د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

ڤایرۆسی کۆرۆنا

ڤایرۆسی کۆرۆنا خێزانێکی گەورەیە لەنێو ڤایرۆسەکان کە زۆربەیان هاوبەشن و دەگوازرێتەوە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ و تووشی کۆئەندامی هەناسە دەکات. لەناو ئەو خێزانە هەندێ جۆری ترپێشتر بڵاو بوونەتەوە و ترسناکی لە و کۆرۆنا تازەیە کەمتر نەبو وەکو نەخۆشی ڤایرۆسی (سارس) کە لە جۆرێک لە پشیلەی سیڤیتی کێوی لە ئەفریقیا لە ساڵی 2004 بڵاوبووەوە یاخود نەخۆشی سەندرۆمی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە حوشترەوە بڵاوبووەوە لە دوورگەی عەرەبی لە 2012 کە لەکۆی 2494 تووشبوو 858 کەسی کوشت.

ڤایرۆس بەبێ شانەی زیندوو زۆر ناژی و دەمرێت لە دەرەوەی لەشی زیندوو جا چ ئاژەڵ بێت یاخود مرۆڤ، بۆیە گەر لە ماوەیەکی دیاریکراو کە زۆر درێژ نییە لە چەند کاتژمێرێک بۆ چەند رۆژێک بەپێی ڤایرۆس گەر لەشێکی زیندووی نەدۆزییەوە دەفەوتێ و توانای بە نەخۆشکردنی نامینێ.
 
مەترسی  ڤایرۆس لەوەدایە کە توانای خۆ گۆڕینی هەیە جا هەندێ جار ئەو خۆگۆڕینە یان لە هێزی زیاد دەکات یاخود کەمی دەکات و بەو خۆگۆڕینە دەتوانێت هەندێكجار خانەخوێکەی بگۆڕی وەک نموونە لە ئاژەڵێکی تایبەت بۆ مرۆڤ یاخود بۆ ئاژەڵێکی تر وەک نموونە ئەنفلوەنزای بەراز و باڵندە.

لەشی مرۆڤ لە زۆربەی کات کە ڤایرۆسێک دەچێتە لەشی گەر هاتوو لەشی ئەو کەسە ئەو ڤایرۆسەی ناسیبێت پێشتر ئەوا لەش دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات و توشبوونەکەی قورس نابێت، هەر بۆیە کوتان یاخود ڤاکسین بەکاردێنین بۆ بەرگری لە نەخۆشی، چونکە کاتی تووشبون بە نەخۆشییەک یان کوتان دژ بە نەخۆشییەک لەش لەشکرێکی ئامادە کردووە هەروەختێ بۆ جاری دووەم ئەو ڤایرۆسە هاتەوە ناو لەش، ئەوا لەش بەرگری دەکات یان نایەڵێت تووشی نەخۆشییەکە بێت یاخود بە سوکی تووشی دەبێت، بەڵام گەر لەش نەیناسێت ئەوا ئەو کەسە ئەگەری توشبوونی دەبێت.

مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنای تازەی چینی لەوەدایە کە لەش هیچ توانایەکی بەرگری پێش وەختەی نییە، بۆیە ئەگەری زۆرە کە بە قورسی بیگرێ و ئەوەش بەپێی هێز و توانای لەش بۆ نموونە لە پیر و منداڵ بەرگری کەمترە وەک گەنجێک هەروەها بەرگرییەکە دەگۆڕیت بە پێی هێز و توانا و ژمارەی ئەو ڤایرۆسەی کە دەچێتە ناولەش. نەبوونی ڤاکسین بۆ ئەو ڤایرۆسە و نەبوونی دەرمانێکی کاریگەریی تایبەت مەترسییەکە زیاتر دەکات و ئەو چارەسەرییانەی کە دەدرێت بە نەخۆش چارەسەری گشتین.
 
گواستنەوەی سەرەکی ئەو ڤایرۆسە لەڕێگای هەناسەوەیە بۆ رێگاگرتن لە بڵاوبوونەوەی تادەکرێت دوورکەوتنەوەیە لە شوێنی گشتی، نزیک نەبوونەوەیە لە نەخۆش، کەمامە دانانە، راگرتنی دەست بە خاوێنی. دەستی پیس بوو بە ڤایرۆس کاتی پژمین و ئەو کەسە دەست دەدا لەشتێ و یەکێکی تر دێت دەست لەو شتە دەدات و دەست بۆ دەم و لوتی دەبا و دەیگوازێتەوە، بۆیە نەک هەرکاتی ئەو نەخۆشییە، بەڵکو بۆ هەرکاتێک کە دەپژمین لەجیاتی بەدەست بەر لوتمان بگرین دەبێت قۆڵمان بەر لوتمان بدەین، لە هەمووی گرنگتر دەست شوشتنە بە بەردەوامی بۆخۆ پاراستن لە هەمو جۆرە نەخۆشییەک. 


Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan