نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

بەردەبازی دوانەكەوتن لە كاروان

دوانەكەوتن لە كاروان؛ مانای بوونی تەگبیری راست و خۆئامادەكردنی باشە بە پلانی جۆراوجۆرەوە بۆ سەردەمی لێقەومان، سەردەمێ؛ كە هەركەس دۆستی كەمدەبێتەوە و دەوربەری چۆڵدەبێت، پێچەوانەی پێشووتر كە لەناو حەشاماتی دۆستاندا بوویت.

تەگبیری راست رەنگە ئەوەبێت دامەزراوەی دەوڵەتی "كە لە كوردستاندا هێشتر دەڵەمەیە" بە راوێژ لەگەڵ شارەزایان و دۆستانی، ستراتیژ و نەخشەڕێگە بۆ سەركەوتن و بەرەوپپێشچوون دابنێ، لەناو ئەو نەخشەڕێگەیەشدا تەگبیری ئەوەی نووسیبێ سەروەختی نەهامەتی و شكست "خوا بكات تووشی نەبین"، دەبێ چی بكات و چۆن خۆی لێ دەرباز بكات.

گەلی كورد بەدرێژایی مێژوو پێشتەگبیر نەبووە؛ پێشتەگبیر بەمانای ئەوەی ستراتیژیی نەتەوەیی روون و رەوان و نووسراوی نەبووە كە لە شكستەكان دەربازی بكات، دوو نموونەی نسكۆی شۆڕش لە ساڵی 1975 و گەلەكۆمەكێی عیراق و دەوروبەر و بەشێكی زلهێزانی جیهان دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەسەر كورد؛ دەكەمە بەڵگەی ئەو قسەیەم.

ماوەیەكی زۆرە باسی مەترسییەكانی سەر كوردستان دەكەم، هەڵبەتە بۆیە ئەوە دەكەم چوون ئەزموون و رێوشوێنەكانی عیراق و وڵاتانی دەوروبەر، هەروەها ناكۆكی ناوخۆییش لەنێوان حزبەكانی هەرێم، وانیشان دەدەن مەترسییەكان زۆر جدین، لەوەش واوەتر گەندەڵی و نەبوونی بەرنامەڕوونی و خراپی دۆخی خزمەتگوزاریی وایانكردووە متمانە لەنێوان حكومەت و بەشێكی هەرە زۆری هاوڵاتییان نەمێنێت كە ئەمەیان زیاتر مەترسییەكان لەسەر هەرێمی كوردستان كاریگەرتر دەكات.

پێشتەگبیر بەردەبازی دوانەكەوتن لە كاروانە، كاروانی ئێستا كە دەشتوانین ناویبنێین درێژەی خەباتی رزگاریخوازی و گەیشتن بە ئامانجەكانی نەتەوە كە سەدان ساڵە كەم و زۆر لەپێناویدا خەباتمان كردووە.

كە دەزانین مەترسییەكان هەن، حەقە پێشتەگبیر بۆ دەربازبوون بكەینە بەردەباز، هەر ئەمە دەبێتە هۆی رەوینەوەی مەترسییەكانی سەر نەتەوە و ئەزموونی حوكمڕانیی كوردستان، بۆ نەیكەین كە ئەمەیان پەیوەستە بە ژیان و داهاتووی گەلی كوردەوە؟

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan