کاوە ئەمین

کاوە ئەمین

بەجێمان بهێڵن هەڤاڵ!

لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری زاخۆ چاومان بە پێشمەرگەیەکی دێرین کەوت، هێشتا گورجوگۆڵە، ئەگەر بەراوردی بکەی بەو زەحمەتی و ماندووبوونەی لە هەرەتی لاوێتییەوە رووبەڕووی بووەتەوە، ئاخر کێ هێندەی پێشمەرگە ماندووە، بەتایبەتیش ئەگەر لە سەرەتای لاوێتییەوە تەڤلی شۆڕش بووبێت. بۆ ئەوەی گفتوگۆکەمان گەرموگوڕ و خۆمانە بێت، بەو پرسیارە دەستمان بە قسەکانمان کرد، دەوری زاخۆ لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا چ بووە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی: کاکە خۆ زاخۆییەکان هەر شۆڕشگێڕ نەبوون، ئاخر لە زاخۆ واباوە دەڵێن "هەر کەسێک ئاوی خاپووری خواردبێتەوە، هونەرمەند و دەنگخۆشە"، بۆیە زاخۆ شارێکی هونەرپەروەر و خاوەن فەرهەنگیشە.
 
بێگومان هەر پێشمەرگەیەک چیرۆکێکی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام چیرۆکی عیسا ئەحمەد شەمۆ جیاوازە، لە شۆڕشی ئەیلوولدا لە تەمەنێکی لاوێتییەوە دەبێتە ئەندامی مەفرزەیەکی برووسکەئاسای هێرشبەری تایبەت بۆ سەر دووژمن.
 
لە دوای نەکسەی ساڵی 1975 کە درێژترین شۆڕشی کورد لە گەلەکۆمەکەیەکی نێودەوڵەتیدا پشتی لە زەوی درا، سەرانی بەعس و حکومەتی عێراق نوخشانەی ئەوەیان لێدەدا کە ئیدی جارێکی دیکە شاخەکانی کوردستان پێشمەرگە بەخۆیانەوە نابینن، بەڵام ئەوان هەڵەیەکیان کرد نەک ئاواتەکەیان نەهاتە دی بەڵکو لە کۆتاییدا ئەو چاڵەی بۆ شۆڕشی کوردیان هەڵکەند خۆشیانی تێکەوتن، بەڵام کورد هەرچۆنێک بێت هەستایەوە، بەڵام ئەوان نا، ئاخر ئەوان بەو رەفتارانەیان، کورد گوتەنی رووڕەشی هەردوو دنیا بوون.
 
لەدوای چەند مانگێک لە نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، گوندی رۆبۆسکێ لە باکووری کوردستان، دەبێتە خاڵی بەیەکگەیاندنی کوردانی شۆڕشگێڕی، باکوور، رۆژئاوا و باشووری کوردستان لە سفرەوە دەست پێدەکەنەوە، دەیانەوێت تەحەدای ئەوانە بکەن کە نوقڵانەی ئەوەیان لێدەدا کە بەشێوەیەک پشتی کوردیان شکاندەوە، ناتوانن جارێکی دیکە دەست بۆ چەک ببەنەوە.
 
چیرۆکەکانی عیسای پێشمەرگە زۆرن، ئێمە چەند چیرۆکێکمان لە پەنجەمۆردا گێڕاوەتەوە، باسی یەکەم چالاکی و یەکەم شەهید و یەکەم برینداری دوای هەرەسمان کردووە، بەڵام من دەمەوێت باسی بەسەرهات و چارەنووسی مەفرەزەیەکی بیست کەسی بکەم، بەسەرهاتێیکی ناخهەژێن، بەڵام سەربەرزانە.
 
حکومەتی عیراق بۆ ئەوەی پلانەکەی بەتەواوی جێبەجێ بکات دەست بە راگواستنی گوندەکانی سەر سنوور دەکات، مەسەلەی جیاکردنەوەی ماسی لە دەریا، پێشمەرگە لە خەڵک، تاکتیکێکە، داگیرکەران لە هەموو دنیادا پەنایان بۆ بردووە. 
 
مەفرەزەیەکی بیست کەسی، بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەعس، پلانی دەستبەسەرداگرتنی بنکەیەکی سوپای عیراق لەسەر شاخێکی سەرکەش دادەنێن، بەڵام پلانەکە وەک ئەوەی بەرنامەی بۆ دانرابوو بۆ پێشمەرگەکان ناچێتەسەر، دەکەونە کێڵگەیەکی مینڕێژکراوەوە و، یانزدە پێشمەرگە بریندار دەبن، سێ لەوانە لەسەر لێواری مەرگ دەبن، بەڵام هاورێیەکانیان هەرچۆنێک بێت لە شوێنی رووداوەکە هەموو بریندارەکان دەگوازنەوە. شەوێکی ئەنگوستەچاوە، دووژمن دەزانێت بەچ دەردێکی بردوون، بۆیە دەمەوبەیانی هێزێکی زۆر شوێنپێی پێشمەرگەکان هەڵدەگرن، تاوەکو دێت رووناکی دڕ بەشەوە زەنگەکە دەدات کە لە قازانجی پێشمەرگەکاندا نابێت. دەبێتە مشتومڕیان لەسەر بڕیاری پێکەوە مردن یان بەجهێشتنی ئەو سێ پێشمەرگە بریندارەی کە لە لێواری مەرگدان، سەرئەنجام بڕیارە قورسەکە دەدەن و بریندارەکانیش پێداگری لەسەر بەجێهێشتنیان دەکەنەوە، چونکە ئەوان دەیانزانی بەو کەژانەوە کەس نابێتە فریادڕەسیان، مەرگێکی حەتمی چاوەڕێیانە، بەڵام نەیاندەویست بەهۆی ئەوانەوە هەموو مەفرەزەکە تێدابچێت، بۆیە داوایان لێدەکەن بڕۆن. یەکێک لە پێشمەرگەکان کە ناوی (ساڵح کۆچەر) دەبێت روو دەکاتە موسا ئەحمەد و پێی دەڵێت، "سەرمامە، قەمسەڵەکی خۆتم بدەرێ"، ئەویش بەئاهێکی پڕ لە حەسەرەتەوە چاکەتەکەی دەدات بەسەر هەڤاڵەکەیدا، چ کارەساتێکە. دوو پێشمەرگە بریندارەکەی دیکە عەبدولڕەحمان ساڵح خەڵکی زاخۆ، حەسەن بۆسەڵی خەڵکی زاخۆ، لەگەڵ ساڵح کۆچەر ئەویش هەر خەڵکی زاخۆ دەبێت بە چارەنووسێکی نادیار دەسپێرن، ئەوان پێداگری دەکەن هەڤاڵەکانیان بەجێیان بهێڵن، چونکە سوور دەیانزانی کە دەربازکردنیان بەو حاڵەوە محاڵە، ئیدی بۆچی هەڤاڵەکانیان کە نیوەیان بریندارن و برینەکانیان کاری نییە، بەکۆمەڵ بکوژرێن، باشترە درێژە بە کاروانەکەیان بدەن. بۆیە بەناچاری هەرسێ بریندارەکە لە ناو چەند تاشە بەردێکدا بەجێدەهێڵن. هێشتا پێشمەرگەکان زۆر دوور نەکەوتوونەتەوە، دەنگی دەستڕێژ و تەقەیەکی زۆر دۆڵەکە دەهەژێنێت، عێراقییەکان ناوێرن بە برینداریش لە پێشمەرگەکان نزیک ببەنەوە، هەڕەمەکیی تەقەیان لێدەکەن، دووانیان شەهید دەبن، عەبدولڕەحمان ساڵح و ساڵح کۆچەر هەر لەوێدا شەهید دەبن، حەسەن بۆسەڵی بە برینە سەختەکانییەوە دەستگیر دەکرێت و دەیبەن بۆ بەغدا، دوای ماوەیەک لە بەغدا لە سێدارە دەدرێت.
 
عیسا لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا گوتی: دوای ئەوەی هەشت بریندارەکەی دیکەمان رەوانەی گوندەکانی باکووری کوردستان کردن، ئەو پێشمەرگانەی دیکە چووین بۆ بارەگای سەرکردایەتیمان لە دامێنی چیای کۆماتە، جەوهەر نامیق بەرپرسمان بوو. کاتێک هەواڵەکەمان پێدا و باسی بەجێهێشتنی ئەو سێ بریندارەمان کرد، کاک جەوهەر بووە یەک پارچە ئاگر و رووبەڕوومان بووەوە گوتی: ئەوە چ کارێکی شۆڕشگێرییە کردووتانە، چۆن دڵتان هاتووە بریندارەکان بەجێبێڵن؟ ئێمە دەمانویست تێیبگەیێنین کە لە چ دۆخێکدا بووین، ئەو بریندارانەش شەهیدبوونێکی حەتمی چاوەڕێی دەکردن، بەڵام کاک جەوهەر هێور نەدەبوو و دەیگوت: دەبوو پارچەپارچەتان بکردنایە و هەر پارچەیەکتان بخستایەتە ناو کۆڵەپشتەکانتانەوە، نەک تەرمەکانیان بکەوێتە دەستی دووژمنەوە. عیسا خێرا خێرا دەیگوت، ئاخر کاکە ئازایەتیی کاک جەوهەر لە هیچ شوێن و بارودۆخێکدا گاڵتەی پێنەدەکرا.   
 
عیسا دەڵێت، هەرچەندە ئێمەش وەکو کاک جەوهەر لەو خەمەدا بووین، بەڵام هەندێکجار پێویستە بڕیاری جەرگبڕ بدەیت، بۆیە سەرەڕای ئەو هەموو ماندووبوونە کاک جەوهەر بڕیاری پێنج مانگ سڕکردنی بۆ دەرکردم، منیش پێیەوە پابەندبووم.
 
ک. ر.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan