردوو وڵات و كاراكردنی  وەبەرهێنان و سود وەرگرتن لە شارەزایی هاوبەش و هەماهەنگی هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا و سنورداركردنی لێكەوتەكانی لە رووی تەندروستی و ئابووریەوە".

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا "جەختكرایەوە لەسەر پشتیوانیكردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان و هێوركردنەوەی گرژیەكان و راگرتنی پەرەسەندنەكان لە ناوچەوكەدا، بەجۆرێك ببێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی".

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان