کوردستانی

تاچەند هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبن لە جێبەجێکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی

مەودا میدیا - سلێمانی |


تاچەند هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبن لە جێبەجێکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت بەداخەوە پڕۆژە یاسای چاکسازی راستەوخۆ هاوڵاتیان هیچ سوودێکی لێنابینن ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەر پڕۆژە یاسای چاکسازی کەموکوڕی نەبوایە سوودی زۆری دەبوو بۆ سەرجەم هاونیشتیمانیانی کوردستان.

ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی سەبارەت بەوەی سوودەکانی پڕۆژە یاسای چاکسازی بۆ حکومەت و هاوڵاتیان چییە بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەگەر پڕۆژە یاسای چاکسازی کەموکوڕی نەبوایە سوودی زۆری دەبوو بۆ سەرجەم هاونیشتیمانیانی کوردستان، هەروەها لێسەندنەوەی پێگەو ناونیشانی وەزیفی ئەو کەسانەی بە وەزیر و جێگری وەزیر و بە پلە سەربازییەکان خانەنشینبوون و گەڕانەوەی خەرجی ئەم کەسانە بۆ داهاتی گشتی سوودی هەیە، بەڵام‌ ئایا یاساکە خۆی جێبەجێ دەکرێت و بەلا ڕێدا نابرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "سەبارەت بە پڕۆژە یاسای چاکسازی کۆمەڵێک پێشنیازی گرنگ کرا، بەڵام بەهۆکاری دروستکردنی بارگرانی دارایی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پێشنیازانە نەخرانە دەنگ دانەوە".

سەبارەت بە پێشنیازەکان ئەو ئەندام پەرلەمانە وتی "ئێمە داوامان کردووە یەک یاسای خانەنشینی یەکگرتوو هەبێت لە فەرمانبەرێک بۆ سەرۆکی وڵات لەسەر پێوەری ساڵانی خزمەت و تەمەنی خانەنشینی و بڕوانامە، هەروەها پێشنیازی دیکە ئەوەبوو چۆن پلە باڵاکان بە مووچە و دەرماڵە خانەنشین دەبن فەرمانبەرێکیش بەهەمان شێوە بێت، پێشنیازی سێیەم دەبوو ئەو هەژمارە بانکییە راستەخۆ هاوڵاتیان سوودمەند بوونایە لێی".

هەروەها باسی لەوەشکرد "یەکێک لە پێشنیازەکانی دیکە ئەوە بوو کەمترین مووچەی خانەنشینی 400 هەزار بێت، هەروەها بەشێک لە دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان دابمەزرێن و پێشنیازێکی دیکە دووبارە دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران بوو، بەڵام هیچ کام لەم پێشنیازانە نەخرانە دەنگدانەوە".

ئەوەشی ئاشکرا کرد "رێژەی خانەنشینی مەدەنی لەهەرێمی کوردستان 88 هەزارن ئەگەر هەر یەکەیان یەکی 180 هەزاریان بۆ زیاد بکرایە دەیکردە 13 ملیار و دووسەد ملیۆن، هەروەها ئەگەر مووچەی کەمئەندامان و چاودێرانی کۆمەڵایەتی و بەشێک لە بێوەژنان و کچانی گەورە و پیاوانی پیر یەکی 100 هەزار بۆ مووچەکانیان زیاد بکرایه 20 ملیار دینار لەسەر حکومەت زیادی دەکرد، بەڵام بەداخەوە رەتکرایەوە پێشنیازەکە".

هەڵەدنی وتیشی "بەداخەوە پڕۆژە یاسای چاکسازی راستەوخۆ هاوڵاتیان هیچ سوودێکی لێنابینن".

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی 16ی کانونی دووەمی 2020 پڕۆژە یاسای چاکسازی بەدەنگی 89 پەرلەمانتاز لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان