نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

لێکەوتەکانی خۆڵبارین لەسەر ئابووری

خۆڵبارین، ئەو مۆتەکە رەنگنارنجییە سروشتییە مەترسیدارەیە، کە ئەگەرچی هەندێک سوودیشی هەیە، بەڵام زیانەکانی زۆر زیاترە.
لێکەوتەکانی لەسەر ئابووری و ئاسایشی خۆراک، بەتایبەتی لەسەر کشتوکاڵ و لە کشتوکاڵیش بەروبوومی دانەوێڵە، نەرێنییە و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەروبوومی دانەوێڵە. بەهۆی داپۆشینی چەکەرەکانەوە، زیان بە شانە رووەکییەکان دەگەیەنێت و رێگر دەبێت لە رۆشنەکردار و لاوازی دەکات تا رادەی کەمبوونەوەی بەروبووم و تەنانەت نەمانیش. لە لایەکی ترەوە، کاریگەریی هەیە لەسەر کەناڵەکانی ئاودێری، بەهۆی نیشتنی خۆڵ و تێکدانی کوالێتیی ئاوی رووبار و جۆگەکان.
 بەهۆی باهۆزی خۆڵبارین و بڵاوبوونەوە و گواستنەوەی مێرووە زیانبەخشەکان، خاک تووشی دیاردەی راماڵین و رۆچوون و رووتانەوە دەبێت. هەروەها دەبێتە هۆی پڕکردنەوەی شوێنی تر و رووتەڵی دەکات. 

ئەو رووەکە بیابانییانەی کە هەن، دادەپۆشرێن و شوێنەکە زیاتر بەرەو بیابانبوون دەڕوات و جارێکی دەبێتەوە هۆی زیادبوونی خۆڵبارین و نەمانی لەوەڕگاکان و کەمبوونەوەی خۆراکی ئاژەڵەکان، بۆ نموونە؛ لە سەدا هەشتای زەوی ئوردن لەوەڕگایە و بژێوی زۆرینەی دانیشتوانی بیابانەکان لەسەر بەخێوکردنی ئاژەڵ و مەڕوماڵاتە. سەرەڕای ئەم کاریگەرییە نەرێنییانە لەسەر ئاسایشی خۆراک، کاریگەریی خراپیشی هەیە بۆ سەر بودجەی دەوڵەت و خێزان و تاکیش، وەک: 
- زیاردبوونی تێچووی چارەسەری تاک و نەخۆشخانەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی نەخۆشی، بەتایبەتی نەخۆشیی تەنگەنەفەسی و هەستیاری.

- بەکارهێنانی مادە پاککەرەوەکان بە رێژەیەکی زۆر زیاتر، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر دەرامەتی ماڵ هەیە. لە لایەکی ترەوە، بەکارهێنانی ئەو مادە پاککەرەوانە بەو رێژە زۆرە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژینگە هەیە.
- رۆژانی خۆڵبارین، هەم لە رووی دەروونییەوە، هەم لە رووی تەندروستییەوە کرێکار و کارکەران بەگشتی کەمتر دەچنە سەر کار، ئەمەش دەرامەتی خێزان شلۆق دەکات، ئەمە جگە لەوەی پرۆژەکانیش دوادەخات.
- شەقام و شوێنە گشتییەکان پێویستیان بە پاککردنەوە دەبێت، کە ئەمەش تێچووی خۆی هەیە و لە بودجەدا گوژمەی بۆ تەرخان نەکراوە.
- دواخستنی گەشتە ئاسمانییەکان و زیانگەیاندن بەو کەرتە، بەهۆی ئەوەی مەودای بینین کەمە. لە لایەکی ترەوە، زیان دەگەیەنێت بە ئامێرەکانی فڕینی فڕۆکە و لە ساڵێکدا هەزاران گەشت لە وڵاتان دوادەخرێن.

- داپۆشینی رووکاری ئامێری کەهرۆڕووناکییەکان لەو شوێنانەی کە ئەو جۆرە ئامێرانە بەکار دەهێرێن، وەک: سەرچاوەی وزە، کە دەبێت ئەو رووکارانە پاک بن بۆ ئەوەی لە خۆرەوە وزە وەربگرن، بۆیە ئەو کۆمپانیایانە دەبێت بەپەلە و بەردەوام خەریکی پاککردنەوەیان بن و بەو هۆیەوە بودجەی زیاتریان پێویستە و بە ملیۆنان دۆلار زیانیان لێ دەکەوێت.

بەپێی راپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی، زیانی مادی بەهۆی خۆڵبارینەوە لە جیهاندا، ساڵانە نزیکەی (3.6) ترلیۆن دۆلار زیاترە لە بودجەی خەمڵێنراو. زیانەکانیش لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ساڵانە نزیکەی 150 ملیار دۆلارە، واتا؛ بە رێژەی نزیکەی (2.5%) زیاتر لە کۆی گشتیی بودجەی ساڵانەی: پاکستان، میسر، ئێران، سعودیە و عیراقیش لە هەموویان زیاترە.

خ. غ.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan