راپۆرت

350 زیندانیكراو لە هەرێم سزای لەسێدارەدانیان هەیە بەڵام جێبەجێ نەكراوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


350 زیندانیكراو لە هەرێم سزای لەسێدارەدانیان هەیە بەڵام جێبەجێ نەكراوە
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

بەپێی ئامارێك 350 زیندانی لە هەرێم سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەركراوە بەڵام جێبەجێ نەكراوە، لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستانیش راپۆرتێكی لە بارەی دۆخی چاكسازیەكان ئامادە كردووە و پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر راپۆرتەكە كردووە، لە بارەی ئازادبوونی مەرجدار و مۆڵەتی درێژخایەنیش بۆ سزا دراوان، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم دەیەوێت بە رێگەی هەمواری یاسا ئەو كێشەیە چارەسەر بكات.

بەشی زۆری سزادراوانی چاكسازیەكان خەڵكی پارێزگاكانی ناوەراست و باشوری عیراقن
بەشێكی زۆری سزادراوانی چاكسازیەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەت ئەوانەی بە ماددەی تیرۆر سزادراون خەڵكی پارێزگاكانی ناوەراست و باشوری عیراقن، ئەمەش باگرانی زۆری لەسەر چاكسازیەكان دروستكردووە، لیژنەیەكی باڵاش كە بە فەرمانی سەرۆكی حكومەت پێكهاتوە، سێ پێشنیازی بۆ گواستنەوەی ئەم سزادراونە داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران.

لە چاكسازیەكانی هەرێمی كوردستان 43 كەس توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون
كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد " لە چاكسازیەكانی هەرێمی كوردستان 43 كەس توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە و پاسەوانێكی چاكسازیەكانیش بە كۆرۆنا گیانی لەدەستداوە".

چاكسازیەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە ژمارەی خۆیان سزادراویان تێدایە
لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستانیش راپۆرتێكی لە بارەی دۆخی چاكسازیەكان ئامادە كردووە و پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر راپۆرتەكە كردووە. حەسیبە گەردی، ئەندامی ئەو لیژنەیە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بەپێی راپۆرتی لیژنەكە، چاكسازیەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە ژمارەی خۆیان سزادراویان تێدایە، داواش دەكات، یاسای لێبوردنی گشتیی ساڵی 2017ی هەرێمی كوردستان هەموار بكرێتەوە".

350 كەس لە هەرێمی كوردستان سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە
جێی ئاماژەیە بەپێ داتایەك كە دەست لیژنەی مافی مرۆڤ كەوتووە، 350 كەس لە هەرێمی كوردستان سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بەڵام جێبەجێ نەكراون، داوا دەكەن بە یاسایەكی تایبەت ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت. لە بارەی ئازادبوونی مەرجدار و مۆڵەتی درێژخایەن بۆ سزا دراوان، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە رێگەی هەمواری یاسا دەیەوێت ئەو كێشەیە چارەسەر بكات.

لە هەرێمی كوردستان شەش بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازی هەن كە زیاتر لە ‏‏پێنج هەزار بەندكراویان تێدایە.

Qaiwan
Qaiwan