عیراقی
مستەفا کازمی: هێزە قارەمانەکان دەستی ئەوانە دەبڕن کە یاری بە تواناكانى گەل دەكەن
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، بڕیاردراوە شانەی قەیرانەکان بۆ پاراستنی تاوەرەکانی کارەبا پێکبهێندرێت و دەستی تیرۆر و ئەوانەی چاكەی عیراقیان ناوێت دەبڕدرێت.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق ئەمڕۆ هەینی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی بەپەلەی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کردنەئامانجی تاوەرەکانی کارەبا، دوای کۆبوونەوەکەش لەپەڕەی فەرمی خۆی لە تویتەر رایگەیاندووە "دەستی تیرۆر و ئەوانەی چاكەی عیراقیان ناوێت، بەنیازن لە رێگەی لێدانی تاوەرەكانی كارەباوە كارتەكان تێكەڵ بكەن پاش زیادبوونی زۆری بەرهەمهێنانی وزە، ئەمەش بەڵگەی بێهوایی تیرۆرە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە "هەوڵەكان بۆ چاككردنەوەی زیانەكانە بەردەوامە و هێزە قارەمانەكانیش دەستی ئەوانە دەبڕن کە یاری بە تواناكانى گەل دەكەن".
ئەوە لە کاتێکدایە ماوەی چەند رۆژێکە لە چەندین پارێزگای عیراق تاوەرەکانی کارەبا دەکرێنە ئامانج و دەتەقێنرێنەوە، پێنجی ئەم مانگەش لە یەک کاتدا پێنج تاوەری کارەبا لە نێوان پارێزگای کەرکوک، نەینەوا و سەڵاحەدین تەقێندرانە و تەقاندنەوەشیان کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا هەبووە لەو پارێزگایانە.
ر. ر