نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

بە دەرەكیكردنی خۆپیشاندانەكانی عیراق

هۆكارەكانی سەرەتای خۆپیشاندانە خۆڕسكە فراوانەكانی هاوڵاتیان لە زۆربەی شارەكانی عیراق، بەهۆی كەمی خزمەتگوزاری و نادادپەروەریی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و بێكاری و دانەمەزراندنی گەنجان و دەرچووانی زانكۆو پەیمانگاكان و بڵاوبوونەوەی مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و نایەكسانی لە دابەشكردنی ئابووری و بودجە بەسەر شارەكان و نەبوونی ستراتیژێكی جێگیر و روون بۆ گەشەكردنی وڵات و نەبوونی شەفافیەت لەسەر بەكارهێنانی سەرمایەی وڵات بوو.

گۆڕەپانی ناڕازییەكان خۆی لەیەك بازنەدا دەبینییەوە ئەویش بازنەی بە عیراقیبوون و داواكارییەكانیش لە هەموو شوێنەكان لەیەكچوونیان هەبوو،
 بەڵام وردە وردە بەهۆی میدیای دەرەكی بە مەبەست و ناوخۆییەكان بە مەبەست و بێ مەبەست خەریكە بەلاڕێیاندا ببەن و زۆنەكانیان لێ‌ فراوان دەكەن و گۆڕەپانی داواكارییەكە بۆ سێ‌ زۆن جیابووەتەوە، زۆنێكیان بەهۆی ئایینەگەراییەوە وەلائیان دەبەن بۆ ئێران و ویلایەتی فەقیه و زۆنێكیتر بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و وڵاتە رۆژهەڵاتییەكان بەناوی عەلمانیەتەوە، بەهەردوولاش هەوڵی تێكدانی بازنەی بە عیراقیكردنی خۆپیشاندەرەكان دەدەن، ئەو دوو لایەنە بەردەوامن لەڕێگای میدیا نەرێنیەكانیان و لایەنگرانیان بەرەو لای خۆیان رایانكێشن بەمەبەستی پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانیان لەناو عیراقدا، ئەگەری ئەوەش هەیە ئەگەر هاتوو داواكاری خۆپیشاندەرەكان سەربگرێ، ئەوا پێگەی ئێران و بەرژەوەندییەكانیان لاواز دەبێ‌ و لە دروشمی خۆپیشاندەران دیارە كە دەڵێن ( ئێران بەڕە بەڕە، عیراق حوڕە حوڕە).

ئەمەش دەبێتە هۆكاری دووركەوتنەوەی پارتە سیاسییەكانی خاوەن دەسەڵاتی ئێستا و بەرپرسەكانیان و كاریگەریی راستەوخۆی دەبێ‌ بەتایبەت ئەوانەی نزیكن لە ئێران و بەرژەوەندییەكانیان دەپارێزن، هەروەها ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ دوو بۆچوونیان هەیە، لەلایەكەوە پێیان باشە، چونكە دەبێتە هۆكاری لاوازبوونی پێگەی ئێران لە عیراق و ناوچەكە و لەلایەكیترەوە ترسی لێنیشتووە لە ئەگەری گۆڕانكاری و ببێتە هۆكار بۆ لێدانی بەرژەوەندییەكانیان و لەدەستدانی بەشێك لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و سەربازی كە ملیارەها دۆلاری لەو پێناوەدا بەكارهێنا و سەدان هاوڵاتی ئەمەریكی گیانیان لەدەستداوە، نایەوێت بە ئاسانی و بێبەرانبەر لەو ناوچەیە نەمێنێ‌ یان ببن بە كێشە بۆیان، هەندێ‌ لایەنیتریش ناڕاستەوخۆ هاتوونەتە ناو خۆپیشاندەران و ئەوانیش دەیانەوێ‌ مۆركی بە عیراقیبوونیان لاواز بكەن، هەر بۆیەشە رەنگە لەم كەشوهەوایەدا جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران ئەوەندە كارێكی ئاسان نەبێ، بۆیە دەبێ‌ خۆپیشاندەران زۆر وریا بن و نەهێڵن بەلاڕێیاندا ببەن.

ئەم دەستوەردانە لە سیاسەتی عیراق وایكردووە عیراق سەروەری و سەربەخۆیی خۆی تاڕادەیەكی باش لەدەستدا، 
بڕیارەكانی دەسەڵاتدارانی عیراقی لاواز كردووە لەڕووی بڕیاردان و جێبەجێكردنیان، ئەگەر بڕیاریش بدەن لاواز و ناواقیعی و ناجێگیرە، بۆیە دەبێ‌ ئیرادەیەكی سیاسی بەهێز هەبێ‌ بتوانێ‌ دەستبخاتە سەر برینەكان و چارەیان بۆ بدۆزێـتەوە و نەهێڵێ‌ چیتر كۆڕەپانی عیراقی ببێتە ناوچەی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی ئەو لایەنانە و كێشەكانیان لەسەر زەوی عیراق چارەسەر بكەن، دەبێ‌ هەوڵی جدی بدرێ‌ بۆ ئەوەی چیتر میللەت باجی یاری سیاسی و ئەو لایەنە دەرەكییانە بدات دەنا هەروا دەمێنێ‌ و بەرەو خراپتر دەڕوات.