کاوە ئەمین

کاوە ئەمین

زمانی کوردی لەنێوان عەبدولئیلا و گویل دا

لە گەشتی ئەمجارەمدا بۆ تورکیا و باکووری کوردستان، ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و فەرهەنگی کوردم بینین، هەروەها سەردانی مۆزەخانەکەی ئاپێ مووسا عەنتەرم کرد لە گوندەکەی خۆی. چوومە سەر ئەو گۆڕەپانەی کە شێخ سەعیدی پیرانیان تێدا لەسێدارە دابوو، بەڵام هێشتا جێگەیەک نییە کە خەڵک سەردانی بکەن و بڵێن ئەمە گۆڕی شێخ سەعیدە، ئاخر تورکەکان هەر ئەو شەوەی شێخ سەعید و 72 لە یاوەرانی لەسێدارە دەدەن لە جێگەیەکی دیکە بە خاکیان دەسپێرن، بەڵام دوای 93 ساڵ هێشتا شوێنی قەبرەکانیان بە نهێنی هێڵدراوەتەوە. کاتێک شێخ عەبدولئیلا فورات نەوەی شێخ سەعیدم بینی و لێمپرسی، ئایا شوێنی گۆڕی شێخ سەعید دەزانن؟ بە دەنگێکی گڕەوە وتی: ئەی چۆن نازانین، بەڵام دەوڵەت رێگە نادات بچینە ئەو شوێنە کە مۆڵگەیەکی سەربازی گەورەیە لەناو جەرگەی دیاربەکر (ئامەد)ە.
 
نامەوێت لەم وتارەدا بچمە سەر باسی سەرهەڵدانی شێخ سەعید و دەرەنجامەکانی، بەڵکو دەمەوێت لەسەر بابەتێک قسەبکەم کە لەگەڵ نەوەکەی شێخ سەعید قسەمان لەسەر کرد، ئەویش گرنگی زمانی کوردییە. هەموو لایەک لەسەر ئەوە کۆکن، نەتەوەیەک زمانەکەی نەپارێزێت، چارەنووسی لە دایناسۆرەکان باشتر نابێت کە ئێستا تۆیان لەسەر زەوی نەماوە.
 
نەوەکانی شێخ سەعید بەسەر چەند بەرەیەکدا دابەشبوونە، بەشێکیان بە حوکمی مسوڵمانێتی و شێخایەتییەکەیان، بوونەتە بەشێک لە پارتە سیاسییە ئیسلامییەکانی وەکو رەفا، ئاک پارتی و سەعادەت، بەشێکی کەمیشیان لەنێو هەدەپدان.
 
شێخ عەبدولئیلا فورات لە رێگەی نەجمەدین ئاربەکانەوە دەچێتە نێو پارتی رەفاوە و تائێستاش هەر لەسەر هەمان رێچکە بەردەوامە، هەرچەندە پارتی رەفا بە یاسا قەدەغەکراوە، بەڵام هەوادارانی لە پارتێکی دیکەدا خۆیان رێکخستووەتەوە. شێخ پێداگری دەکرد کە نەجمەدین ئەربەکان کوڕی یەکێک لە سەرۆک خێڵە کوردەکانە و کوردە، هیچ کاتێک لای ئەو نکۆڵی لە کوردبوونی خۆی نەکردووە، بەڵام شێخ دەیوت هەمیشە پێیدەوتم تکایە ئەم مەسەلەی کوردبوونەی من هەڵبگرە بۆ دوای مردنەکەم، چونکە دەزانم لە هەموو لایەکەوە پەلامارم دەدەن.
 
ئەوەی کە بەلامەوە سەرنجڕاکێش بوو، نەوەکەی شێخ سەعید بە کوردییەکی پاک و بێگەرد قسەی دەکرد، تەنانەت نەوەکانی ئەویش هەمان رێچکەی باب و باپیرانیان گرتووە و لەگەڵ هەموو ئاستەنگییەکان زمانەکی خۆیان پاراستووە. شێخ سەبارەت گرنگی زمانی کوردی دەیوت، تەنانەت بەشێکی زۆر لە ئیسلامییە تورکەکان زەندەقیان لە زمانی کوردی چووە، چونکە ئەوانیش بە بیانووی هەموومان مسوڵمان و برای یەکین، دەیانەوێت کورد زمانەکەی لەبیر بچێتەوە و ئاڵای سپی تورکبوونیان هەڵکەن، ببنە تورکێکی مسوڵمان، ئاخر کورد بە زمانەکەیەوە کوردە، دەنا با تاوەکو ئێوارە ملیۆنان کورد بە تورکی بڵێن کوردین!
 
شێخ سەبارەت سیاسەتمەداری تورک عەبدوڵڵا گویل گێڕایەوە و وتی "دراوسێبووین و لە یەک حزبدا کارمان دەکرد، هەموو رۆژێک لە یەک کاتدا کوڕەکانمان دەبردە قوتابخانە، چونکە لە یەک قوتابخانە دەیانخوێند، جیاوازییەکە ئەوەبوو من بەدیار چاوی هەمووانەوە بە کوردی لەگەڵ کوڕەکەم قسەم دەکرد، بەڵام نەمدەزانی کوردی قسەکردنەکەم بووەتە گرێکوێرەیەک لەسەر دڵی عەبدوڵڵا گویل. رۆژێک لە کۆنفرانسی پارتەکەماندا کە زۆربەی سەرکردەکان بە ئەردۆغانیشەوە ئامادەبوون، عەبدوڵڵا گویل خۆی بۆ نەگیرا و وتی: دەزانن ئەم نەوەیەی شێخ سەعید لە ئەتاتورک مەترسیدارترە؟ جەماعەت هەموو بەلایانەوە سەیربوو، خۆیشم زۆرم بەلاوە سەیر بوو! گویل وتی ئەم پیاوە تائێستاش بە کوردی قسە لەگەڵ کوڕەکەی دەکات، بۆیە ئەتاتورک چەند بۆ ئیسلام خراپ بووە، بە کوردی قسەکردنیش ئەوەندە بۆ تورکیا خراپە".
 
ئەم تێڕوانییە هەڵە و نەیارانەیە بەرانبەر کورد و زمانەکەی زیاتر لە سەد ساڵە برەوی پێدەدرێت، بەداخەوە هەوڵەکانی دەوڵەت خەریکە دەگاتە ئامانجەکانی. ئێستا زمانی کوردی لە باکوور و تورکیا لەوپەڕی خراپیدایە، بەرەو لەنێوچوون دەچێت، بۆیە دەبێ هەموو قورسایی خەباتی کورد لە پاراستن و زیندووکردنەوەی زمانەکەیاندا چڕبکەنەوە، دەنا بیست ساڵی دیکە نەتەوەیەک پەیدا دەبێت بە تورکی دەڵێن "بابام کورد، ئانێم کورد، ئەما ئەز کرمانجی نزانم". وەک مەسەلە کوردییەکە دەڵێت بۆ ریش چووین سمێڵمان لەسەر دانا، کوردی باکووریش دەبێت بڵێن، شۆڕشمان بۆ دروستکردنی دەوڵەت کرد، بەڵام زمانەکەشمان لەبیرچووەوە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan