د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

کێشەی هەرێمی تیگرەی و ئەگەرە ترسناكەكان

لە رۆژی 3ی نۆڤەمبەر کە هەموو دنیا بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بوو، لە هەرێمی تیگرەی شەڕ دەستیپێکرد لەگەڵ حکومەتی ناوەندی ئەسیوپیا.

 سنووری کۆماری ئەسیوپیای فیدراڵی لە باکوورەوە بە ئەریتریا و باکووری رۆژئاوای و رۆژئاوای بە سودان و سودانی باشوور، باشووری بە کینیا ورۆژهەڵاتی بە سۆمالیا و جیبۆتی دەورە دراوە. ژمارەی دانیشتوانی 103 ملیۆن كەسە و دووەم وڵاتی گەورەی کیشوەری ئەفریقایە بەپێی دانیشتوانی دوای نەیجیریا دێت. 

نزیک بە 80 نەتەوە و رەگەزی جیاواز لە ئەسیوپیا دەژی، رەگەزی ئورۆمۆ 34.5٪ کە زۆربەیان لە ناوەڕاست و رۆژئاوای ئەسیوپیان، ئەمهەرە 30٪ لە رۆژئاوان و سنوریان بە سودانەوەیە، تیگرەی 6٪ لە باکوورن و سنووریان لەگەڵ ئەریتریا و سودانە، سۆمالی 6٪ سنووری بە سۆمالیاوەیە و ئەوانی دیكەش رەگەزەکانی تر پێکدەهێنن.

زمانی فەرمیان زمانی ئەمهەرەیە. دانیشتوانەکەی بەسەر 10 هەرێمدا دابەشکراوە. مەسیحی ئۆرسۆدۆکس زۆرینەن 43٪ ، مەسیحی پرۆتستانت 19٪، ئیسلام 34٪، بەشێکی کەم لە جووی لێ ماوە و بەشێکی زۆریشیان گەڕاونەتەوە ئیسرائیل.
ئەسیوپیا کە جاران بە حەبەشە دەناسرا، وڵاتێکی زۆر کۆنە و لە مێژوودا رۆڵی گرنگی هەبووە. یەکێکە لەو چوار وڵاتەی دوورگەی ئەفریقا کە بەشداربوون لە دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لەدوای حوکمی عەسکەریی تاکە حزبی شیوعی سەر بە سۆڤیەت لەسەر حوکم بوون لە 1974 تا 1991، ئەسیوپیا لەو ماوەیەی حوکمێکی دکتاتۆریان بەسەردا چەسپابوو، میللەتەکەی تووشی نەهامەتی زۆر هات لە شەڕ و برسێتی و کودەتا و کوشتن دژ بە میللەت و ئۆپۆزیسیۆن.

بەهێزترین هێزی ئۆپۆزیسیۆن هێزی بەرەی رزگاریی میللی تیگری بوو کە لە ساڵەكانی 80 و 90 لە سەدەی رابردوو لەگەڵ هەندێ هێزی میللەتانی تر بەرەیەکیان دروستکردبوو بەناوی بەرەی شۆڕشگێڕیی نیشتیمانی و دیموکراسی. ئەم بەرەیە توانی لە ساڵی 1991 دوای ئەوەی سیستمی سۆڤیەت روخا، مەنگیستۆ بێ پشت و پەنا مایەوە و لەسەر حوکم لادراو رایکرد و سوپاکەی شکا و حکومەتێکی کاتییان دامەزراند. بەرەی رزگاری ئورۆمۆ کشاوە لە بەرەی شۆڕشگێریی نیشتمانی و دیموکراسی.  بۆ ماوەی نزیک لە 27 ساڵ بەرەی رزگاری میللی تیگرەی حوکمی ئەسیوپیای لەدەستبوو و لە هەموو هەڵبژاردنەکان تۆمەتی ساختەکاری لەسەر بوو. هەرچەندە خەڵکی تیگرەی لە 6٪ دانیشتوانی ئەسیوپیایە، بەڵام ئەو ماوەیە حوکمی لەدەستدا بوو.

لە 1998 تا 2019 شەڕێکی خوێناوی لەنێوان ئەسیوپیا و ئەریتریا بەردەوام بوو لەسەر هەندێ ناوچەی ناکۆک کە لەژێر دەستی ئەسیوپیا بوو و ئەریتریا داوای دەکردەوە.
 
لە ساڵی 2018 بزووتنەوەیەکی گەورە لە رەگەزی ئورمۆکان دروستبوو دژ بە حکومەت لەسەر موڵکییەتی زەوی و پەرەیسەند بۆ داواکانی مافی مرۆڤ و مافی بەشداریی سیاسی و بە سەدان کەس کوژران و بە هەزاران دەستگیران. هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن یەکێتییەکیان پێکهێنا بە ناوی بەرەی دیموکراتی شۆڕشگێریی میللەتی ئەسیوپی و (ئابی ئەحمەد عەلی) بە سەرۆکی ئەو یەکێتییە دانرا، سەرۆک وەزیران لەژێر فشاری شەقامدا دەستی لەكار كێشایەوە و ئابی ئەحمەد کە لە بەرەی دیموکراتی میللەتی ئورمۆیە بە سەرۆک وەزیران هەڵبژێردرا. 

بەرەی رزگاری میللی تیگرەی دوورخراوە لە زۆربەی دامودەزگاکان  بەتایبەتی لەناو سوپا و ئەمن و ئاسایش و بەشێک لە ئەفسەرەکانی تیگرای بەندکران بە تۆمەتی ئەوەی کە چەک بۆ سوپای ئازادی تیگرەیان ناردوون. ئابی ئەحمەد دەستیکرد بە چاکسازی لە زۆربەی دامودەزگاکان بەتایبەتی لە سوپا و بەشداریی ژن لە حکومەت زۆر زیادیکرد و بۆ یەکەمجار ژنێک (سەهلا وەرەق زۆدی) بوو بە سەرۆک، گیراوەکانیان ئازادكران، ناکۆکیی نێوان هەرێمەکان کەمکرانەوە، ئاشتی لەگەڵ ئەریتریا واژۆ کرا دوای ئەوەی کۆتایی بە درێژترین ناکۆکی دوورگەی ئەفریقا هێنا پاش ئەوەی ئەسیوپیا ئەو شوێنانەی ئەریتریا داوای دەکرد بۆی گەڕاندەوە، هەربۆیە ئێستا پەیوەندییەکی زۆرباش لەنێوان سەرۆکی ئەریتریا و ئابی ئەحمەد هەیە.

بەهۆی سەقامگیریی ئەسیوپیا و پێشکەوتنی باری ئابووری، مافی مرۆڤ و بەشداریی ژن لە ژێر سایەی حوکمی ئابی ئەحمەد لە 2019 خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشرا.  ئەم پێشکەوتن و ئازادییە خەریکە بکەوێتە دەست ئابی ئەحمەد و هێز لەژێر دەستی خۆی کۆبکاتەوە و ناوەندێکی بەهێز دروست بکات.

رەگەزی تیگرە خۆی بە مەغدور دەزانێ لەنێو دەسەڵاتی ناوەندیی ئەسیوپیا. هەرچەندە لە دەستووری ئەو وڵاتە نووسراوە کە هەر نەتەوەیەك یان ناوچەیەک حەز بکات مافی چارەنووس وەربگرێت، دەتوانێت.

دەبوایە لە مانگی سێ هەڵبژاردن لە ئەسیوپیا بکرایە، بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا پەرلەمانی فیدراڵی دوایخست و حوکمی ئابی ئەحمەدی درێژکردەوە. بەرەی تیگرەی ئەوەی بە نایاسایی زانی و متمانەی لە ئابی ئەحمەد کێشایەوە و لە مانگی 10ی ئەمساڵ هەرێمی تیگرە هەڵبژاردنەکەی کرد و حکومەتی ناوند ئەو هەڵبژاردنەی بە نافەرمی دانا و بۆ سزادانیان هەموو یارمەتییەکیان لێبڕین لە پارە و دەرمان هەتا دەرمانەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا و تەنانەت ریگرییان لە وەرزشوانەکانیان کرد بەشداربن لە فیدراسیۆنی وەرزش. 

هەردوولا، سوپای ئازادیی تیگرەی و حکومەتی فیدراڵی ئەدیس ئەبابا یەکتری تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە لاکەی تریان دەستی بە هێرش کردووە و بۆمبارانی سوپای یەکتریان کردووە. هەردوولا پڕ چەکن، تیگرەی باشترین چەک و سوپای هەیە، چونکە 27 ساڵ لەسەر حوکم بوون و سوپاکەیان بەهێز بووە و هەر لە مێژووشدا بە شەڕكەر و ئازا بەناوبانگن، ترسی زۆر هەیە کە ئەم شەڕە ببێتە شەڕێکی ناوخۆیی و یەكتر لەناوببەن. حکومەتی فیدراڵی ئەدیس ئەبابا کارەبا، ئینتەرنێت، خواردن و دەرمانی لێبڕیون. 
 
مەترسی ئەو شەڕە ئەوە نییە کە تەنها لە ئەسیوپیا بمینێتەوە، بەڵکو ترس لەوەیە هەموو ئەو ناوچەیە بگرێتەوە کە پێی دەڵێن قۆجی ئەفریقا و پێكدێت لە "ئەریتریا، جیبۆتی، سۆماڵ و ئەسیوپیا" و ئەوەش کاریگەریی لەسەر دەریای سوور و هاتوچۆی بازرگانی دەبێت.

بەشێک لە دانیشتوانی تیگرەی بەتایبەتی لە ژن و منداڵ هەڵاتنە سودان، هەرچەندە سنوورە فراوانەکەی هەرێمی تیگرەی لەگەڵ ئەریتریادایە، بەڵام ئەم سنوورە داخراوە بە رووی پەناهەندەکان، بەهۆی دوژمنایەتی درێژ خایان لە نێوان تیگرەی و ئەریتیریا.

تیگرەی تۆپبارانی فڕۆکەخانەی ئەسمەرەی لە ئەریتریا کرد گوایە فڕۆکەوانەکانی ئەریتریا یارمەتیی حکومەتی فیدراڵی ئەدیس ئەبابای داوە. 
ئێستا بەنداوی نەهزە کە لە ئەسیوپیا دروست دەکرێت لەسەر روباری نیل، کاریگەریی زۆرە لەسەر کەمکردنەوەی ئاو لە میسر، هەرچەندە میسر داوای کرد کە ئەو شەڕە راگرن، بەڵام هەندێ لایەن دەڵێن ئەگەری ئەوەی تیادایە کە میسر پشتی هەرێمی تیگرەی بگرێت.

تاکو ئێستا شەڕ بەردەوامە و نازانرێت بە چ شێوەیەک کۆتایی دێت.