نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

گەڕانەوە بۆ کن حاجی قادری کۆیی

حاجی قادری کۆیی، لە شاعیرە دەگمەنەکانی نەتەوەی کوردە، عەقڵ و دووربینی وی، پێش زۆر کەس کەوتبوو، بەتایبەت لە مەسەلەی تاوسەندنەوەی بیری نەتەوەیی کوردی، لەخۆڕا نییە وەک یەکێک لە سەرمەشقەکانی بیری ناسیۆنالیستیی کوردیی ناوی دەھێنرێت.

کۆیە لە مێژووی بیری نەتەوەیی و رۆشنبیریی کوردستاندا وەکو سەرمەشق چاوی لێدەکرێ، لەو رووە ناوی زۆر ھەنە بیکەمە گەواھیدەری قسەکانم، لە بواری شیعردا دڵداری خاوەن شیعری ئەی رەقیب، لە بواری زانای کراوەی ئایینیدا مەلای گەورەی کۆیە، ژنی ناوداری وەکو زەینەب خان "کچە کورد" ھەیە، بۆ بیری نەتەوەییش زۆر ھەنە؛ لێرە تەنھا حاجی قادر وەکو نموونە دەھێنمەوە.

حاجیی مەزن، لەبەر زۆر ھۆکار، کوردستانی جێھێشت و لە ئیستانبووڵ بۆ ماوەیەکی زۆر نیشتەجێ بوو، بەڵام تەنھا بە جەستە لە نیشتمان دوور بوو، دەنا دڵ و رۆح و بیرکردنەوەی ھەر لە کوردستان بوو، لەو رووەوە بەڵگەی زۆر ھەن، کەوا ھەوڵدەدەم وردە وردە بیانخەمەڕوو.


شیعری وی خەم و ئازار و دووبەرەکی کوردانی لەخۆگرتبوو، کاتێک دەیدی، کوردان پەرتەوازەن نەک پەسەنی نەدەکردن، بەڵکو بە شیعرەکانی رەخنەی توندیشی لێدەگرتن، بنواڕە لەم دێڕەدا چی دەرێ:

تا رێ نەکەون قەومی ئەکراد
ھەروا دەبنە خەرابە ئاباد

ئیلھامی ئەو شیعرە، لەوەوە سەرچاوە دەگرێ، کە حاجی قادری کۆیی، دەبینێ، لایەنە جیاوازەکانی نەتەوەکەی ناتەبان، ئەوەش مایەی خەرابوونی ریزەکانی نەتەوەکەیەتی، دەی چی ھەستێک لەوە نزیکترە لە رۆحی خەڵکەکەی لە ئیستانبووڵی دوورەوە خەمی یەکگرتوویی نەتەوەکەی بێت؟

حاجی بیری لای ئەوەیە، نەتەوەکەی زانستخواز و یەکگرتووبێت بۆ ئەوەی لە دەستی دوژمن رزگاریان بێت، بۆیە بە شیعر، ھەستی خۆی دەردەبڕێ، ھەروەک جۆرێکیشە لە تانەدان لە ناتابەیی نێوانیان، ئەو باسی دەوڵەت و قەڵەم دەکات، بۆیە حاجی دەرێ:

بە شیر و خامە دەوڵەت پایەدارە
ئەمن خامەم ھەیە شیر نادیارە

چیرۆکیی نیشتماندۆستی و زانایی حاجی قادری کۆیی، دوورودرێژە، لێرەوە ھەوڵدەم بە زنجیرە وتارێک و ھەفتانە بگەڕێمەوە کنی، ئەمە کۆیایەتی و خۆیایەتی نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ مێژوو.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan