کاوە ئەمین

کاوە ئەمین

گۆرەوییە خوێناوییەکەی ئاپێ موسا عەنتەر

کە لە ماردین تێدەپەڕیت و لە سنووری رۆژئاوا و باکووری کوردستان نزیکدەبیتەوە، بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر، تەلی دڕکاوی و لە هەندێک شوێندا دیواری مەحکەم دروستکراوە. خانەخوێیەکەم دیجلە عەنتەر دەیوت ئەوەی لەیادمبێ بەردەوام قەرەقۆڵی تورکی لەمەبەر سنوورەوە دەبینرێن، بەڵام قەت قەرەقۆڵی سووریاییم لەم سەر سنوورە نەدیوە. 100 ساڵ زیاترە کوردی رۆژئاوای کوردستان بە بەری باکووری کوردستان دەڵێن سەرخەت و کوردی باکووریش بە بەری رۆژئاوای کوردستان دەڵێن بنخەت، ئاخر کاتی خۆی ئەڵمانەکان خەتی شەمەندەفەریان لەنێوان قامشلۆ و نسێبین دا راکێشا، واتە شارەکەیان کردە دوو بەشەوە. 
 
جاران خەڵکی هەردوو بەرەکە، لەنێو تەلەدڕکاوییەکانەوە یەکتریان دەبینی و لە جەژناندا دەهاتنە سەر سنوورەکە و جەژنە پیرۆزەیان لەیەکتری دەکرد و شیرینیان بۆ یەکتری هەڵدەدان، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو دیوارە بەرز و درێژانەوە کە تورکیا لەجێگەی تەلە دڕکاوییەکان دروستیکردوون، رۆژئاوا و باکووری کوردستانی بەتەواوی لەیەکتری دابڕیوە، ئیدی ئەوان ناتوانن یەکتری ببین و لە جەژناندا جەژنە پیرۆزە لە یەکتری بکەن. تورکیا لەکاتێکدا ئەوە دەکات کە دەیەوێت ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا و خوازیاری هەڵگرتنی سنوورەکانە بەڕووی ئەوروپادا. وەکو باسدەکرێت ئەو دیوارەی تورکیا دروستیدەکات، دەبێتە سێیەمین دیوار لەدوای دیواری چین و ئەو دیوارەی ئەمەریکا لەسەر سنووری مەکسیک بۆ رێگەگرتن لەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت لە رێگەی سنووری مەکسیکەوە خۆیان بگەییێننە ئەمەریکا. بەڕاستی دیوارەکان ترسناکن، ساڵی رابردوو کە لە قامشلۆ بووم و لە نزیکەوە دیوارە بەرزەکەی نێوان قامشلۆ و نسێبینم بینی، باشتر تێگەیشتم کە ئێمەی کورد لەچ حاڵێکداین و بەخۆمان نازانین. 
 
ناگەینە شاری نسێبین بەرەو باکوور لادەدەین، جادەکە قیرتاوە و بەچاو خۆیەوە خراپ نییە. بەلای چەند گوندێک دا تێدەپەڕین کە بەتەواوی ئاساواری شەڕیان پێوە دیارە، ئاخر ئەو گوندانە لە ساڵانی نەوەتەکاندا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە خاپوور کرابوون، بەڵام لەم دواییانەدا جارێکی دیکە دروستکراونەتەوە و خەڵکەکە گەڕاونەتەوە، هەندێک لە خانووەکان لە دووری چەند سەت مەترێک لە خانووە رووخاوەکانەوە دروستکراونەتەوە. 
 
ئێمە دەمانەوێت سەردانی گوندی ستیلیلە بکەین، ئەو گوندەی کە گۆڕی ئاپێ موسا عەنتەر و مۆزەخانەکەی لێیە.
 
ئاپێ موسا عەنتەر ساڵی 1920 لە گوندی زڤینگێ کە دەکەوێتە بیست کیلۆمەتریی شاری نسێبینەوە، سەر بە پارێزگای مێردینە، بەڵام ساڵی 1974 ماڵەکەی دەگوازێتەوە بۆ گوندێکی دیکە نزیک لە گوندەکەی خۆیان بەناوی ستیلیلە. ئاپێ موسا عەنتەر لە دوای ساڵی 1985 زۆرجار لە گوندەکەیان دەمایەوە، ئاخر ئەو دوای چەندین جار گرتن و ئەشکەنجەدان ماندووببوو، تەنانەت بڕیاری دابوو بۆ ماوەیەک نەنووسێت، روو لە گوند و چیا بکات، وەک پێغەمبەران لە شوانێتییەوە دەستپێبکاتەوە، بۆیە ماوەیەک خەریکی بەخێوکردنی مەڕو ماڵات و بەخەمهاتنەوەی باخچەکەیەوە بوو. پەیوەندییەکی خۆشی لەگەڵ دانیشتووانی گوندەکەدا دروستکردبوو، ئێستا ژمارەی دانیشتووانی ئاواییەکە گەیشتووەتە شەش هەزار کەس. کاتێک لەگەڵ گوندییەکان لەسەر ئاپێ موسا قسەمدەکرد، بە ژن و پیاوەوە بۆی بەداخ بوون. یەکێک لەو ژنانە کە تەمەنی لەسەرووی پەنجا ساڵییەوە دەبوو، بە حەسرەتەوە باسی ئاپێ موسای دەکرد و دەیوت لە هەمووی خۆشتر پیاوێکی حەنەکچی (قسەخۆش) بوو، هانیدەداین بە کوردی قسەبکەین.
 
لە دوای ساڵی 1990ـەوە کە پارتی هەپ دادەمەزرێت و ئاپێ موسا وەک ئەندامی شانازی ئەو حیزبە دەستنیشان دەکرێت، خوێنجمانێکی نوێی کوردایەتی بەدەمارەکانیدا دێن و دەچن،  شان دەداتەوە بەر کوردایەتی، روو لە ئیستانبوڵ دەکات کە بووە ناوەندێکی گەورەی کولتووری بۆ کورد، لە هەموو ئەو دامودەزگا کوردیانەی لەوێ وەک قارچک هەڵدەتۆقین بەشداری دەکرد، ئینستتیوتی کورد، ناوەندی چاندی میزوپۆتامیا، رۆژنامەی ئولکە، یەنی ئولکە، وڵات، ئازادییا وڵات و زۆر دامەزراوەی دیکە. جارێکی دیکە لە رێگەی کونجەکەیەوە لە رۆژنامەی (ئازادییا وڵات) کە بە کوردی بڵاودەکرایەوە، خوێنەرانی بەدیداری شاد دەبنەوە. 
 
گەڕانەوە بۆ شار، نابێتە هۆی ئەوەی کە جار جار سەردانی گوندەکەی نەکاتەوە، بەڵکو سەردانی گوند دەکات و دەچێتە سەردانی کانی و باخەکەی و لەژێر سێبەری دارچنارە پیرەکەی کە پێکەوە گەورە ببوون، هەناسەیەکی ئازادی هەڵدەمژێت. ئەوکاتە شەڕی چەکداری لە باکووری کوردستان دا هەموو کون و قوژبنێکی وڵاتی گرتبووەوە، گوندەکەی ئاپێ موساش یەکێکبوو لەو گوندانەی کە لەژێر دەستی گەریلادا بوو و دەوڵەت نەیدەتوانی بە ئاسانی روو لەو ناوچانە بکات.
 
دیجلە عەنتەر، بەسەرهاتێکی گێڕایەوە کە لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا روویداوە. گەریلا دەیانکردەسەر خەڵکە ناسراو و دەوڵەمەندەکان، داوای باجی شۆڕشگێریان لێدەکردن، یەکێک لەو کەسایەتیانە ئاپێ موسا عەنتەر دەبێت، بەڵام جگە لەوەی زۆر تووڕە دەبێت لەو کارەی گەریلاکان، رەتیدەکاتەوە یەک قروشیان پێبدات، کار دەگاتە ئەوەی هەڕەشەی کوشتنی لێبکەن. دیار نییە سەرکردایەتی پەکەکە بەو کارە دەزانن یان خۆیانی  لێ نەبان دەکەن، بەڵام کەسایەتی و نێوبانگی ئاپێ موسا وادەکات، داوای لێبووردن لە ئاپێ موسا بکەن و کار دەگاتە ئەوەی بڕیاری ئەوە بدەن ئەو کەسانە سزابدەن کە داوای پارەیان لە موسا عەنتەر کردووە، بەڵام ئاپێ موسا لە وەڵامدا دەڵێت: بەهیچ شێوەیەک رازی نیم لەسەر من هیچ کوردێک ئازاری پێبگات و دەیانبەخشم. 
 
دەمێک بوو قەڵەمەکەی موسا عەنتەر، دەوڵەتی تورکیای هەراسان کردبوو، هەموو جۆرە ئەزیەتدانێکیان لە زیندانیکردنەوە بگرە تاوەکو دەگاتە ئەشکەنجە و سووکایەتی، لەگەڵیان تاقیکردبووەوە، بەڵام ئەو کۆڵی نەدەدا، بۆیە دەبوو بەهەر شێوەیەک بێت لە کۆڵ خۆیانی بکەنەوە. سەرەتای ساڵانی نەوەتەکان یەکێک لە بەرپرسە دیار و چالاکەکانی پەکەکە بەناوی (هۆگر) لە ناوچەی نسێبین کە گوندەکەی ئاپێ موساش سەر بەوێ دەبێت، بەرپرس دەبێت، دەبێت ئاپێ موساشی ناسیبێت، پێدەچێت ئاپێ موسا هاوکاریشی کردبن، بەڵام لەپڕ هۆگر خۆی تەسلیمی دەوڵەتی تورکیا دەکات، وەک لە باکوور باوە بەوانەی خۆیان تەسلیمی دەوڵەت دەکەن و دەکەونە خزمەت دەوڵەتەوە، دەڵێن (ئیعترافچی)، هۆگریش دەبێتە ئیعترافچی، زیانێکی زۆر بە هاوڕێ دێرینەکانی دەگەیەنێت. وەک کەسوکاری گومان دەکەن، لەسەردەمی ئەرگەنەکۆن دا، دەوڵەت پلان بۆ کوشتنی چەندین کەس دادەنێت لە نێویاندا موسا عەنتەر، بۆ هەریەکەیان سیناریۆیەک دادەڕێژن، ناوەندی بڕیار و پلاندانان ئەنقەرەیە، ئیعتفراچییەکانیش جێبەجێکاری پلانەکە دەبن. کورد بەدەستی کورد بە کوشتدان، مێژوویەکی دێرینی هەیە و تاقیکراوەتەوە و تێیدا سەرکوتووبوون.

دەوترێت پاش ماوەیەک هۆگر پەیوەندی بە ئاپێ موساوە دەکات، وای تێدەگەیەنێت و قەناعەتی پێدەکات کە دەیەوێت واز لە خیانەت بێنێت و بگەڕێتەوە نێو گەریلاکان، بەڵکو ئەو شتێکی بۆ بکات! ئەوەش بۆ ئەوەیە کە بەڵگەیەکیان بەدەستەوەبێ بۆ ئەنجامدانی تاوانەکەیان. ئاپێ موسا بەقسەکەی فریودەخوات و دەکەوێتە ناو تەڵەیەکەوە کە دەربازبوونی نییە. کاتێک موسا عەنتەر لە دیاربەکر دەبێت بۆ بەشداری لە کۆنفرانسێک، هۆگر و تاقمەکەی پەیوەندی پێوە دەکەن و لەگەڵ خۆیاندا سواری ئۆتۆمبیلێکی دەکەن و دەڕۆن تاوەکو لەنێو کۆڵانێکی دیاربەکردا تیرۆری دەکەن. شەهیدکردنی موسا عەنتەر هەرزوو لە رۆژنامەکانی دنیادا بڵاوبووەوە. لەبیرمە من ئەوکاتە لە سوید بووم، رۆژنامەکان هەواڵ و وێنەی موسا عەنتەریان بڵاوکردەوە.

هەرچەندە چەند کەسێک لەسەر کوشتنی موسا عەنتەر گیران، بەڵام دیزە بەدەرخۆنەیان کرد. وا سی ساڵ بەسەر ئەو تاوانەدا تێدەپەڕێت و هێشتا دۆزەکە بە کراوەیی ماوەتەوە، سەرەڕای بەڵگەکان، دەوڵەت بەبیانووی کوشتنی نادیار دەیانەوێت بەیەکجاری دۆزەکە دابخات و خوێنی ئاپێ موسا و دەیانی کەسی دیکە بەفیڕۆ بڕوات.
 
بکوژانی موسا عەنتەر، تەرمی ئاپێ موسا نادەنەوە کەسوکاری بەڵکو بەدزییەوە لە گوندە کۆنەکەیان (زیڤینگ) بە خاکی دەسپێرن، بەڵام موسا عەنتەر خۆی وەسێتی کردبوو کە لە باخچەی ماڵەکەیان بنێژرێت، دوای یەک ساڵ بەو مەرجەی تەنیا کەسوکارەکەی بەشداری لە دووبارە ناشتنەوەی تەرمەکەیدا بکەن، دەوڵەت مۆڵەتیان پێدەدات بە بێدەنگی گۆڕەکەی بگوازنەوە بۆ ستیلیلە. دیجلە عەنتەر دەڵێت دوای دوو رۆژ لە شەهیدکردنی باوکم، لە سویدەوە خۆمان گەیاندەوە دیاربەکر، زۆر هەوڵماندا ئەو جلانەی کە لەکاتی کوشتنەکەیدا لەبەری بوون وەربگرینەوە، بەڵام دەوڵەت ئەوەشی پێ رەوا نەدیتین، تەنیا تاکە گۆرەوییەکی خوێناوییمان وەرگرتەوە، ئەوەتا وێنەکەیمان لە مۆزەخانەکەدا داناوە.
 
هەرچەندە لەسەر موسا عەنتەر بنووسرێت هێشتا کەمە، ئاخر موسا عەنتەر واتە نزیکەی سەدەیەک لە مێژووی کورد. کەم دادوەری تورک هەیە کە موسا عەنتەریان دادگایی کردبێت و نەکەوتبێتنە بەر تیر و توانجی و گاڵتەوگەپەکانی ئاپێ موسا. ئەم بابەتە بە یەکێک لەو حەنەکانەی ئاپێ موسا کۆتایی پێدەهێنم کە هێشتا بۆ وڵاتێکی وەک تورکیا راستییەکی حاشاهەڵنەگرە و دەبێت سەرلەنوێ تورکیایەکی نوێ بنیات بنێردرێتەوە کە بتوانێت رۆحی ئاپێ موسا عەنتەرەکان ئاسوودە بکات و وزە و توانای موسا عەنتەرەکان بخرێتە خزمەتی مرۆڤایەتییەوە نەک بخرێنە کونجی زیندانەکانەوە.
 
لە یەکێک لە دادگاییەکانی ئاپێ موسا عەنتەردا، دادوەر زۆر گوشار بۆ موسا عەنتەر دەهێنێت و دەیەوێت پێی بسەلمێنێت کە ئەو کەوتووەتە هەڵەوە و باشترە لە تێڕوانینەکانی لەسەر کورد و تورکیا پەشیمان ببێتەوە، دەڵێت موسا بەگ تۆ سواری گای هار بوویت! ئاپێ موسا روودەکاتە دادوەرەکە و پێیدەڵێت: قوربان ئەو تورکیایەی تۆ باسی دەکەیت وەک منداڵە نەخۆشەکەیە. رۆژێک ژنێک منداڵەکەی دەباتە لای دکتۆر و دەڵێت، جەنابی دکتۆر منداڵەکەم ئیفلیج بووە، چاوی نابینێت، کەڕ و لاڵ بووە، هەرچی نەخۆشی هەیە تێیدایە، دەستم بەدامێنت وەرە چارەسەرێکم بۆ بدۆزەوە. دکتۆر کە گوێی لەو قسانە دەبێت و منداڵەکە بە چاوی خۆی دەبینێت بە ژنەکە دەڵێت: ئادەی بچۆرە ئەو ژووەرەوە، خۆت رووتبکەوە و ئێستا منیش دێم!
ژنەکە بە دکتۆر دەڵێت قوربان من نەخۆش نیم منداڵەکەم نەخۆشە؟
دکتۆر دەڵێت دەزانم، بەڵام ئەم منداڵە تازە چارەسەری نییە، چاکترە من و تۆ منداڵێکی تازە بێنینە دنیا! 
ئاپێ موسا بە دادوەرەکە دەڵێت قوربان ئەو تورکیایەی تۆ باسی دەکەیت، لەو منداڵە دەچێت، چارەسەری نییە، وەرن با تورکیایەکی نوێ بنیات بنێین کە هەموومان تێیدا مرۆڤ بین، بەڵام هەر کەسەمان وەک خۆی تێیدا مرۆڤ بێت، من وەک کورد و تۆیش وەک تورک.  

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan