کوردستانی
نوێترین زانیاری لەسەر شەڕە تەقەكەی هەولێر ئاشکرا دەکرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - کاروان نوری
شەوی رابردوو لە هەولێر بەهۆی شەڕەتەقەوە كەسێك كوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربووە، وتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێت، ئەوەشی بریندارە برای کوژراوەکەیە.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە مەودا میدیای راگەیاند "شەوی رابردوو لە هەولێر بەهۆی شەڕەتەقەوە كەسێك كوژرا و برایەکی کوژراوەکەش برینداربووە، سێ کەسیشمان لەسەر رووداوەکە دەستگیرکردووە".
"رووداوەكە بەهۆی دەمەقاڵێ بووە لەنێوان چەند كەسێك لەنێو گازینۆیەک، دواتر ئۆتۆمبێلێكی دیكە هاتووە و بووەتە شەڕە تەقە، بەهۆیەوە كەسێك كوژراوە و دووانی دیكەش بریندار بوون"، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەمەی وتووە.
هۆگر عەزیز روونیشیکردەوە "بارودۆخی تەندروستیی بریندارەکان جێگیرە، لە کەمترین کاتدا پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی رووداوەكە و دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە، بەڵام تا ئێستاش هۆکاری سەرەکی ئەو دەمەقاڵێ ئاشکرا نەکراوە".