نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

شۆڤێنیبوونەوەی عیراق و خۆلاوازكردنی هەرێم

ئەم پەرچە كردارانەی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان پێشبینیكراون و هی  توندتریش لەلایەن عیراقەوە چاوەڕوانكراوە. هۆكارەكانیشی هەمە لایەنەن، نە عیراق، عیراقیكی دیموكراتییە و نە دیموكراتیش بووە، نە هەرێمی كوردستانیش پابەند بووە و بەو رێككەوتننانەی لەگەڵ بەغدا واژۆی كردوون.

ئەو سیستمی فیدراڵییەی ئێستا لە عیراق هەیە لە هەلومەرجێكی تایبەتی دوای روخانی رژێمی بەعس بنیاتنراوە لەژێر فشاری هێزەكانی هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمەریكا و بەهۆی بوونی ئەوەش كە لەدوای ساڵی 1991ەوە كوردستان هەرێمێكی نیمچە سەربەخۆ بووە، هەروەها  ترسێك بوو لەوەی نەوەك كوردستان ببێتە كیانێكی سەربەخۆ. بۆیە ئێستا جیاوازە و لە هەر بەدەستەوەدانی خاڵێكی لاواز لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، كە دەیان خاڵی لاوازی هەیە، دەرفەتێك دێتە پێشەوە بۆ حزب و لایەنە توندڕەو و شۆڤێنییەكان بیقۆزنەوە و دژی هەرێم بەكاریبهێنن.

دوای روخانی رژێمی بەعس دنیا سەوز بوو، كورد بەهێز بوو، لایەنە سیاسییەكانی دیكەی عیراق لاواز بوون، سوننەكان هێشتا شۆك بەری نەدابوون و خۆیان نەگرتبووەوە، شیعەكان نەیانتوانی بوو كۆكبن، كورد بەهۆی هەژموونی پێگەی لەوانی دیكە بەهێزتر بوو، چەندین كۆنگرەی حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنی عیراق لە هەرێمی كوردستان سازكرابوو، هەروەها بوونی كەسایەتیی كاریزمی مام جەلال وای كردبوو زیاتر گوێ لە كورد بگیرێ، بۆیە ئەگەر بمانەوێ بە هەمان شێوازی پێشوو سیاسەت بكەین و گوێمان لێبگیرێ، ئەوا هەڵەیەكی گەورە و كورتبینی سیاسییە.

لە گۆڕەپانی سیاسیی عیراق زۆر لەو كەسایەتییانە كە دۆستی كوردبوون یان نەماون یان لاوازن و ئەگەر پشتیوانیی كوردیش بكەن وەكو جاران گوێیان لێناگیرێ یان بەهەند وەرناگیرێ، نەوەیەكی تازەی سیاسیی هاتوونەتە پێشەوە لەو مێژووەی پێشوو دوورن، بە چاوێك و روانگەیەكی جیاواز سەیری پرۆسەی سیاسی دەكەن، بۆیە دەبێت هەموو رۆژێك چاوەڕێی بەیتوبالۆرەی تازەبین.

لەئێستادا كێشەی بودجەیە، سبەی مادەی 140 و لابردنی لەناو دەستووری هەمیشەیی عیراق، ئەوەش رێخۆش دەكات بۆ ئەوەی هەوڵی لەناوبردنی قەوارەی سیاسی و ئیداری هەرێمی كوردستان بدرێ. هەروەها هێنانی هێزی سەربازیی بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و وردە وردە گەمارۆدانی ناوچە سنوورییەكان بەشێكن لەو مەترسییە جدیانەی كە لەئێستا و ئاییندەدا لەسەر كوردستان هەیە.

لەوەش مەترسیدارتر كە پێگەی كوردستان لاواز دەكات بریتییە لە نەمان یان لاوازبوونی متمانە لەنێوان هاوڵاتییانی كوردستان و حزبەكان و حكومەت، هەروەها نەبوونی شەفافیەت لە داهات و خەرجییەكانی كوردستان، بوونی رێژەیەكی زۆری گەندەڵی و نەبوونی مووچە و سفربوونەوەی خزمەتگوزارییەكان. هەروەها نەبوونی ژێرخانی ئابووری و گرنگینەدان بە داهاتە ناوخۆییەكان و بەرهەمە ناوخۆییەكان لە كەرتەكانی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بەشێكی دیكەن لە مەترسییە كاریگەرەكان بە ئاراستەی لاوازتربوونی پێگەی كوردستان بەرانبەر بەغدا.

بەم شێوەیە دۆخی كوردستان خراپتر دەبێت، ئەوەی پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێی بكات بۆ رێگرتن لە رێكارە یاساییەكانی بەغدا چەند شتێكن و گرنگیشە بیكات:
یەكەم: پێویستە هەرێمی كوردستان پابەندی ئەو رێككەوتننانە بێت لەگەڵ حكومەتی عیراق دەیكات.
دووەم: شەفافیەت زیاتر بكات و گرنگی بە داهاتی ناوخۆ بدات.
سێیەم: متمانە لەنێوان خۆی و هاوڵاتییان بنیات بنێتەوە.
چوارەم: كار بۆ فرە داهاتی ئابووریی كوردستان بكات و پرۆژەی ستراتیژیی هەبێت.

راستییەكەی لە بابەتی رێكارە یاساییەكانی بەغدا لە پرسی بودجەدا بەرانبەر بە هەرێم، نوێنەرانی كورد لە بەغدا تاوانبار نین و بەهۆی هەڵەی ئەوانەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیی بە خاڵە لاوازەكانی هەرێمی كوردستان و بەرزبوونەوەی كێرڤی شۆڤێنیەتەوە هەیە لای زۆرینەی حزبە شیعی و سوننییەكان. ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان حوكمڕانییەكی باش و شەفاف بكات و هاوڵاتییانی پشتیوانی بن و متمانەیان پێی هەبێت، ئەوا بەغدا بەئاسانی ناتوانێت فشار لە كوردستان بكات و سزاكانی بەسەریدا بسەپێنێت.

https://www.youtube.com/watch?v=PaXUpcDzboI

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan