نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

عیراق لە سەردەمی سەرۆكایەتیی بایدن و رەئیسیدا

لە دنیای سیاسەتدا تەنها گۆڕینی سەرۆكی وڵاتێك كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سیاسەتی ناوخۆی وڵاتەكە نییە، بەڵكو گۆڕینی سەرۆك و نەخشەی سیاسی وڵاتانی دراوسێ یان چەند وڵاتێكی زلهێزیش كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ئەو وڵاتە دەبێت؛ بۆ نموونە گۆڕینی سەرۆكی ئەمەریكا و ئێران راستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر عیراق هەیە.

لەدوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە لە ساڵی 2003 تاكو ئێستا ئەو وڵاتە سەقامگیریی سیاسی و گەشەی ئابووریی و باشبوونی رەوشی تەناهیی بەخۆیەوە نەبینیوە، بگرە مەترسییەكانی شەڕی ناوخۆ، كودەتا و تێكچوونی زیاتری رەوشی ئەمنی لەپێشتر زیاتر لەئارادان، دەستەبەژێری سیاسیی عیراقیش بەرپرسیارێتی سیاسیی سەرشانیان جێبەجێ ناكەن و هەوڵەكانیان تەنها لەئاستی گوتاردایە و بەكردەوە ئیش بۆ عیراقێكی سەقامگیر ناكەن.

ئەمەریكا و ئێران هەیمەنەی سیاسی، ئابووری و ئەمنییان لەسەر عیراق هەیە، هەردوولایان بەئاسانی دەتوانن بەلایەنی كەمەوە دۆخی سیاسی و ئەمنی عیراق تێكبدەن، كردوویانە و رەنگە بەردەوامیش بن.

كشانەوە یان گۆڕینی ئەركی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمەریكا لە عیراق و هاتنە سەركاری ئیبراهیم رەئیسی لە كۆماری ئیسلامیی ئێران، دوو رووداوی گرنگن، دەكرێ بۆ عیراق هەم نەرێنی و هەمیش ئەرێنی بن، بەڵام هەركامیان بێت زیاتر پەیوەندیی بە تێگەیشتن و جۆری سیاسەتكردنی ئێران و ئەمەریكاوە هەیە بەو پێیەی عیراق بە كردار خاوەن هێز و سەروەری و بڕیاری سیاسی خۆی نییە، بگرە هەر بەشەیان لە هێزە سیاسییەكانی گرێدراوی ئەمەریكا یان ئێران یانیش وڵاتێكی دیكەی ئیقلیمی و عەرەبین.

سەرۆك رەئیسی نوێنەرایەتیی باڵی توندڕۆی ئێران دەكات، دڵمەندی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەییە و دژبەرێكی دیاری ئەمەریكایە، سوورە لەسەر كشانەوەی ئەمەریكا لە عیراق، پشتیوانیكارێكی دۆزی فەلەستینە، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەگەڵ بەهێزبوونی میلیشیا شیعەكانی عیراقە و بۆ مانەوی بەشار ئەسەدیش كاری كردووە.

سیاسەتی ئێران لەگەڵ ئەمەریكا لە عیراق لەسەر سی ئاست رووبەڕووی كێشە دەبێتەوە:
یەك:
ئەمەریكا لەگەڵ حكومەتێكی بەهێزی دوور لە سەرباز و میلیشیایە، بەڵام ئێران ئەمەی ناوێت.
دوو: ئەمەریكا نایەوێت هەیمەنەی ئێران كاریگەریی یەكلاكەرەوەی لەسەر بڕیارە سیاسییەكانی حكومەتی عیراق هەبێت، بەڵام ئێران ئەوە ئامانجی سەرەكی سیاسەتكردنێتی.
سێ: ئەمەریكا دەیەوێت ئابووریی عیراق خزمەت بە ئێران نەكات بۆ ئەوەی كاریگەریی گەمارۆی ئابووریی لەسەر ئەو وڵات قورستتر بێت، بەڵام ئێران دەیەوێت ئابووریی عیراق هاوكاریی بێت بۆ دەربازبوون لە قەیرانە ئابوورییە قورسەكەی.

لەگەڵ ئەمەشدا هەرێمی كوردستان بۆ ئێران و ئەمەریكا گرنگە، بەهۆی دابەشبوونی ئیداری و سیاسی كوردستانیشەوە بێگومان كاریگەریی ئەمەریكا و ئێران بەگوێرەی زۆنە سیاسییەكە دابەشبووە، بەڵام بۆ كوردستان باشترە پەیوەندییەكی هاوسەنگیی لەگەڵ هەدوو وڵاتەكە هەبێت.

راستییەكە هەیە ئەویش ئەمەیە: ئەگەر ئەمەریكا لە عیراق نەمێنێتەوە، ئەوا عیراق تووشی قەیرانی زۆری سیاسی، ئابووری و ئەمنی دەبێت، هەروەها هەژاری و برسێتی زۆریش رووی تێدەكات، ئێران؛ عیراقێكی وای ناوێت، بەڵكو لەگەڵ عیراقێكی بەهێزە، بەڵام بەو مەرجەی ئەمەریكا بڕیاردەری یەكەم نەبێت تیایدا، بەڵكو پەیوەندییەكی هاوسەنگیان هەبێت و ئێرانیش خاوەن هەیمەنە و بەرژەوەندیی خۆی بێت.

راستە جۆو بایدن دیموكرات و لیبراڵە و زۆر بڕوای بە بەكارهێنانی هێزی سەربازیی نییە، هەروەها ئیبراهیم رەئیسی توندڕەوە و مەیلی شەڕی هەیە، بەڵام عیراق نابێتە گۆڕەپانی راستەوخۆی ئەو شەڕە.

عیراق لەسەردەمی بایدن و رەئیسیدا زۆر ناگۆڕێ‌، بەتایبەت ئەگەر هەڵبژاردنەكان دەرئەنجامەكەیان دڵمەندی هەردوولابن و نەخشەی سیاسیی عیراق زۆر گۆڕانكاریی بەسەردا نەیەت، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕێی ئەوە دەكرێت ململانێی توندی نێوان ئەمەریكا و ئێران، عیراق هەر بە ناسەقامگیرێتی بهێڵێتەوە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan