خالد سلێمان

خالد سلێمان

بڕینەوەی 40 ساڵ لە تەمەنی ژینگەی سلێمانی

بەگوێرەی یەکێک لە خاوەن باخەکانی بناری گۆیژە کە قسەی بۆ سایتی درەو کردووە، تەمەنی ژمارەیەک لەو دارانەی لەناو بران و لە رەگەوە دەرهێنراون دەگەڕێتەوە بۆ 40 ساڵ لەمەوبەر. ئەگەر بمانەوێت هەر قسەیەک لەسەر زیانی رووتاندنەوەی بناری گۆیژە بکەین و کاریگەرییان لەسەر ژینگە و تەندروستیی دانیشتوان و پتەوی و توندتۆڵیی خاک، دەکرێ لە چیرۆکی ئەم دارانەوە دەست پێبکەین و هەر شتێک لە دەرەوەی ئەمەوە بووترێت، هیچ بەهایەکی زانستی نییە.

بەقسەیەکی روون و ئاشکرا، دارەکان بەرهەمهێنی هایدرۆکابۆنن وەک سوتەمەنی بۆ گەشەسەندن، هەر دارێکیش لە سوڕی ژیانیدا، توانای هەیە نزیکەی 22 تەن لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە قەد، چڵ، تۆڕی ڕەگ و ریشەیدا هەڵبگرێت. کاتێکیش دارەکە لەناو دەبرێت یان بەکتیریا و قارچکەکان کۆتایی بەژیانی دەهێنن، بڕی هاوقەبارە لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەخاتە کەشەوە، واتە 22 تەن گازی گەرمکەرەوە. لێرەوە تێدەگەین کە دارستانەکان رۆڵێکی گەورە و بنەڕەتی لە تەسفییەکردن و عەمبارکردنی پێکهاتەکانی هەوادا دەگێڕن. دەتوانین بڵێین ئەو بڕە گازەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کە دوای مردنی دارەکان دەچنە کەشەوە تا هەتا هەتایە لە سیستمی ژینگەییدا دەمێننەوە. 

بەپشت بەستن بەم رۆڵە بنەڕەتییە، ئەو دارە نوێیان لەسەر لاشەی پیرە دارە لەناوبراوەکان سەوز دەبن، توانای عەمبارکردنی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان نییە، ئەمە جگە لەوەی توانای ئەوەشیان نیە جۆرەکان (زیندەوەرەکان) بگرنە خۆیان کە پێشتر لەوێدا ژیاون، چونکە لاوان و بەرگەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ناگرن. ئەمەش توانای سیستمە ژینگەییەکە لە دابەزاندنی گەرما کەم دەکاتەوە، چونکە کاریگەریی داراستان گرێدراوە بە سیستمێکی ژینگەیی داهێنەر و هەمەجۆرە لە پاراستنی هەمە-چەشنی و سووڕی ئاوو و بەکتیریا و وردیلەکان. کاتێکیش پۆشاکە رووەکییەکەی زەوی لەناودەبرێت، سیستمێکی ژینگەیی تەواو لەناو دەبرێت. بەگوێرەی سندوقی جیهانی بۆ ژیانی کێویانە، 80 لەسەدی جۆرەکان لە جیهاندا لە دارستانەکدا دەژین، مەرگی دارەکان و لەناوبردنی دارستانەکانیش بەشێوەیەک بەرفراوان، نەک تەنها سیستمی ئایکۆلۆژی دەخاتە ژێر مەترسییەوە، بەڵکۆ کاریگەرییەکی راستەخۆی لەسەر ژیانی مرۆڤ و تەندروستیی گشتی دەبێت. 

لێرەوە پرسیارێک ئاراستەی پرۆژەی نیشتەجێبوونی شاری ئارام دەکەم، ئێوە کە 40 ساڵ لە تەمەنی سیستمێکی ژینگەیی کەمدەکەوە، بیرتان لەوە کردوەتەوە کە 40 ساڵ لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی زیاتر دەخەنە ناو ژیانی ئێمەوە، بیرتان لەوە کردووەتەوە کە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە بەکتیریا و سیستمی وردیلەکان Microorganism لەناودەبەن، بیرتان لەوە کردووەتەوە کە 40 ساڵ لە ئۆکسجین لە سییەکانی ئێمە دەبڕن، بیرتان لەوە کردووتەوە کە تەندروستیی گشتی دەخەنە ژێر مەترسییەوە؟ 

ئێوە دەڵێن لە بری هەر دارێک پەنجا نەما دەچێنن، بەڵام نازانن ئەو سیستمە ژینگەییەی لەناوتان برد، بە 100 ساڵی تریش دروست نابێتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا لە کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی کەش و هەوا تێنەگەیشتوون؛ ئەوەی لە نیوسەدەی رابوردوودا سەوز بوو، رەگوڕیشەی لە خاکدا داکووتا، لەداهاتوودا مەحاڵە. مەسەلەکەش بەبێ ئاڵۆزاندن و تیۆریزەکردن، لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەو سیستمە ژینگەییەی لە رابوردوودا دروست بووەو ئێستا لەناودەبرێت لە زمانی زانستی و ژینگەییدا پێی دەووترێت Irreparable، واتە چاکنابێتەوە.

بەڕێزان، ئێوە نازانن کە پرۆژە ئابوورییەکەی ئێوە، ئەوەندی وزەی پێویستە و ئەوەندە گازی گەرمکەرەوە دەخاتە کەشەوە، سروشت نەبێت هیچ هێزێکی تر نییە لوشی بدات و لەهەناوی خۆیدا حەشاری بدات، بەڵام ئێوە ئەو سروشتەشتان لەناوبرد! ئەو نەمامە تازانەی باسیان دەیانکەنە و دەیکەنە دیاریی بۆ ئێمە، تەنها لە قسەکانی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ دەچن و هیچی؛ کە لە دنیای پارەوە تەماشای سروشت و ژینگەی دەکرد.

ک. ر.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan