نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

فۆبیای سیاسی و میللی


پێناسەی دەستەواژەی فۆبیا یانی ترس و تۆقان و دڵەڕاوكێیەكی بێسنووری زیاد لە پێویست و بەردەوام بەرانبەر بابەتێك یان كارێكی تایبەت، لەبەر هۆكاری جیاواز وەك فۆبیا لە (تاریكی، شوێنی داخراو، سەگ و پشیلە، مێروەكان، ئاو، ئاگر، بەرزایی، نەخۆشی، مردن، تێكەڵبوون و فۆبیای سیاسی و میللی و هەرس.....هتد).

تێوری زۆر هەیە هەم بۆ پێناسەی و هەمیش بۆ هۆكارەكانی و چارەسەركردنیان، لەم نووسینەمدا ناچمە ناو ئەم بابەتە بەدرێژیی، ئەوەی لێرەدا باسی لێوە دەكەم فۆبیای سیاسییە، نموونەش فۆبیای خەڵكی وڵاتە رۆژئاواییەكان بەرانبەر بە ئیسلامی سیاسی و پێچەوانەكەشی فۆبیای ئیسلامی سیاسییە بەرانبەر بە گەشەی پارتە راستڕەوەكان، هەروەها فۆبیای كۆنەزەرڤاتیڤەكان بەرانبەر بە لیبراڵ و دیموكرات و سۆسیالیستەكان و پێچەوانەش، هەروەها خودی نەوەی نوێ و كۆنەكانی هەمان پارتە سیاسییەكان. نموونە زۆرن، ئەم جۆرە فۆبیایانە هەریەكەیان بەهۆی تاقیكردنەوەی ساڵ و ئازاراویی پێشووتر سەریانهەڵداوە، هەندێكیان نایەنەوێ دەسەڵاتیان لەدەستبچێت بەهۆی بەرژەوەندییەكانیان، هەشیانە بەهۆی ناكامڵیی سیاسەتەوە لەناو ئەو فەوزا سیاسییەی كە لە عیراقدا هەیە و نەبوونی گوتارێكی نیشتیمانی راستەقینە لەلایەن پارتە سیاسییەكان و بایەخدان بە ژمارەی لایەنگران و زاڵبوون چەندایەتی بەسەر چۆنایەتی كادیرەكانیان وایكردووە، فۆبیای ژمارەیی پەیدا بێت.

بۆ نموونە شیعە بەرانبەر سوننە و پێچەوانەكەیشی، پارتەكانی ئەو دوو لایەنەش لەناو خۆیاندا، یەكێ لە هۆكارە سەرەكییەكان، ئەو كەسایەتیانەن كە بوونەتە هۆی خوڵقاندنی كەشێكی نالەبار و ناتەندروست و لەناو ئەو كەشەشدا ئەو فۆبیایە سەریهەڵداوە و بووەتە دیفاكتۆ و چارەسەركردنیشی تەنیا بە دابینكردنی كەرەستەكانی هوشیاركردنەوەی شەقام و پاشان گواستنەوەی بۆ كایە سیاسییەكان دێت.

هەروەها فۆبیا بەرانبەر وڵاتانی هەرێمایەتی و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەكان و نەبوونی بەرچاوڕوونی لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵیاندا وایكردووە بڕیاری نادروست و نابەجێ بدەن، فۆبیای سیاسەتمەدارەكان لە میللەت و پێچەوانەش ئەمانە وایانكردووە هیچ لایەنێك باوەڕی بە بەرانبەر نەبێ، ئەو شڵەقانەی كە ئێستا لە گۆڕەپانی عیراق دەبینرێ دەرئەنجامی سروشتییە بۆ ئەو فۆبیا ئاڵوگۆڕەی كە هاتووەتە كایەوە. دەبینین ئێستا سیاسەتمەدارانی گۆرەپانی سیاسی عیراق ، ئەوانەی لە دەسەڵاتە یان لە دەرەوەی دەسەڵات، هەمیشە لە دڵەڕاوكێیەكی گەورەدان، چی بۆ ئەو دەسەڵاتانەی كە هەیانە یان بۆ ئەو دەسەڵاتانە كە هەیانە یان بۆ بەرنامەی ئایندەیان، لە بەرانبەر ئەوەشدا شەقامی میللی كە ئەویش وەرچەرخاوە بۆ سیاسی دووچاری فۆبیای بەرانبەر بووەتەوە، هەروەها بووەتە مەترسییەكی گەورە لەسەر ژیانی رۆژانەیان و دیدیان بۆ ئایندە، لەو روانگەیەوە ئایندە لای هەردوولا لێڵە بگرە دیاریكردنیشی ئەستەمە، كەواتە ئەم دۆخەی ئێستای گۆرەپانی سیاسی و میللی عیراق مەترسییەكانی زۆر گەورەترن لەوانەی رابردوو، چونكە لە رابردوودا ئاسۆی جوڵانەوەكان رۆشناییەكی تاڕادەیەك پێوە دیار بوو، بەڵام ئەم ناڕوونییە بۆ هەردوولا دەمانگەیەنێتە ئەوەی بڵێین فۆبیایەكی ئاڵوگۆڕ هەیە و لە ئەنجامیشدا یەكلاكردنەوەی قورسە، ئەگەر ئەستەم نەبێت.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan