خالد سلێمان

خالد سلێمان

تەماشای گۆمەزی دارەکان بکەن

دارستان تەنها ئۆکسجین نابەخشێت، بەتەنهاش ئیسفەنجێک نییە بۆ هەڵمژینی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. رۆڵی دارستان زۆر لەوە زیاتر و ئاڵۆزترە کە لە کولتوور و بۆچوونی باوی ئێمەدا هەیە. لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەسەر لەناوبردنی دارستانەکان بۆ یەکەمجار باسی ئەو لایەنە شاراوانەی دارستانەکان دەکات کە لە ساردکردنەوەی زەویدا دەیبینن. نووسەرانی لێکۆڵینەوەکە باسی ئەوە دەکەن کە بەشێکی ئەم رۆڵەی دارستانەکان تا ئەمڕۆ بەشاراوەیی ماونەتەوە، لە کاتێکدا کەمتر نییە لەوەرگرتنی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و شاردنەوەی.

پێش ئەوەی ئەو رۆڵە بخەمەڕوو بەپێویستی دەزانم ئەوە روونبکەمەوە کە زەوی بەبێ دارستان وەک دەسشۆرێک (سینک)ێکی داخراو وایە ئاوی بۆڕییەکەی بەسەردا کرابێتەوە و بەهەموو لایەکدا دەڕژێت. واتە گازە گەرمکەرەوەکان بەبێ دارستان دەڕژێن و دەرەچەیەک نییە بۆ دەرچوونیان، بوونی دارستانەکان رێک ئەو رۆڵەیە کە دەرەچەی سینکەکە یان دەسشۆرەکە دەیبینێت و لەبری ئەوەی ئاوە بەربووەوەکە بەملاو ئەولادا بڕژێت و بڵاوبێتەوە، بە دەرەچەکەدا رۆدەچێت. ئەم رۆڵەی دارستان بۆ هەمووان روون و ئاشکرایە، بەڵام ئەوەی زاناکان ئاشکرای دەکەن لەوە کەمتر نییە کە لەم خاڵانەدا خۆیان دەبیننەوە:

یەکەم: لەکاتی گەرما، ئەو گۆمەزەی سەرەوەی دارەکان دروستیدەکەن، پاڵ بە تەوژمە گەرمەکەوە دەنێن و دووریان دەخەنەوە. بەم شێوەیەش دەوروبەری خۆیان سارددەکەنەوە.

دووەم: گەڵای دارەکان وەک پێستی مرۆڤ لە کاتی گەرمادا عەرەق دەڕێژن، ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوکردنەوەی گەردیلە ئاو بە کەشدا. لێرەوە هەڵمژینی گەرما دروست دەبێت و لەبری ئەو لەسەر زەوی قەتیس ببێت، تەوژمە گەرمەکان لە کەشدا دەمێننەوە.

سێیەم: ئەم کارلێککردنە فیزیا- کیماییەش لەنێوان دارستانەکان و گەرمادا، سەرچاوەیەکی سەرەکی دابارینە، چونکە دەبنە هۆی دروستبوونی هەور و چڕبوونەوەی شێ لە کەشدا.

جێگەی ئاماژەیە کە هۆی پلەی گەرماوە، گۆڕانێکی گەورە لە سوڕی ئاودا دروستبووە و سەرچاوەکانی ئاوی شیرین کە لە هەمان کارلێککردنی فیزیا-کیمیایدا دروستدەبن، بەرەو ناوچە شێدارو ساردەکان کۆچ دەکەن. ئەم کۆچەی ئاویش زیاتر هەرێمەکانی نیوچە کەمەری زەوی دەگرێتەوە. لەبابەتی داهاتوودا باسی ئەم لایەنە دەکەم.

پاراستنی دارستانەکان و زیادکردنیان، گرەنتی ژیانی ئێمە و نەوەکانی داهاتوومانن.

خ.غ
 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan