خالد سلێمان

خالد سلێمان

مرۆڤی نیاندرتاڵ چی بەسەرهات، بەدەستی ئێمە فەوتا یان گۆڕانکاریی کەشوهەوا؟

جۆرەکانی مرۆڤ لەسەر زەوی، لە حەوت ملیۆن ساڵەوە تا ئەمڕۆو، زاڵبوونی ئەم جۆرەی مرۆڤ بەسەر زەویدا، کە ئێمەین و بەمرۆڤی ژیر ناسراوین، بەدەوران و گۆڕانی زۆردا تێپەڕیوون. زاناکانی بواری ئەنترۆپۆلۆژی (مرۆڤناسی)، هەروەها شوێنەوارناسی هێشتا لە هەوڵی ئەوەدان  زۆرتر بزانن و رووناکی زیاتریش بخەنە سەر رێچکەکانی پەرەسەندنی مرۆڤ. 

لەو سۆنگەیەشەوە کە نیاندرتاڵەکان نزیکترین جۆری مرۆڤن لە ئێمەو تەنانەت بەڕێژەی 1% تا 4% توخمیان لە ناو دانیشتوانی ئەوروپا و ئاسیادا جێهێشتووە، لەم رۆژانەدا زۆرترین توێژینەوەی زانستی لەسەر ئەوان دەکرێت، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی لەناکاوێکدا لەناوچوون و فەوتان؟ ئایا بەدەستی ئێمە کۆمەڵکوژ کران، گۆڕانکاری کەشەوهوا لەناوی بردن یان لەناو کۆمەڵگەی مرۆڤی ژیردا، کە بە هۆمۆ ساپیان ناسراوە، توانەوە؟ 
پێش وەڵامدانەی ئەو پرسیارانەی باشترە بزانین نیاندرتاڵەکان کێن و لە کوێ دەژیان و چۆن بوون؟ ئەگەر لەوەوە دەست پێبکەین کە چۆن بوون، توێژینەوە زانستییەکان گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە نزیتکترن جۆری مرۆڤ لە ئێمەوە نیاندرتاڵەکانن، سیما و سەریان لە ئێمە گەورەترو فراوانتر بووە.  ئەوان لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نزیک بە کوردستانیشەوە، دەژیان و مێژووی دەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ 400000 هەزار پێش ئێستا، رەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر جۆری هایدلبێرگ کە ئەوانیش لە جۆری مرۆڤی بەپێوە راوەستاو بوون. نیاندرتاڵەکان ژێرو ئازابوون و بەشێکی زۆری داهێنانەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوان، وەک دروستکردنی کەرەستەی راو، ژیانی بە کۆمەڵ و ماڵییکردنی ئاگر، خواردنی ڕووەک و  ئاگالێبوون لەژیانی یەکتری لەناو گروپێکدا. واش مەزەندە دەکرێت کە مردوویان ناشتبێت و چارەسەری برینداریان کردبێت، شوێنی هەر گروپێکی نیاندرتاڵەکان ئەشکەوت بوو، بۆ یەکەمجار، ساڵی 1856 لە نزیک شاری دۆسڵدۆرڤی ئەڵمانیا ئێسک وپروسکیان دۆزرایەوە.

ئەشکەوتی شانەدەریش لە کوردستان باشترین نموونەی کۆبوونەوەی گروپێکیانە کە تا ئەمڕۆ ئێسک و پروسکی 10 مرۆڤی نیاندرتاڵی تیا دۆزراوەتەوە کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ 50 تا 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا، لەناو ئەو 10 کەسەدا مناڵی هەشت ساڵان و ژن و خەڵکی بە تەمەن هەبوون. ئێسکی پروسکی ژنێک تیایاندا ئەوە دەردەخات کە لەدەرەوە بریندار بووەو خۆی گەیاندووەتە ئەشکەوتی شانەدەر و تا ئەو کاتەی مردووە، برینەکەی سارێژ بووە. 

تیمێکی توێژینەوەی ئارکیۆلۆژی لە زانکۆی دیوک لە باکوری کارۆلینا لە ئەمریکاو زانکۆی Witwatersrand لە باشووری ئەفریقیا، هەستا بە کۆکردنەوەی ئاماری 13 نیاندەرتاڵ و 233 هۆمۆ ساپیانی پێش مێژوو، هەروەها 83 مرۆڤی مۆدێرنی ئێمە. ئەوان لە ڕێگەی ئەو ئامارانەوە سەرنجیان خستە سەر پێوانە ستانداردەکانی کەلەسەر وەک کۆنتڕۆڵێک بۆ لێکۆڵینەوە لە قەبارەو شێوەی پێکهاتە سەرەکییەکانی دەموچاو. هەبوونی کۆنترۆڵی لەو شێوەیە ڕێگەی بە تیمەکەدا کە بە باشترین شێوە ئەوە دیاری بکەن ئایا ئەگەری ئەوە هەیە مرۆڤی ساپیان کە ڕەچەڵەکی ئێمەن، لەگەڵ نیاندەرتاڵەکان زاوزێیان کردبێت و تێکەڵ بووبن یان نا. 

هەروەها توێژەران جۆراوجۆرێتییە ژینگەییەکانیان بەکارهێناوە (وەک کەشوهەوا) کە پەیوەندییان بە گۆڕانکاری لە تایبەتمەندییەکانی سیمای مرۆڤدا هەیە، ئەوەش لە پێناو دیاریکردنی ئەگەری ئەوەی کە ئەو پەیوەندییانەی لەنێوان دانیشتووانی نیاندەرتاڵ و ئێمەدا دروستبوون، دەرەنجامی زاوزێ بن یان هۆکاری تری وەک کاریگەریی کەشوهەوا.

دەرەنجامی توێژینەوەکە ئەوە دەردەخات  کە تایبەتمەندییەکانی دەموچاو، کاریگەرییەکی بەهێزی کەشوهەوایان لەسەر نەبووە، ئەمەش ئەگەری کاریگەرییە جینییەکانی لەدەرەنجامی زاوزێدا زیاتر دەکات. هەروەها ئەوەش بۆ توێژەرەکان دەرەکەوتووە کە شێوەی دەموچاو گۆڕاوێکی بەسوودتر بووە بۆ بەدواداچوونی کاریگەرییەکانی زاوزێی نێوان نیاندەرتاڵەکان و مرۆڤی نوێ . 

بەگشتی نیاندەرتاڵەکان تەنها لە مرۆڤ گەورەتر بوون، بە تێپەڕبوونی کاتیش قەبارەی دەموچاوی مرۆڤەکان بچووکتر بووەوە، لەڕاستیدا هەندێک لە سیماکانی دەموچاو، بەڵگەی تێکەڵاوبوون و زاوزێی لەگەڵ نیاندەرتاڵەکاندا هێشتەوە.

نیاندرتاڵەکان کە باوداپیرانی ئێمەن، لەگەڵ ئەوەی لە ئەوروپاو ڕۆژهەڵانی نزیک و کوردستان دەژیان، بەڵام توخمیان لە ئاسیا زیاتر لە هەر  شوێنێکی تر بەجێهێشتووە، ئەمەش دەرخستەی ئەو راستییەیەکە نیاندەرتاڵەکان لەگەڵ مرۆڤی ژیر Homo Sapiens کە ئێستا بە مرۆڤی مۆدێرنن ناسراوان و باوداپیرانی ئێمەن، تێکەڵاوبوون و زیاتریش وا دەردەکەوێت کە پیاوی نیاندرتاڵ لەگەڵ ژنی Homo Sapiens  یەکیان گرتبێت و وەچەیان خستبێتەوە. ئەمەش دووای ئەوە ڕوویداوە کە مرۆڤی نوێ ئەفریقای بەجێهێشتووەو گەیشتووەتە ئەوروپا و باکووری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی نزیک، یانی پێش ئەوەی لە ئاسیادا بڵاو ببنەوە.
نیاندرتاڵەکان بۆ لە ناوچوون؟

زاناکان هۆکاری یەکەم دەگەڕێننەوە بۆ کاریگەریی کەشەوهەوا لە دوا چاخی بەستەڵەکدا کە گۆڕانەکان تیایدا خێرابوون، لە گەرماوە گۆرڕاوە بۆ سەرمایەکی چڕ، هەروەها بەپێچەوانەوە. ئەمەش پاڵەپەستۆیەکی زۆری لەسەر سەرچاوەکانی خۆراکی ئەوان دروست کردووە، وەک ڕووەک و گیانەوەرەکان. ئیتر مرۆڤی نیاندرتاڵ ناچار بووە بەزووی خۆی لەگەڵ کەشدا بگونجێنێت و زۆرجار بەرگەی نەگرتووە. 

هۆکاری دووەم، بەگوێرەی توێژینەوەکان کەمیی ژمارەیان بووە کە دەیان هەزاریان تێنەپەڕاندووە. گروپەکانیان لە 15 کەس زیاتر نەبووە، ئەمەش وایکردووە لە ڕووی وەچە خستنەوەو بەردەوامبوونەوە کەمیان کردبێت، لە کاتێکدا ژمارەی مرۆڤی نوێ زۆرتر بووەو هەر گروپێکیان خۆی داوە لە 150 كەس. 

هۆکاری سێیەم، ململانێیەکی قورس بووە لەگەڵ گیانەوە دڕەندەکاندا، بەتایبەتی مرۆڤی نوێ کە پێش زیاتر لە 60 هەزار ساڵ لە ئەفریقیاوە دەرکەوتن، زۆربوون و ئامرازو کەرەستەی پێشکەوتوویان هەبووەو زیاتر زاڵ بوون بەسەر سروشتدا. 

* تێبینی: ئەم بابەتە بەشێکە لە گەڕانم بەدوای کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا لەسەر جۆرەکانی مرۆڤی لە پێش مێژووی نووسراودا.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan