ئابووری

نوێترین زانیاری لەسەر دابەزینی نرخی بەنزین

مەودا میدیا - سلێمانی |


نوێترین زانیاری لەسەر دابەزینی نرخی بەنزین
مەودا میدیا-

نرخی بەنزین لە بەشێک لە بەنزینخانەکانی شاری هەولێر لە 660 دیناردا جێگیرکراوە، بەڵام لە بەنزینخانەکانی شاری سلێمانی نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە نێوان 750 بۆ 800 دیناردایە و وتەبیژی بەنزینخانەکانی سلێمانیش دەڵێت، چاوەڕێی کەمکردنەوەی باجین لەسەر ئەو بەنزینەی هاوردە دەکرێت تا نرخی بەنزین بەشێوەیەکی گشتی داببەزیت.

سەبارەت بە هەرزانبوونی نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکانی شاری سلێمانی بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند، بۆ هەرزانبوون و دابەزینی نرخی بەنزین چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەین کە باج لەسەر هاوردنی بەنزین کەمدەکاتەوە، بەدڵنیاییەوە بە جێبەجیکردنی بڕیارەکە نرخی بەنزین دادەبەزێت".

لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین روونیکردەوە، نرخی بەنزین لە ئێستادا لەو شوێنانەی هاوردە دەکرێت بەرزە، ئەمە جگەلەوەی کاتێک بەنزین هاوردەی هەرێم دەکرێت لە خاڵە سنورییەکان باجێکی زۆر دەچێتەسەری کە ئەوەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەرزی نرخی بەنزین.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو بەنزینەی لە شاری هەولێر بە 660 دەفرۆشرێت، بەنزینخانەکان هی چەند کۆمپانیایەکی دیاریکراوە کە خۆیان بەنزین بەرهەمدەهێنن و بەنرخێکی کەم دەیدەنە ئەو بەنزینخانانەی کە هی خۆیانە و ئەوەش وادەکات بەنزین بەنرخێکی کەمتر لە بەنزینخانەکانی دیکە بفرۆشن.

ئەوە لە کاتێکدایە، لە مانگی شووباتی ئەمساڵەوە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، بەجۆرێک لیترێک بەنزینی نۆرماڵ گەیشتبووە 750 بۆ 800 دینار و ئەوەش نیگەرانی هاوڵاتیان و شۆفێرانی لێکەوتووەتەوە.

ر.ر

Qaiwan
Qaiwan