خالد سلێمان

خالد سلێمان

گەرما چی کاریگەرییەک لەسەر باڵندەکان بەجێدەهێڵێت؟

بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەشی وشک، کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر پەیوەندیی نێوان باڵندەکان بەجێدەهێڵن. لە زۆر شوێندا گەرما دەبێتە هۆی داپچڕانی نێر و مێینەکان لەیەکتری و نۆرمی جووتبوونیان دەگۆڕێت. ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانێکی تەواو لە سیستمی جوتبوون و هێلکەدانان و خۆراکدا.

زۆربەی باڵندەکان پشت بە سیستمی دەنگ و جریوە یان خوێندن دەبەستن بۆ پەیوەندیکردن و جووتبوون. لە شوێنە شێدار و فێنکەکاندا پەیوەندییەکە زوو دروست دەبێت، چونکە جریوەکان زوو بەناو بۆشاییدا گوزەر دەکەن و دەگەنە لای باڵندەی بەرانبەر، هەروەها لە ناو دارستانەکاندا، بەڵام لە دەشت و شوێنە وشکەکاندا، باڵندەکان تووشی گرفتی زۆر دەبنەوە، چونکە لە کەشی گەرم و وشکدا دەنگ زۆر ناڕوات و ناگاتە باڵندەی بەرانبەر.

بەیانیان دوای هەڵهاتنی هەتاو باشترین کاتە بۆ جریواندن و جووتبوونی باڵندەکان، بەڵام لە هەرێمە وشکەکاندا، لەگەڵ هەڵهاتنی هەتاودا گەرما دەسپپێدەکات و ئیتر رووبەری لەرینەوەی دەنگ کەمتر دەبێتەوە. لێرە باڵندەکان تەنها دوو رێگەیان لەبەردەمدایە بۆ پەیوەندی کردن:

یەکەم رێگە ئەوەیە کە کۆششێکی زۆر بکەن و دەنگی خۆیان بەرزبکەنەوە تا بگاتە بەرانبەر. ئەمەش لە کەشێکی گەرمدا دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی وزەیەکی زۆر و باڵندەکان دەپڕوکێنێت، بەتایبەتیش کە خۆراک و ئاو کەم دەبن. 

دووەم رێگە ئەوەیە کە سبەنیان زۆر زوو لە خەو هەستن و بجریوێنن، چونکە هێشتا کەش فێنکە و رێژەی شێ یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی دەنگ بە باشی بگات. ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە سیستمی ژیان و پەیداکردنی خۆراکدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دۆزینەوەی خۆراک لە تاریکیدا ئاسان نییە: نە دانەوێڵە بە باشی دەبینرێت، نە مێرووەکانیش بەردەستن.

زۆر جۆری باڵندە لەبەر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کە کاریگەری لەسەر ژیان و جووتبوون و پەیوەندیکردن و سیستی خۆراکیان بەجێدەهێڵن، شوێنی خۆیان بەجێدەهێڵن و بەرەو شوێنی تر رەو دەکەن، ئەمەش ژیانیان دەخاتە بەردەم مەترسییەوە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan