نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

مووشە مووشی داعش لە دەوروبەری كەركوك

لە سەرەتای هاتنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام- داعشەوە، ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە چاوی بڕیوەتە داگیركردنی كەركوك، نەك بۆی نەكرا، بەڵكو گورزی كەمەرشكێنیشی بەركەوت ئەویش لەسەر دەستی ئازایەتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان.

كەركوك بەهۆی دەوڵەمەندی خاكەكەی بە نەوت داعش و هاوبیرەكانیان، تەنانەت حوكمڕانانی سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عیراق تا ئێستا هەریەكە و بەشێوەیەك ویستوویانە ناسنامەكەی بگۆڕن و داگیری بكەن، زۆر شتیان بەسەر كەركودا هێنا، بەڵام بۆ بێدەنگكردنی شاییلۆغانێكی عەرەبی هاوردەكراو تەنها مەقامێكی عەلی مەردانی بەس بوو.

دوای جێگیركردنی هێزەكانی سوپای عیراق و حەشدی شەعبی لە كەركوك و دەوروبەری، چەكدارانی داعش لەو ناوچەیە مووشە مووشیانە و لە پێچ و پەناوە پەلاماری سوپای عیراق دەدەن، پێشتریش كردەوەی تیرۆریستییان ئەنجام دەدا، بەڵام بەهۆی بوونی هێزەكانی پێشمەرگەوە نەیاندەتوانی زەرەر و زیانی زۆر بدەن، هەروەها كوردیش لەو ناوچەیە نیو هێندەی ئێستا مەترسیی لەسەر نەبوو.

جێگیركردنەوەی پێشمەرگە لە كەركوك زیاتر لە كورد بۆ كەركوكییەكان و گوندەكانی دەوروبەری سوودی هەیە، هەروەكو ناسنامەی قەڵاكەش بۆ خاوەنە رەسەنەكەی دەپارێزێت، چەكدارانی داعشیش وەكو ئێستا مەترسیی گەورە دروستناكەن.

راستییەكەی بوونی داعش لە كەركوك و دەوروبەری هەر ئەو چەكدارانە نین كە دەبینرێن، بەڵكو بیر داعشەكانیش مەترسیی گەورەن و هاوكارێكی باشیانن، ئیتر هەیە بە نان و هەیە بە ئاو و هەشە بە زانیاریی و پارە هاوكاریانن، رێگەی چالاكییان بۆ دەكەنەوە و هەلیان بۆ دەڕەخسێنن هێرش بكەنە سەر هێزەكانی سنووری كەركوك.

گەڕانەوەی پێشمەرگە كە داواكارییەكەی رەوای هەرێمی كوردستان و كەركوكییە رەسەنەكانە دەبێتە خاڵی بەهێز بۆ قووڵتركردنەوەی پرسی پێكەوەژیان لە شارەكە، هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانیش پارێزراوتر دەبن و بەئازادانە سروتە پیرۆزەكانی خۆیان جێبەجێ دەكەن.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan