کاوە ئەمین

کاوە ئەمین

شۆڕش پەیوەندی بە ئێمەوە کرد

هێشتا تەمەنی 13 ساڵان دەبێت، کە دەبێتە پێشمەرگە، ئەو دەڵێت خاڵم پێشمەرگە بوو، خۆشمدەویست، دەمگوت ئەگەر وەکو پێشمەرگەش وەرم نەگرن خۆ هیچ نەبێت "جلەکانی بۆ دەشۆم"، بەڵام پێداگرییەکەی وادەکات حەسۆ میرخان تفەنگێکی بداتێ و ئیدی دەبێتە پێشمەرگە. ئیسماعیل تاوەکو پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندووە، بەڵام وێستگەکانی ژیان بگرە لە قوتابخانە و زانکۆیش باشتر ئاشنایان بە نیشتمانپەروەری و خۆنەویستی کردووە، بە شێوەیەک ناڕەحەتییەکانی ناو شۆڕش، بۆردوومانی فڕۆکەکان، برسێتی و هەموو ناخۆشییەکان نابنە بەربەست بۆ درێژەپێدانی لە پێشمەرگایەتی. ئیسماعیلی بە تەمەن بچکۆلە لەگەڵ شۆڕشی ئەیلوولدا گەورە دەبێت، ساڵی 1970 کە رێککەوتننامەی 11ی ئازار مۆر دەکرێت، تێکەڵ بە هێزی پاسەوانی سنوور (حەرەس حدود) دەبێت، بەڵام هەر کە شەڕ دەستپێدەکاتەوە لە ساڵی 1974، ئەویش دەستدەداتەوە چەکەکەی و روو لە چیا دەکاتەوە. ئیدی ئەو چیدی منداڵەکەی جاران نییە، لەنێو شەڕدا گەورە بووە و بە باشی راست و چەپی خۆی دەناسێتەوە، بەڵام ئەو پێشمەرگەیە و تەنیا فەرمانە سەربازییەکان رادەپەڕێنێت، ئەو ئاگای لەو تۆڕە جاڵجاڵۆکەییە نییە، کە لەودیو سنوورەکانەوە بۆیان تەنراوە و دەربازبوون لێی کارێکی مەحاڵە، بۆیە کاتێکیش شۆڕشی ئەیلوول رووبەڕووی نەکسە دەبێتەوە، ئیسماعیل وەکو هەزاران کەسی دیکە، خۆی دەداتە دەست قەدەرێکی نادیار، بەڵام بڕیار دەدات روو لە هیچکام لە داگیرکەران، نە ئێران و نە عێراق نەکات، بەڵکو خۆی بە سێبەری چیا و گوندە دوورەدەستەکان دەسپێرێت.
 
هێشتا چەند مانگێک بەسەر نەهامەتییەکانی دوای نسکۆی شۆڕش تێنەپەڕیوە، هاوینە، لەگەڵ یەک دوو کەس لە خزم و ناسیاوەکانی بیر لەوە دەکەنەوە، جارێکی دیکە بەگژ رژێمی بەعسدا بچنەوە، بەبێ هیچ پلان و بەرنامەیەکی داڕێژراو دەکەونە خۆ، هێشتا نە پارتی و نە هیچ حیزبێکی دیکە بە فەرمی و نافەرمی بانگەشەی شۆڕشیان نەکردووەتەوە، ئەوەی کە ئیسماعیل و هاوڕێکانی کردوویانە تەنیا هەستێکی کوردایەتیی پەتی بووە و بەس. وەکو ئیسماعیل دەڵێت، گێڕانەوەی ئەو بەسەرهاتانە مەگەر تەنیا بە دەم خۆشبێت، بەداخەوە ئێستا ئەو نەخۆشی بەرۆکی گرتووە و ناتوانێت هەموو رووداوەکان وەکو خۆی بگێڕێتەوە، بۆیە زۆرجار بە چەند پەیڤێک کۆتایی بە قسەکانی دەهێنێت.
 
لەو دیو سنوورەوە ژمارەیەک کادری پارتی دەیانەوێت دەست بە شۆڕش بکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاری دروستکردنی (قیادەی موەقەت) دەدەن، بۆ هەڵگیرسانەوەی شەڕی چەکداری ژمارەیەک کادر دەنێرنەوە بۆسەر سنوورەکانی باشوور و رۆژهەڵات و باکووری کوردستان، بێئاگا لەوەی کە لەمدیو خەڵکانێک خۆڕسکانە تێهەڵچوونەتەوە، بۆیە ئیسماعیل مستەفا ئیسماعیل بەبێ دوودڵی دەڵێت: "کاتێک ئەبو عەنتەر کە لە کۆتایی ساڵی 1975 لەسەر راسپاردەی کاک ئیدریس بارزانی و دواتر جەوهەر نامیق و هاوڕێکانی هاتن، ئێمە بە حسابی خۆمان دەستمان بە دروستکردنەوەی مەفرەزەی بچووک بچووک کردبوو، لە باکوورەوە چەندین جار سنوورمان بڕیبوو، هەندێک پەیوەندیی سەرەتاییمان رێکخستبوو، بۆیە بەڕاستی دەتوانم بڵێم، ئەوە ئێمە نەبووین کە پەیوەندیمان بە شۆڕشەوە کرد، بەڵکو ئەوە شۆڕش بوو کە پەیوەندیی بە ئێمەوە کرد، چونکە ئێمە خاکی خۆمان بەجێنەهێشتبوو!"
 
ئەگەرچی ئیسماعیل پیاوێکی کەمدوو دیارە و نەخۆشییەکەیشی هێندەی دیکە بڕستی لێ بڕیوە، بەڵام پرسیاربارانی دەکەین، کە لێی دەپرسم بۆچی کاک جەوهەر نامیق ناوی نابوویت "هەلیکۆپتەری شۆڕش؟" لە وەڵامدا دەڵێت: ئاخر تۆ بە چاوی ئەمڕۆ لێم مەڕوانە، ئەوسا وەکو کەڵەکێوییەک ئەمبەر و ئەوبەرم دەکرد، من تەتەر بووم، مەودای پێنج کاژێرم بە دوو کاژێر دەبڕی، لەبەر ئەو گورجوگۆڵییەم، ناوی نابووم کۆپتەرەکەی شۆڕش.
 
ئیسماعیل بە چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە باسی شەهیدبوونی دوو هەڤاڵی نزیکی خۆی دەکات (ساڵح بامەڕنی و حوسێن بامەڕنی) کە لەلایەن سیخوڕێکەوە کە خۆی خزاندبووە ناویانەوە لە شیرینیی خەودا دەیانکوژێت، ئەگەرچی پێشمەرگە هاوڕێکانیان فریای شاردنەوەی تەرمەکانیان دەکەون، بەڵام ئەحمەد محەممەدی سیخوڕ خۆی رادەستی هێزەکانی حکومەت دەکات و سەربازانی رژێم دەهێنێتە شوێنی رووداوەکە، خەڵکی گوندەکان دەخەنە ژێر ئەشکەنجەیەکی قورسەوە، شوانێک شوێنی تەرمەکانیان نیشاندەدات و ئەوانیش تەرمەکان دەگوازنەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان، بۆ چاوترساندنی خەڵک لاشەکانیان بە ئۆتۆمبێل بەنێو شاردا رادەکێشن.
 
بەسەرهاتەکانی ئیسماعیل زۆرن، دەمەوێت بە چیرۆکێکی ئەودیوو سنوور کۆتایی بەم باسە بهێنم.
 
گوندە دوورەدەستەکانی باکووری کوردستان بەتایبەتی سەر سنووری خواکوڕک و شوێنەکانی دیکە لە ساڵانی کۆتایی حەفتاکاندا کەمتر دەسەڵاتی جەندرمەیان دەگەیشتێ، کاتێکیش ژەنراڵی بەفر لە زستاناندا دایدەکرد، هەموو سوپای تورکیای بەچۆکدا دەهێنا، بۆیە پێشمەرگەکانی پارتی هەندێک لەو گوندانەیان کردبووە پشت و پەنای خۆیان، بەتایبەتیش ژن و منداڵەکانیان لەو گوندانە دەحەوانەوە.
 
گوندی (مارونسێ) کە هەر لەدوای نەکسەی شۆڕشەوە باوەش بۆ ئیسماعیل و هەڤاڵ و ماڵ و منداڵیان دەگرێتەوە، دەکەوێتە ناو خاکی باکووری کوردستانەوە، بەشی زۆری خەڵکی گوندەکانی ئەو سەر سنوورە چەکدار بوون و دۆستی پێشمەرگەکانی پارتی دەبن، هەربۆیە زۆرجار کە باسی شەڕی هەکاری دەکرێت، ناوی خەڵکە عەشایەرەکانی ئەو دەڤەری سەر سنوورە دێت، کە هاوکاریی قیادەی موەقەتەیان کردووە و پشتیان لە یەکێتی کردووە. کاتێک لە کاک ئیسماعیلم پرسی ئەگەر بڵێم گوندی (مارونسێ) چیت بەبیر دێتەوە؟ سەرەتا وا خۆی نیشاندا کە تێنەگەیشتووە، کە دووبارەم کردەوە، گوتی: جا ئەوە باشە باسی بکەم، ئاخر چی دەگۆڕێت، بەسەرهاتێک بگێڕمەوە کە نزیکەی زیاتر لە 40 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە! ئیسماعیل بە تەواوەتی رۆژ و مانگ و ساڵی رووداوەکانی لەیاد نییە، بەسەرهاتێکی گێڕایەوە کە لە فیلمێک دەچێت، بەڵام چیرۆکی فیلمەکە راستەقینەیە. کۆتایی ساڵی 1979یە، ئیسماعیل بۆ سەردانی خێزانەکەی دەچێت بۆ گوندی مارونسێ، چەند پێشمەرگەیەکی دیکەیش لەوێ دەبن، چەند کەسێک لە خەڵکی گوندەکە واتە باکووریەکانیش چەکدار دەبن. جەندرمەکانی تورکیا بۆئەوەی خەڵکەکە چەک بکەن، دەچنە نێو گوندەکەوە، ئیدی ئەوە خەسڵەتی داگیرکەرە، سەرەتا سووکایەتی، پاشان ئەشکەنجەدان و ئەگەر کارەکەشیان بۆ مەیسەر نەبوو، رەشەکوژی دەکەن. کچی یەکێک لە چەکدارەکانی خەڵکی ئاوایی بە سێپایەکی مەشکە ژەندنەوە هەڵدەواسن و سووکایەتیی پێ دەکەن، ئیسماعیل و ئەو چەند پێشمەرگە کەمەی لەنێو گوندەکەدا دەبن، "ددانی پیاوەتی و تۆڵەیان تێکدەچەقێت" و لێیان دێنە دەست و چەند سەربازێکیان لێ دەکوژن و کچەکە رزگار دەکەن، بەڵام باوکی کچە و کەسێکی دیکە لەو بەرەنگاریە مێرانەیەدا دەکوژرێن. پێشمەرگەکان و خێزانەکان دەڕۆنە دەرەوەی گوندەکە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، ئیسماعیل دەکەوێتە دەستی سوپای تورکیا و دەگوازرێتەوە بۆ زیندانی دیاربەکر، کە لەو سەردەمەدا بەناوبانگترین زیندان بوو لە جیهاندا کە خەڵکی تێدا ئەشکەنجە دەدرا. بەسەرهاتی گرتن و بەربوون لە زیندان و گەڕانەوە بۆ ناو پێشمەرگە هەڵدەگرم بۆ گێڕانەوەکانی نێو بەرنامەی پەنجەمۆر.
 
سەردەمانێک ئیسماعیل و هاوڕێکانی بە خۆیان و تفەنگە شڕەیەکەوە بەرانبەر دووژمنێکی دڕندەی وەکو بەعس وەستابوون، زۆریان ئازادیان بە چاوی خۆیان نەبینی، ئەو گوڵبژێرەی کە ماویشن ئێستا چوونەتە خانەی بیرچوونەوە، ئاخر ئەگەر رۆژگارێک ئیسماعیل وەکو کەڵەکێوییەک ئەمبەر و ئەوبەری سنووری دەکرد و پەیامی شۆڕش و بەرەنگاریی لە نامە چوکلێتییەکاندا دەگەیاندە رێکخستنەکان، وا ئێستا بە گیرفانێکی بەتاڵەوە شۆڕشێکی بەرپاکردووە بەرانبەر دووژمنێکی دڕندە کە بە تەواوەتی ماندووی کردووە، ئەویش نەخۆشیی شێرپەنجەیە، بەڵام هەروەک چۆن بەرانبەر سەجانەکانی زیندانی دیاربەکر بە ئیرادە بوو، بەرانبەر نەخۆشییەکەیشی بە ئیرادەیە، جارجارێک بە بزەیەکی خەمناکەوە دەڵێت: دنیا بۆ کێ بوو، مەگەر هەموومان هەر نامرین. ئیسماعیل عیزەتی نەفسی هێندە بەرزە، ئامادەیە بەدەم ئازارەکانیەوە گیان ببەخشێت، بەڵام روو لە هیچ بەرپرسێک نەکات و دەست لە کەس پان نەکاتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە مووچەی خانەنشینییەکەی هێندە کەمە کە رەنگە بەشی دوو دەرزیی دژە ئازارە تایبەتیەکەی نەکات، کەچی سەدان کۆنە جاش و خائین بەم وڵاتە مووچەکانیان لە دەیانی وەکو ئیسماعیل زۆرترە. من هیچی دیکە ناڵێم، ئاخر ئەم بەسەرهاتانە بەردیش دێننە قسە، بەرد. ئێمەش لە گێڕانەوە و تۆمارکردنیان بەردەوام دەبین.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan